کوردستانی

مەودا میدیا جۆر و بڕی ئەو چەکانە ئاشکرا دەکات کە بۆ پێشمەرگە نێردراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەودا میدیا جۆر و بڕی ئەو چەکانە ئاشکرا دەکات کە بۆ پێشمەرگە نێردراوە
مەودا میدیا-

مەودا میدیا بەدواداچوون بۆ بڕ و جۆری ئەو چەکانە دەکات کە هاوپەیمانان بە پێشمەرگەیان داوە، دەردەکەوێت تەنها لە مانگێکدا ئەڵمانیا سەدان هەزار پارچە چەکی بۆ پێشمەرگە ناردووە و لە ناویشیاندا جۆری زۆر پێشکەوتووی چەک بەدیدەکرێت.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو داعش جارێکی تر هێرشی بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و زیانی مادی و گیانی بەر پێشمەرگە کەوت و دواتر هێرشەکەی داعش تێکشکێنرا، قسە و لێدوانی جیاواز لەبارەی هێرشەکانەوە کرا.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کابینەی پێشووتردا وەزیری پێشمەرگە بوو، رایگەیاند کە ئەو چەکەی بەدەستی داعشەوەیە لە چەکەکانی دەستی پێشمەرگە باشترە.

ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی دژی داعشەوە، چەندین وڵاتی وەکو؛ ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تر چەکیان بۆ پێشمەرگە ناردووە و چەکەکانیش لە جۆرە پێشکەوتووە سەردەمییەکان بوون.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئەڵمانیا بڵاوکراونەتەوە، تەنها لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 حکومەتی ئەڵمانیا دوو کاروانی چەکی رەوانەی هەرێم کردووە و کاروانەکانیش لە سەرەتای مانگی نۆی هەمان ساڵدا گەیشتوونەتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە.

ماڵپەڕەکە وردەکاری زیاتری بڵاوکردووەتەوە، بەشێوەیەک کە لە کاروانی یەکەمدا؛ چوار هەزار چەکی جۆری G3، ملیۆنێک فیشەک، 20 دۆشکەی رەشاشی MG3، 50 هەزار رەشاش، چوار هەزار دەمانچە، 20 پێگەی مووشەکی دژە تانک، 300 مووشەک و هەزار و 250 تەلقە. 

هەرچی لە کاروانی دووهەمە، پێکهاتووە لە؛ 40 پارچە چەکی دۆشکەی MG3، هەشت هەزار پارچە چەکی G36، هەشت هەزار دەمانچەی جۆری P1، 30 پارچە چەکی میلان، 500 مووشەک، 200 پارچە چەکی جۆری پاتریۆتی سێ و 40 پێگەی مانەوەی گەڕۆکی گولەنەبڕ.

هەموو ئەمانە تەنها لە ماوەی مانگێکدا و تەنها لە یەکێک لە وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتی دژی داعشەوە رەوانەی هەرێم کراون.

بەستەری سەرچاوەی زانیارییەکان بە زمانی ئەڵمانی:

https://augengeradeaus.net/2014/08/deutsche-unterstuetzung-fuer-kurdische-milizen-waffen-fuer-vier-grossverbaende/comment-page-1/

https://augengeradeaus.net/2014/08/waffen-fuer-kurdistan-die-liste/comment-page-1/

https://meta.tagesschau.de/id/89125/deutschlandtrend-mehrheit-gegen-waffenlieferungen-an-kurden


وێنەی چەند جۆرێک لەو چەکانەی کە بۆ پێشمەرگە نێردراون

وەرگێڕان: دیار هەورامی
Qaiwan
Qaiwan