کوردستانی

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ هەینی 30ی نیسانی 2021 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەڕانكینگ و پۆلێنبەندی ئاستی فێربوون روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "چەند میدیایەك سەبارەت بە ڕیزبەندی یان پۆلێنبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان و عیراق بێ ئەوەی پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێكراو ببەستن، راپۆرتی هەڵەیان بڵاوكردۆتەوە. بۆ بەرچاوڕوونی گشتی بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەدا بابەتەكە روونبكەینەوە:

یەكەم: ئایا كوردستان پێشتر لە كوێی ئەو ریزبەندەدا بووە تا ئێستا كرابێتەدەرەوە؟ بفەرموون ڕیزبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستانمان لە ساڵانی پێشوو نیشانبدەن. تا بزانین پەروەردەی هەرێم لە چ ساڵێكدا و لە چ ڕانكێك و  لە چ ئاستێكدا بووە، تا ئێستا دەركرابێت؟ هەر بۆ زانیاری گشتی ئەم بابەت تەنها پڕكردنەوەی كاتی هەندێک لە میدیاكانە وە لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.

دووەم: سەبارەت بە ڕانكینگی داڤۆس وەك لە میدیاكاندا ناوی هاتووە، عێراق بە هیچ شێوەیەك بەشداری ئەو ڕانكیگەی نەكردوە. هەر وڵاتێك بیەوێت بەشداری لەم ڕانكینگەدا بكات دەبێت سەرەتا زانیاری ورد دەربارەی خوێندن لە وڵاتەكەیدا بدات و تێچووی بەشداریش لە رانكینگەكە بدات، كە عێراق بەویستی خۆی بەشداری نەكردوە، سەرەڕای هەموو ئەوانە بۆ خوێندنی ساڵی 2020 - 2021 رانكینگی داڤۆس هەر نەكراوە. 

سێیەم: دوا بە دوای ئەم بابەتە ئێمە وەك پلاندانی وەزارەتی پەروەردە پەیوەندیمان بە چەندین ڕێکخراوی نیودەوڵەتی وەك یونسێف و یونسکۆوە کرد، ئەو ڕێكخراوانە پێیان ڕاگەیاندین کە لە دوای ساڵی 2019وە هیچ هەڵسەنگاندنێکی جیهانی پەروەردەیی باوەڕپێکراو بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیەکانییەوە نەكراوە.

چوارەم: لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پۆلێنکردنە  لەلایەن کۆربەندی ئابووری جیهانییەوە كراوە،  بە پشت بەستن بە چەندین  داتا و ئاماری ڕێکخراوەکانی  دیکە، بۆ نمونە داتای ڕووپێوى هێشوویى فرە نیشاندەر MICS هەڵسەنگاندنی فێربوون وەك (TIMSS, PIRLS, PISA SACMAQ, ASER,EGRA) هەروەها چەندین سەرچاوەی دیکە، هەرێمی کوردستان بەشداری هیچ کام لە هەڵسەنگاندنانەی نەکردووە، هەروەها هیچ کاتێکیش داتاکانمان بۆ ئەم کۆربەندانە نەناردووە  و هەرێمی کوردستان وەك هەرێمێک  نەیتوانییوە بەشداری ئەم جۆرە پۆلێن کردنانە بکات، چونکە ئەم جۆرە پۆلێنانە تەنها بۆ دەوڵەتانە.

پێنجەم: وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵیداوە کە بچێتە  ناو ڕیزبەندی ئەم پۆلێنكردنانە، بەڵام ڕێکخراوەکان پێیان ڕاگەیاندووین، کە ئەوان تەنها دەتوانن داتای عێراق وەربگرن و پۆلێنی بکەن، نەك هەرێمێك لە نێو وڵاتێكدا ، لە دواین پەیوەندیمان بۆ پەیمانگای ئاماری یونسکۆ  لەبەرواری 23/3/2021 کە داوامان لێکردوون کارمان لەگەڵ بکەن و ناومان بچێتە نێو رانکینگی ئەوان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (ئامانجی چوارەم کە تایبەتە بە پەروەردە) دیاری بکەن، بەڵام  رایانگەیاند داتا بەجیا لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگا وەرناگرن و تەنها دەتوانن داتاکانی عیراق وەك وڵاتێك لە پۆلێنەکانی خۆیاندا تۆماربكەن.

شەشەم: سیستەمی پەروەردەی  هەرێمی کوردستان کە (k-12)یە، زۆر جیاوازە لەگەل سیستەمی خوێندنی عێراق، کە سیستەمی ( 6-3-3)  تەنانەت، جیاوازیشە لەڕووی پرۆگرامەکانی خوێندنیشەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی چەندین رێکخراوی جیهانی، بۆ نمونە ڕاپۆرتی یونسێف كە بە  ناونیشانی ( cost for education) ڕاگەێنرا، ئەوە ئاشكراكراوە كە  لە ڕووی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان باشترە بە بەرواوورد لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەراست و خوارووی عێراق، هەروەها ئەگەر سەیری دواین داتای ڕووپێوی فرە نیشاندەر بکەین کە چەندین بوار لە خۆ دەگرێت، یەك لەوانە پەروەردەیە، هەرێمی کوردستان لە چەندین بوار لە پێشەوەی پارێزگاكانی دیكەی عیراقە.

حەوتەم: ڕێكخراوی یونسێف هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی، بە هۆی كۆكردنەوەی زانیاری و چۆنیەتی  و كوالیتی فێربوون لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كردوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكەی ڕانەگەیەنراوە. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەنجامەکانی بەراورد کردووە بە چەندین وڵاتی دیکە، راستە هەرێمی کوردستان  لە دواوەی چەندین وڵاتی پێشکەوتووەوەیە بەڵام لە پێشەوەی  چەندین  وڵاتی دیكەشە. 

هەشتەم : ئەمرۆ دوای ناردنی ئیمەیڵ بۆ کۆربەندی ئابوری جیهان (داڤۆس)، کۆربەندی ناوبراو بەرێز (Oliver Jabbour)ی دەستنیشان کرد بۆ مەبەستی روونکردنەوە سەبارەت بەم بابەتە، بۆیە بەڕێز ئۆلیڤەر لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە لە وەتس ئاپ بە ئێمەی ڕاگەیاند کە ئەم زانیارییە بە شێوەی راپۆرت لە سالێ 2019 لە ژێر ناونیشانی (The global competitiveness report) دەرچووە، لەبەر ئەوەی لە عیراق داتای تەواو نەبووە بۆیە نەمانتوانیوە عیراق بخەینە نێو ئەم ڕاپۆرتە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوو عیراق داتا بەردەست بخات ئەوا کاری لەسەر دەکەن .

ئەوەش هاتووە "لەکۆتایدا جەختدەکەینەوە كە ئێمە لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بەدەستبهێنین وەک هەرێمی کوردستان بەشداربین لە ڕیزبەندی پەروەردەیی جیهانی، لەماوەی 29 ساڵی رابردوو هیچ کات پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەو ڕیزبەندیانەدا نەبووە. هاوتەریب بەو هەوڵەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عیراقی فیدرالیش لە هەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت لە تاقیکردنەوە جیهانیەکان، بەتایبەتی لە بابەتی زانستەکان و بیرکاری کە بۆ قۆناغی چوارەم و هەشتەمی بنەڕەتی سازدەكرێن".

باس لەوەشکراوە "بواری پەروەردە و فێربوون لەهەموو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا روبەرووی ئالێنگاری بۆتەوە واباشترە ئەو جۆرە لە میدیا خوێندنەوەی هەبێت بۆ ئەو دیاردە جیهانیە کە لە ئێستادا هیچ کەرت و کایەیەکی کۆمەڵگاکان وەک سەردەمی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan