چاوپێكەوتن

ئەختەر نەجمەدین، خانمێکی کورد لە بەرەی زانست و خەباتی دژە شێرپەنجەدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەختەر نەجمەدین، خانمێکی کورد لە بەرەی زانست و خەباتی دژە شێرپەنجەدا
مەودا میدیا-

خاتوو ئەختەر، ئەو خاتوونەی کە وەک سەربازی ون، بەردەوام و بێ ماندووبوون لە هەوڵدایە بۆ بەرەوپێشبردنی بواری تەندروستی و زانستیی گەلەکەی بەگشتی و شارەکەی بەتایبەتی.

بەردەوام جەختم لەوە کردووەتەوە؛ ئەگەر بێتو خانمان بایەخی زیاتریان پێ بدرێت و لە سەرجەم بوارەکاندا، لەپێشیانەوە بواری خوێندن و زانست، پەرە بە خۆیان بدەن؛ ئەوا دەتوانن نەک هاوشانی پیاوان، بەڵکو باشتریش خزمەتی کۆمەڵگەکەیان بکەن. بۆ سەلماندنی ئەمەش، خاتوو ئەختەر نموونەیەکی زیندوو و دیارە.

 
دەستمان بە گفتوگۆ کرد و وەک نەریتی چاوپێکەوتنەکانمان، سەرەتا بە خۆناساندن و باسی قۆناغەکانی خوێندن دەستمان پێکرد...


ناوم ئەختەر نەجمەدین شەمسەدینە، لە ساڵی 1941 لە گوندی جافەرانی ناوچەی قەرەداغ لەدایکبووم، بەهۆی ئەوەی باوکم بەڕێوەبەری خوێندنگەی گوندەکە بوو.
کاتێک تەمەنم سێ ساڵ و نیو بووە، هاتووینەتە سلێمانی، هەموو قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیم لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
دوای تەواوکردنی پۆلی سێی ناوەندی، لەو کاتەدا بەشی زانستی بۆ کچان لە سلێمانی نەبوو، تەنها بەشی وێژەیی هەبوو، لەسەر داوای ئێمە کە نۆ خوێندکار بووین، ئەو بەشەیان کردەوە، لەو نۆ خوێندکارە پێنجمان چووینە زانکۆ.
لە ساڵی 1958 چوومە زانکۆی بەغدا و لە کۆلێژی پەروەردە - بەشی فیزیا دەستم بە خوێندن کرد، ئەو ساڵە بوو کە زانکۆی بەغدا دروستبوو، چونکە پێشتر کۆلێژ کۆلێژ بوو.
لەو ساڵەدا، لە قۆناغی یەک بەشی فیزیا، تەنها (پێنج کچ و 17 کوڕ) بووین لە سەرتاسەری عیراق، لە ناویاندا من و کوڕێک لە سلێمانییەوە چووبووین، هەروەها سێ کوڕی تری کوردی لێبوو، واتا پێنج خوێندکاری کورد بووین.


کەی خوێندنت تەواوکرد؟ دوای ئەوە چیتکرد؟
لە حوزەیرانی 1962 کۆلێژم تەواوکرد، لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا لە خوێندنگەی ناوەندیی کچانی سلێمانی و ئامادەیی کچانی سلێمانی و ناوەندیی ئێوارانی کچانی سلێمانی وانەی ماتماتیک و فیزیکم دەوتەوە. چوار ساڵ بەم شێوەیە مامەوە تاوەکو دوو مامۆستای فیزیا لە کچانی شارەکە پێگەیشتن و دەستبەکاربوون. من لە دواناوەندی (ئامادەیی) سلێمانیی کچان جێگیربووم و هەروەها توانیم هەندێک هاوکاریی خوێندنگەی هونەری ناوماڵیش (الفنون المنزلیە) بکەم بە وتنەوەی وانەی زانست بۆ ماوەی ساڵێک. 

کێ هاندەرت بوو بۆ تەواوکردنی خوێندن کە تۆ لە خێزانێکی ئاییندۆست بوویت و سەردەمەکەش وایدەخواست کچان زوو خوێندن تەواوبکەن و ببنە مامۆستای سەرەتایی و پەرە بە خوێندنەکەیان نەدەن بۆ ئاستی باڵاتر؟
 دایکم زۆر هانی دەداین، چونکە خۆی بێبەش بووبوو لە خوێندن کە لە منداڵیدا زۆر ئارەزووی بووە بخوێنێ، بەڵام ئەو سەردەمە کەمتر رێگەیان بە کچ دەدا بچنە بەر خوێندن. هەروەها باوکیشم زۆر پشتیوان بوو، هەندێ هاوڕێی باوکم هەبوون دەیانووت "بۆ زانکۆ دەخوێنێ بۆچیەتی؟" باوکیشم لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی ئایینیی بوو، بەڵام زۆر کراوە بوو، لە وەڵامدا پێی وتبوون "ئەی کوڕەکانی ئێوە بۆچییانە!؟" باوکم هەوڵی دابوو دایکیشم فێری خوێندەواری بکات، بەڵام سەرقاڵبوون بە ماڵ و منداڵ رێگر بووە.
 
کەی و چۆن چوویتە فەرەنسا بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و بەدەستهێنانی پسپۆڕی؟
هەمیشە خولیای تەواوکردنی خوێندنم هەبوو، چەند جارێک هەوڵم دەدا کە وەرگیرێم بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆی بەغدا بێت یان لە دەرەوەی وڵات، دواجار ژمارەیەکی زۆر لە خوازیارانی خوێندن داواکران بۆ خوێندن و راهێنان لە چەند وڵاتێک، وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، بەمەبەستی کارکردن لە ناوەندی توێژینەوەی ناوەکیی عیراقی، منیش یەکێک بووم لە وەرگیراوان بۆ وڵاتی فەرەنسا، کە خواستی خۆم نەبوو، لەبەر کێشەی زمان. ئەو کاتە داوای بەعسیبوونیان نەدەکرد، بەڵام وادیارە دواتر بووبێت بە مەرجێک لە مەرجەکانی وەرگرتن بۆ دەستکەوتنی هەلی خوێندن.
لە کانوونی یەکەمی 1976، رێی فەرەنسام گرتەبەر و دەستمکرد بە خوێندنی زمان بە کۆرسێکی شەش مانگیی چڕوپڕ لە پەیمانگەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی فەرەنسی لە شاری ڤیشی. پاشان چووم بۆ شاری تولوز بۆ خوێندن لە زانکۆی پۆل ساباتێ و تاقیگەی سەنتەری فیزیایی ئەتۆمیی تۆلۆز. لەوێ بڕوانامەی مێتریز و ماجستێر و دکتۆرام بەدەستهێنا لە فیزیای پزیشکی تیشکدا.
هەموو کاتەکانم بە خوێندن دەبردەسەر، زۆربەی کات 3ی شەو دەنووستم و 6ی بەیانی هەڵدەستام، چرکەم بەبێ کار لەدەست نەدەدا. لە 9ی ئازاری 1981 خوێندنم تەواوکرد و لە 22ی ئایاری 1981 گەڕامەوە بۆ عیراق.
 
کە گەڕایتەوە لە کوێ دەستبەکاربوویت؟
بەهۆی ئەوەی بۆ خوێندنەکەم نێردراوی عیراق بووم بۆ ناوەندی توێژینەوەی ناوەکی، دەبوو لە سەنتەری توێژینەوەی ناوەکیی کار بکەم و لە بەشی فیزیکی ناوەکیی دانرام. لەو کاتانەدا هەوڵی بێسوودم دەدا بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی و لە زانکۆی سلێمانی وانە بڵێمەوە، ئیتر کە زانیم سەر ناگرێت، هەوڵمدا بەشەکە بگۆڕم و چوومە بەشی فیزیای پزیشکیی لقی چاودێریی ژینگە و لێکۆڵینەوەی پیسبوونی هەوا بە مادە تیشکبەرەکانم گرتە دەست تاوەکو ساڵی 1991.

لە بەغدا لە کوێ دەژیایت، مەبەستم ئەوەیە لە کوێ نیشتەجێبوویت؟
 یەکەم جار لەگەڵ ماڵی خوشکەزاکەم کە ماڵیان لە بەغدا بوو دەژیام، ساڵێک لەوێ مامەوە. پاشان لە کۆمەڵگەی عەشتار ستۆدیۆیەکم وەرگرت. ئەم کۆمەڵگەیە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە دروستکرابوو بۆ نیشتەجێبوونی خۆیان لە کاتی کارکردنیان لە توێسە (شوێنی پیل و تاقیگە ناوەکییەکان)، کە لە مانگی حوزەیرانی 1981 ئیسرائیل بۆردوومانی پیلە ناوەکییە فەرەنسییەکەی کرد پێش ئەوەی بخرێتە کار، فەرەنسییەکان چۆڵیان کردبوو و گەڕانەوە بۆ فەرەنسا. شوێنەکانیان بەتاڵ مابووەوە و کەسانی وەک ئێمە کە ماڵمان لە بەغدا نەبوو، لەوێ نیشتەجێ کراین. لەوێ مامەوە تا ساڵی 1987 کە توانیم لەناو بەغدا لە ناوچەی ساڵحیە شوقەیەکی گونجاوم بەكرێ دەستبکەوێ و تێیدا مامەوە تا 1991.
 
ئەو کاتەی ناوچەی توێسە بۆمبباران کرا لە 17ی کانوونی دووەمی 1991ئێوە لەوێ بوون؟
نەخێر، تەنها ئێشکگرەکان لەوێ بوون، چونکە شەو بوو. من لە ماڵی هاوڕێیەکم بووم لە گەڕەکی غەزالیە، بە نیازی ئەوەی بەیانیی زوو دەرچم بەرەو سلێمانی، بەڵام کە رۆژ بووەوە و کەوتینە خۆکۆکردنەوە، لەگەڵ هاوڕێکەم لە ماڵ دەرچووین نەماندەزانی بەرەو کوێ بڕۆین کە مەترسیی کەمتر بێت. هەموو خەڵکەکە چاوەڕوانی گەڕانەوەی فڕۆکەکان بوون. لەگەڵ خەڵکەکە کەوتینە ناو قافڵەی ئۆتۆمبێلەوە کە هەمووی بەیەک ئاراستە دەڕۆیشتن هەتا خۆمان لەسەر رێگەی حللە بینییەوە. لێرەدا بڕیارماندا بەرەو نەجەف بڕۆین بۆ ماڵی باوکی هاوڕێکەم، هەفتەیەک لایان مامەوە هەتا دوو کەسیان بۆ دۆزیمەوە کە دەیانویست بڕۆن بۆ دەلتا، لەگەڵ خۆم بردمن بۆ بەغدا و لەوێوە بۆ دەلتا، کە ئەوانم دابەزان بەتەنها خۆم رۆیشتم تا کەلار. ئەو شەوە لەوێ لە ماڵی خزمێک مامەوە، بەیانی بەنزینیان بۆ پەیداکردم و دەرچووم بەرەو سلێمانی و بە شارە خۆشەویستەکەم و کەسوکار و هاوڕێیان شادبوومەوە، کە لە رۆژی پێش بۆمببارانەکەوە ئاگامان لەیەکتر نەمابوو.
 
هیچ زانیارییەکتان هەبوو لەسەر بۆمببارانکردنی ئەو ناوچانە؟
بەڵێ، لە دەنگوباسە جیهانییەکاندا کە بەدزییەوە لە رادیۆ وەرماندەگرت تێگەیشتین، بەڵام بە ئاشکرا نەدەوترا و نەدەزانرا کوێ و کام شوێن بۆمبباران دەکرێت. هەروەها بەشە کارگێڕییەکان کەوتبوونە گواستنەوەی تۆماری کەسایەتی و کارمەندان و نووسراو و بەڵگەنامەی پرۆژە گرنگەکان، هەروەها هەندێک تاقیگە و کەرەستەیان بەنهێنی دەردەهێنا و دەیانگواستنەوە بۆ شوێنی نادیار.

تا کەی لە سلێمانی مایتەوە؟
لە سلێمانی مامەوە تا لە دەنگوباسی رادیۆ بیستمان کە لە بەغدا بەشەو لەملا و لەولا رووناکیی دەبینرێت، نەماندەزانی چی تر روو دەدات. ئیتر بڕیامدا لەگەڵ خزمێکمان کە ماڵیان لە بەغدا بوو، بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و سەرێک لە شوقەکەمان بدەین و هەندێک کەلوپەل بهێنین لەگەڵ خۆمان. بە پاس گەڕاینەوە بەرەو بەغدا، رێگە زۆر ناخۆش و ترسناک بوو، شۆفێری پاسەکە زوو زوو دەیویست بگەڕێینەوە سلێمانی، بەڵام لەناوماندا سەربازی عەرەبی تێدا بوو کە دەترسان لە گەڕانەوە و شۆفێرەکەش لە ترسی ئەوان هەرچۆنێک بێت گەیاندینییە کەرکوک. هەفتەیەک لە کەرکوک لە ماڵی ناسیاوێک ماینەوە، دوای ئەوە بەیەک پاسی پڕ لە خەڵک بەرەو بەغدا بەڕێکەوتینەوە، چونکە نەیاندەهێشت جارێکی تر بگەڕێینەوە بەرەو سلێمانی. لە بەغدا گیرمانخوارد، بەجارێ لە کوردستان و کەسوکار دابڕاین، بەسەر ماڵە کوردەکاندا دەگەڕاین بۆ دەنگوباسێکی سلێمانی. هەروەها بەهۆی نەبوونی بەنزین، ئەو کاتە لەناو بەغدا زۆربەی هاتوچۆمان بە پێ بوو، هەر لەبەر هەمان هۆش، دوو مانگ لە بەغدا مامەوە.

پەیوەندیت کردەوە بە شوێنی کارەکەتەوە؟
نەخێر، هەر کە بەنزینمان بە قاچاغ دەستکەوت، لەگەڵ خزمێکمدا گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
 
کاتێک گەڕایتەوە بڕیاری چیت دا؟
کاتێ لە سلێمانی بووم، بەڕێز مام جەلال هەواڵی بۆ ناردم کە بڕۆم بۆ فەرەنسا تا وەک کەسێکی ئەکادیمی لەگەڵ لۆبیی کورد لەو وڵاتە پێکەوە کار بکەین بۆ زیاتر هاندانی رووخاندنی رژێمی سەدام، لەبەرئەوەی فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆڵی گرنگیان هەیە و ئەوساش ژمارەی کوردی ئەکادیمیی باشوور لەوێ کەمبوون. منیش پەسندم کرد و لە مانگی ئازاری 1992 لە سلێمانییەوە دەرچووم بە رێگەی تورکیا بەرەو ڤیەننا، چونکە ڤیزەی ئەوێمان دەستکەوت. پاش سێ مانگ چاوەڕوانی لە ڤیەننا، ڤیزەی فەرەنسام دەستکەوت و چوومە پاریس.

تا چەند توانیتان رەزامەندیی حکومەتی فەرەنسا بۆ ئەو مەبەستە بەدەستبهێنن؟
لەو کاتەدا پاراستنی رژێمی عیراق لای فەرەنسییەکان گرنگ بوو، هەتا میللەتەکەش دژی رووخاندنی رژێمی عیراق بوو. چەند جارێک بەناوی ئەو چەند ئەکادیمییە کوردەی عیراق کە من دەمناسین، نامەمان ئاراستەی سەرۆکی ئەو کاتەی فەرەنسا (جاک شیراک) کرد و داوای بینینیمان کرد، بەڵام سوودی نەبوو.
هەر کە گەیشتمە فەرەنسا، دەستمکرد بە گەڕان بەدوای کاردا بۆ بژێویی خۆم بێ ئەوەی هیچ بڕوانامە و دۆکیۆمێنتێکم پێبێت، لەبەرئەوەی زۆر زەحمەت بوو لەو کاتەدا کەسانی وەک ئێمە لە عیراق دەرچێت و بناسرێتەوە. بەهۆی هاوڕێیەکی فەرەنسی کە کاتی خوێندنی ماستەرەکەم پێکەوەبووین، توانیم ناونیشانی پۆست و ژمارەی تەلەفۆنی سکرتێری پرۆفیسۆرەکەم لە تولوز دەستبکەوێت و پەیوەندیم پێوەکرد. چەند رۆژێک دواتر پرۆفیسۆرەکەم هاتە پاریس و بینیم، ئامۆژگاری کردم بۆ دۆزینەوەی کار و نامەی خۆی و نووسراوی زانکۆکەی بۆ ناردم، کە یارمەتیدەربوون تا لەو ئینستتیوتەی راهێنانی پراکتیکم تیادا کردبوو لە کاتی خوێندندا (ئینستتیوتی گوستاڤ روسی لە ڤیل جویف لە دەوروبەری پاریس)، کارم دەستکەوت وەک توێژەر؛ لەسەر کاری درێژخایەنی تیشکی ئایۆنی لەسەر جەستەی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەو نەخۆشانەی بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەریدەکەون. تا ساڵی 2004 لەو کارەدا مامەوە، چەندین بڵاوکراوەی زانستیمان لە گۆڤار و کۆنفرانسی جیهانیدا بڵاوکردەوە.
لەو ماوەیەدا، لە دوورەوە یارمەتی منداڵپارێزی کوردستانم دەدا و تێکڕا (33) منداڵمان سپۆنسەرکرد و تا گەورەبوون ئاگاداریان بووین. لە هاوکاریی منداڵپارێز بەردەوامبووم تا ساڵی 2010.
هەروەها هەوڵم دەدا هاوکاریی زانکۆی سلێمانی بکەم لە رێگەی یونسکۆوە، کە سەردانم دەکرد بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری لە جۆری کتێب و پێداویستییە زانیستییەکان بۆ زانکۆی سلێمانی، هەرچەندە نووسراوی سەرۆکی زانکۆی سلێمانیم هەبوو وەک پشتگیری بۆ نوێنەرایەتی زانکۆی سلێمانی، بەڵام بەرپرسی ئەم جۆرە کارانە زیاتر هاوکاریی رژێمی عیراقی مەبەست بوو و بیانووی دەهێنایەوە تا نەیکات.
هەروەها هاوکاریی مادیی سۆڵیدارێتی سویدیشم دەکرد، ئەمە جگە لەوەی بە بڕێکیش هاوکاریی منداڵانی نەخۆشم دەکرد کە دەهێنرانە فەرەنسا بۆ چارەسەر.

لەو ماوەیەدا نەگەڕایتەوە بۆ کوردستان؟
لەو ماوەیەدا چەند جارێک گەڕامەوە بۆ سلێمانی و سەردانی ئەو منداڵانەم دەکرد کە لە رێگەی منداڵپارێزی کوردستانەوە سپۆنسەرمان دەکردن. لە گەڕانەوەیەکمدا بۆ سلێمانی لە ساڵی 2002، بەڕێز مام جەلال داوای لێکردم کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەئەستۆ بگرم و وەک وەزیر کار بکەم لە حکومەتی هەرێم ئیدارەی سلێمانی. هەروەها سەرۆکی حکومەتی ئەوکات کە بەڕێز د.بەرهەم ساڵح بوو، بانگی کردم بۆ ئۆفیسەکەی و پێی وتم. سەرەتا دوودڵ بووم لە وەرگرتنی و وەرمنەگرت و گەڕامەوە بۆ فەرەنسا بۆ سەر کارەکەی خۆم، هەرچەند ئەو رەتکردنەوەیەم بە دڵی هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە نەبوو، هەرکات بەڕێز مام جەلال دەهاتە پاریس، گلەیی لێدەکردم.
لە ساڵی 2004 ئەو کاتەی بەڕێز کاک عومەر فەتاح سەرۆکی حکومەتی هەرێم – ئیدارەی سلێمانی بوو، جارێکی تر داوایان لێکردمەوە پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا وەربگرم. دیسان دوودڵ بووم، تا شەوێک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رەخنەم دەگرت لە دەسەڵات، لە وەڵامدا پێیان وتم فەرموو خۆت وەرەوە چیت دەوێ و چۆنت دەوێ بیکە. ئەم جارەیان پەسندم کرد و لە 13ی ئەیلولی 2004دا گەڕامەوە و لە 28ی ئەیلولی 2004 لە هەولێر لە پەرلەمان سوێندم خوارد و دەستبەکار بووم.

 لەبەرئەوەی تۆ لە دامەزراوەی ئەتۆمیی عیراق کارت کردبوو، هیچ ترسێکت نەبوو لەناوتبەرن؟
راهاتبووم لە پارێزگاری لەخۆکردن، هەر ئەو کاتەی لە فەرەنسا دەمخوێند، لەژێر چاودێریدا بووم، بۆیە باش ئاگاداری خۆم بووم، هیچکات نەدەچوومە ئەو شوێنانەی کە هەستم بکردایە سیخوڕ یان کەسێک دەمناسێتەوە.
 
دوای رووخانی رژێمی سەدام، ماوەیەک لەگەڵ ئەمەریکییەکان کارتکرد، ئەمە چۆن روویدا؟
 لە ساڵی 2003 دوای رووخانی رژێم، بەڕێز د.حەمە سابیر کە ئەوکات بەرپرسی مەکتەبی یەکێتی بوو لە واشنتۆن، داوای لێکردم پەیوەندی بەو گرووپەوە بکەم کە پێکهاتبوو بۆ بنیاتنانەوەی عیراق بە دەستی عیراقییەکان و ئێمە وەک کورد لەو گرووپەدا بەشداربین. بۆ ئەو مەبەستە مۆڵەتێکی کورتم وەرگرت و رۆیشتم بۆ واشنتۆن و پەیوەندیم پێوەکردن. بۆ هەر وەزارەتێک (2 – 4) کەس لە هەموو عیراق بە کورد و عەرەبەوە دانرابوون، منیان لە بەشی وزە دانا هەرچەندە خۆم ئارەزووم بوو لە خوێندنی باڵا بم.
دەستبەکاربووم بە گرێبەستێکی سێ مانگی. دوای نزیکەی مانگێک لە واشنتۆنەوە گەڕاینەوە بەرەو بەغدا و لە ئوتێل رەشید نیشتەجێ بووین و بە رۆژ لە کۆشکی سەدام دەواممان دەکرد. من سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستن لە تیشک وە پەیمانگەی ئەتۆمیی پزیشکی (بۆ چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە)م دەکرد و هەوڵم بۆ دوو بابەت دەدا:
 یەکەمیان: پاراستنی دانیشتوان و پاککردنەوەی ژینگە لە مادە تیشکدەرەکان. لەو کاتەدا و پاش لێدانی ناوەندی ئەتۆمیی توێسە، خەڵکانی نزیک لەو سایتە دەچوون بۆ تاڵانکردنی کەرەستەی ئەو ناوەندە، بەمە مەترسی پیسبوونی ئاوهەوا و خاکی ئەوناوە و بەغدا و بەرەو خوارووی عیراق زۆر بوو، هەتا جلوبەرگی منداڵ و داروبەردی هەندێک ماڵ و قوتابخانەشی گرتبووەوە، بەڵام ئەمە بە دڵی ئەمەریکییەکان نەبوو، دەترسان سەربازەکانیان بزانن کە هێنراون بۆ شوێنی پیسبوو بە مادەی تیشکدەر.
دووەمیان: بە هاوکاریی خوالێخۆشبوو د.عەبد عەلی مەهدی کە لەو کاتەدا لە پەیمانگەی ئەتۆمیی پزیشکیی - بەغدا کاری دەکرد،  دوو پرۆژەم ئامادەکرد بۆ دامەزراندنی دوو سەنتەری شێرپەنجە لە عیراقدا، بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و بەدواداچوونی نەخۆشییەکە، یەکێکیان لە سلێمانی بێت و ئەوی تر لە بەسرە. ئەم دوو شارە نزیکی هەڵەبجە و ناوچەی زەلکاوەکانی خواروو بوون کە کیمیایباران کرابوون و نەخۆشییەکە تێیاندا زۆرتر بڵاوبوو لەچاو شوێنەکانی تری وڵاتدا. هەروەها هەردوو شارەکە کۆلێژی پزیشکییان تێدا بوو. بۆ ئەم پرۆژەیە، پەیوەندیم کرد بە نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە گەنجێکی ئیتاڵی بوو، ئەویش لە کۆشکی سەدام دەوامی دەکرد، داوای پشتگیریم لێکرد بۆ ئەم پرۆژەیە و باسی بابەتی یەکەمیشمان بۆ کرد کە پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستییەوە هەیە. لای هەردووکمان هەردوو بابەتەکە گرنگ بوون، ئەمیش لای ئەمەریکییەکان باسی کردبوو و جەختی لەسەر گرنگیی بابەتەکان کردبووەوە. ئەمەش مەترسی ئەمەریکییەکانی زیاتر کرد و گوشارێکی زۆریان خستە سەرمان کە بێدەنگیی لەو بابەتە بکەین کە لای من گرنگترین هۆی کارکردنی من بوو لەگەڵیان. بێگومان ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکەم هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێمەوە بۆ فەرەنسا بۆ سەر کارەکەم.
 

لەو ماوەیەی پۆستی وەزیری خوێندنی باڵات هەبوو، کام لە کارەکانت زۆر شانازیی پێوە دەکەیت؟
کارم زۆر کردووە، بەڵام ئەوەی لە هەموویان زیاتر جێگەی شانازیمە؛ واژووکردن و دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بوو. لە ١٧ی شوباتی 2005دا گرێبەستەکەمان واژۆ کرد بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان (بەڕێز هێرش موحەڕەم) و پرۆفیسۆر حەمەڕەئوف و بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و سەرۆکی بەشی یاسای وەزارەت، لەگەڵ بەڕێز شلێر محەمەد نەجیب ئەتروشی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازیاریی وەزارەت و دوو کەس لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە. لە هەمان کاتدا بەڕێز کاک عومەر فەتاح، سەرۆکی حکومەت، لەسەر هێڵی تەلەفۆن بوو لەگەڵمان هەتا گرێبەستەکە واژۆ کرا و دەستبەجێ دەستکرا بە ئامادەباشیی بۆ دەستبەکاربوون. بەرپرسیارێتی پرۆژەکە خرایە ئەستۆی بەڕێز شلێر محەمەد نەجیب کە بە گورجیی تیمی ئەندازیاریی تایبەت بەو پرۆژەیەی پێکهێنا و بە دڵسۆزییەکی بێوێنەوە ئیشەکانی رادەپەڕاند.
بابەتێکی تر کە شانازیی پێوەدەکەم؛ دامەزراندنی دەزگای کوردستان بۆ تەکنۆلۆژیا و توێژینەوەی زانستی بوو، کە لە کانوونی یەکەمی 2005دا واژوو کرا و زەوی بۆ بیناکەی تەرخانکرا. شەش بەشی لەخۆ گرتبوو، کە یەکێکیان بەشی توێژینەوەی بواری تەندروستی بوو. لەگەڵ دامەزراندنیدا، چالاکییەکانی دەستیپێکرد و خۆم بەشداربووم لەگەڵ بەڕێزان د.ئەحمەد وەندی و د.فوئاد بابان لە توێژینەوەیەک دەربارەی شێرپەنجە و جۆرەکانی لەناو دانیشتوانی هەڵەبجەدا، پەیپەرێکی باشمان ئامادەکرد بۆ بڵاوکردنەوە، کە وەک پێشتر، رێگە نەدرا بە بڵاوکردنەوەی لە هیچ گۆڤارێکی زانستیدا، هەروەک زووتر پرۆفیسۆر کریستین گۆزدن تێیگەیاندین کە هیچ بابەتێک دەربارەی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوناکرێتەوە. دیارە بەشداربووانی ئەو تاوانە رێدەگرن لەم جۆرە بڵاوکراوانە.
بە هاوکاریی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی دەزگا، بەڕێز (د.پۆڵا خانەقا)، هەوڵمان دەدا کارکردن لە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵادا بە شێوازی کارکردن بە تیم بێت، کە تاڕادەیەک پەیڕەو دەکرا لەم دەزگایەدا.
پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی حکومەتی هەرێم، ئەم دەزگایە ناونرا (دەستەی کوردستان بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی) و هەر لە جێی خۆیەتی لە قڕگە، بەردەوامە لە کار و چالاکیی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ و دەستەی تەکنیکی و هەندێک دامەزراوەی زانستیی دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی ئەڵمانیا.
هەروەها جەختم لەوە دەکردەوە کە دامەزراندن بە سیڤی بێت، هەرچەندە زۆر جاریش دەبووە کێشە. لە لایەکی تریشەوە چەندین هەوڵم دا بۆ گرنگیدان بە بابەتی فیزیای پزیشکی لە بەشی فیزیا- کۆلێجی زانست، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێ بایەخ بدرێ بە فیزیای پزیشکیی تیشک، کە تەوەری سەرەکییە لە رادیۆتەراپیدا (رێگەچارەی چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک).
بەردەوامبووم لەو هەوڵانە تەنانەت دوای خانەنشینبوونیشم، تا لە ساڵی 2015دا هەوڵەکانم سەریانگرت و لە بەشی فیزیا، خوێندنی دبلۆمی باڵای دوو ساڵیی بە بەرنامەی ماستەر کرایەوە. مەبەستیش ئامادەکردنی کادیری فیزیایی شارەزا بە کاری کلینیکی فیزیای پزیشکی تیشک بوو، کە پێویستیی سەرەکیی ناوەندی چارەسەری شێرپەنجەیە بە تیشک. ئێستاش لە زانکۆی چەرمۆ خوێندنی دبلۆمی یەكساڵە کراوەتەوە بۆ ئەم بەبەتە.

ئەی لە دوای خانەنشینبوونت سەرقاڵی چیت؟
هەر دوای خانەنشینبووم، دەستمکرد بە سێ کار کە لای من زۆر گرنگ بوون بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە زەقانەی هەبوون (کەلێنی زانستی). هەرچەندە کەلێنەکان زۆرن، بەڵام ئەوانە لای من مەبەستدار بوون، چونکە راستەوخۆ پەیوەندییان بە تەندروستی مرۆڤەوەیە:

یەکەمیان: لە ساڵی 2007، داوای دامەزراندنی پێکهاتەیەکی تایبەت بە چاودێری و پاراستنی مرۆڤ و ژینگە لە تیشکم کرد، بەهۆی بڵاوبوونەوە و زۆربوونی بەکارهێنانی سەرچاوەی تیشکدەرەوە، بەتایبەتی لەبواری پزیشکیدا. کارەکە درا بە وەزارەتی ژینگە و ئامادەییم دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەک کە بتوانم، بەڵام لای ئەوان ئەو کار و شێوە بەڕێوەبەرایەتییەی هەیانە بەسە بۆ ئەو مەبەستە.
لە ساڵی 2012 جارێکی تر ئەو داواکارییەم خستەوە بەردەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، ئەمجارە پێشنیازەکە خرایە بەردەستی لایەنە بەکارهێنەرە سەرەکییەکانی تیشک کە چاودێریی زیاتر لەوەی هەیە، بە پێویست نازانن.
دووەمیان: دامەزراندنی رێکخراوێکی ناحکومیی تایبەت بە هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی شارەکە دامانمەزراند پاش هەوڵێکی زۆر کە سێ ساڵی خایاند. لە 17ی ئازاری 2013 مۆڵەتی فەرمیمان پێدرا لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە، لەو کاتەوە بەردەوامین لە چالاکیی خێرخوازی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی لە ئەندامان و دۆستان و خێرخوازان تا هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجەی پێبکەین لە رێگەی هاوکاریی ناوەند و نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەوە، بە دابینکردنی وردە پێداویستیشەوە کە لە تواناماندا بێت. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی بارودۆخی دارایی ناوخۆ و دەرەوە، توانیومانە چەندین کەرەستە و مینی پاسێک بۆ نەخۆشخانەی هیوا و یەکێکیش بۆ سەنتەری ژیانەوە لەگەڵ کەرەستە و ئامێری دۆزیمەتری دابین بکەین. لە مانە گرنگتر، توانیمان سپۆنسەری چوار کۆنفرانسی جیهانیی لە سلێمانی بکەین کە سەنتەری ژیانەوە بەڕێوەیدەبرد. ئەم کۆنفرانسانە، بوونە هۆی ناسینی نوێترین زانست و تەکنیکی دەستنیشانکردن و چارەسەری جۆرەکانی شێرپەنجە لە رێگەی هێنانی پسپۆڕانی جیهانی و ناسراو لە بوارەکەدا. ئەم کۆنفرانسانە، رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و تەکنیکی و جۆر و شێوازی کارکردن بۆ ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەتایبەتی لە چارەسەر بە تیشکدا.
سێیەمیان: هەوڵی بێوچان بۆ دامەزراندنی ناوەندێک بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و بەدواداچوون بۆ تووشبووان بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە. بۆ ئەم مەبەستە و هەروەها بۆ بەهێزکردنی چاودێریی بەکارهێنانی تیشک و خۆپاراستن لە تیشک، سەردانی بەڕێز وەزیری تەندروستیی ئەوکات (د.زریان)م کرد. بەڕێزی داوای لێکردم کە هاوکاریی بکەم لە رزگارکردنی ژیانی نەخۆشانی شێرپەنجە بە خستنەکاری ئەو تاکە ئامێرەی لەو کاتەدا لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر هەبوو. منیش پێم راگەیاند کە ئەم تەکنیكە بەسوود و پێویستە بۆ چارەسەر بە تیشک بە مەرجێک تیمی تایبەتی بۆ ئامادە بکرێت، بەپێچەوانەوە، زیانی زیاتر دەبێت لە سوود. بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز د.ریچارد هارون (پسپۆڕی فیزیای پزیشکی تیشک و بەکارهێنانی کلینیکی) لە ئەمەریکاوە سەردانی کردین و هەمان بۆچوونی منی هەبوو و ئامادەیی دەربڕی کە بێ بەرانبەر هاوکارمان بێت، پێکەوە بڕیارماندا هەنگاو بنێین، بە پشتیوانیی چڕوپڕی بەڕێز وەزیر هەنگاومان نا بەرەو خستنەکاری ئامێری دامەزراو لە هەولێر.
 
لەو کاتەدا، لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر وا دیاربوو کە چوار ساڵ لەوەبەر بەشێکی سێ ژووریی بیناکرابوو، ئامێرێکی چارەسەر (لیناک – 6 مێگاڤۆڵت)ی لەگەڵ سیمۆلیتەرێک (کە لەسەر پرۆگرامی نەوت بە خۆراک کڕدرا بوون لە کۆمپانیای سیمەنس) دامەزرابوون. لەو نەخۆشخانەیە، پزیشکی تایبەت بە شێرپەنجە (د.عەبدولمونعیم) کیمۆتیراپی دەکرد و دوو فیزیاوی و دوو کارمەندی تەکنیکیی هەبوون کە شارەزای تەکنیکەکە نەبوون. لە 16ی ئابی 2007، لەگەڵ ئەندازیاری سیمەنس دەستمانکرد بە خستنەکار و تاقیکردنەوەی ئامێرەکە و کۆمپانیاکەمان وا لێکرد کە خێرا خێرا هەندێک کەرەستە و ئامێری دۆزیمەتریی پێویستمان بۆ دابینبکەن بۆ تاقیگەی بەشەکە. لە هەمان کاتدا دەستمانکرد بە فێرکردن و راهێنانی فیزیایی و کارمەندە تەکنیکییەکان. لە 31ی ئابی 2007 دەستکرا بە چارەسەری یەکەم نەخۆش لەو بەشەدا و پلان ئامادەکرا بۆ نەخۆشی دووەم کە لە رۆژی دواتر ئەویش دەست بە چارەسەرکردن بکات و بەردەوامبن. تا ماوەیەک جار بە جار سەرم لێدەدان.

 لە سلێمانیش، یەکەم هەنگاو توانیمان بینایەک وەربگرین بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە رێگەی کیمیایی (کیمۆتەراپی) کە نەخۆشخانەی هیوای ئەمڕۆیە، ئەو کارە تا ئەو رۆژە لە دوو ژووری نەگونجاوی نەخۆشخانەی کۆماریدا دەکرا و دواتر گواسترایەوە بۆ ئەوێ. لەبەر بێ جێگەیی، بەشی تالاسیماش برایە ئەوێ، کە ئەوە بەخواستی من نەبوو.
هەر لەو کاتەدا پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە، دبلۆمی کیمۆتیراپی کردەوە و دەستیکرد بە پێگەیاندنی پزیشکی تایبەت بەم رێگەچارەیە.
نەخۆشخانەی هیوا تا ئێستاش لە فراوانکردنی بەردەوامدایە.
دوای ئەوە، هەوڵی تەرخانکردنی شوێن و پێداویستم دەستپێکرد بۆ چارەسەر بە تیشک (رادیۆتەراپی). بەرهەمی ئەم هەوڵانەم؛ سەنتەری ژیانەوەی ئەمڕۆیە. بناغەی ئەم سەنتەرە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 کە لەسەر داوای رەوانشاد، دکتۆر عەبد عەلی مەهدی دەست بە بیناکە کرا و تەواوکرا و کارەبای بەردەوام و سەرچاوەی ئاویشمان بۆ دەستەبەرکرد، کە هەردووکیان پێویستیی سەرەکین هەم بۆ کارپێکردنی ئامێری تیشک، هەم بۆ پێداویستیی سەنتەرەکەش. ئامێرێکی چارەسەری تیشکی نوێ (لیناکی فرەوزە) و سی.تی و سیستمی کارکردن و دۆزیمەتری کڕدرابوون و دامەزران. لە هەمان کاتدا تیمی چارەسەر بە تیشک دامەزرا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و پشتگیریی تەواوی بەڕێز وەزیری تەندروستی، هەروەها دەستکرا بە راهێنان و فێرکردنی تیمە سەرەتاییەکە بۆ دەستپێکی پیشەکە لە رێگەی ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سەنتەرە هاوشێوەکان. ئەمە جگە لە بانگهێشتکردنی پسپۆڕان لە دەرەوەی وڵات بۆ کردنەوەی خولی ناوخۆیی و لە 24ی نیسانی 2009 دەستکرا بە چارەسەرکردنی نەخۆش لەم سەنتەرەدا. لەو کاتەوە سەنتەری ژیانەوە لە گەشەکردنی بەردەوامدایە لە هەموو روویەکەوە، بەتایبەتی بە هاوکاریی بۆردی کوردستان بۆ تایبەتمەندییە پزیشکییەکان و توانیمان بیکەین بە سەنتەری فێرکاریی بۆ پزیشکانی رادیۆتەراپی، کە لە سەرانسەری عیراقدا خوێندنی ئەم پسپۆڕییە نەبوو (تا ساڵی 2020 کە لە بەغداش کرایەوە). هەروەها بە هاوکاریی زانکۆی سلێمانی، خوێندنی ماستەریش کرایەوە بۆ پزیشکان و بۆ فیزیای پزیشکی کلینیک. بەرهەمی ئەم خوێندنانە، تا ئەمڕۆ؛ حەوت پزیشکی تایبەت بەرادیۆتەراپی خاوەن بۆردی کوردستانن، کە یەکێکیان ئێستا لە هەولێر کار دەکات و سێ پزیشکی خاوەن ماستەریش کە یەکێکیان لە موسڵ کار دەکات. ئەم خوێندنانە بەردەوامن و ئێستاش پێنج خوێندکارمان هەیە لە قۆناغەکانی راهێنان و پێگەیاندنن بۆ هەمان تابیەتمەندی.
سەنتەری ژیانەوە بەردەوامە لە گەشەکردن و فراوانکردنی جێگە و ئامێر و بەهێزکردنی شارەزایی تیمی رادیۆتەراپی بەشێوەی زانستی ئەمڕۆ، کە پزیشک و فیزیایی و ئەندازیار و تەکنیکی و پەرستیار دەگرێتەوە. تا ئەمڕۆ 14 هەزار نەخۆش سوودمەندبوون لەم سەنتەرە بە وەرگرتنی چارەسەر بۆ جۆرەکانی شێرپەنجە.
هەروەها پێشخستنی توێژینەوەی زانستییش، مەبەستی سەنتەری ژیانەوەیە و ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریی ئەندامانی سەنتەرەکە بۆ نوێکردنەوە و فێربوون بە رێگەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسە جیهانییەکاندا لە هەر کوێ بێت.

 
وەک من ئاگادارم بەردەوام سەرقاڵی بەو کارانەوە، ئایا لە بەرانبەر ئەم هەموو ماندووبوونە پاداشت دراویتەوە؟
ئەم کارانە هەمووی بێ بەرانبەر و خۆبەخشانە دەیکەم، مەبەستم تەنها خزمەتکردنی کوردستانە و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەیە بەشێوەیەکی زانستی، هەروەها خزمەتی تەندروستیی تاک و کۆمەڵی کورد و پاکی ژینگەی کوردستانە.
 
با ئیتر لە بابەتی زانست و کار بچینه دەرەوە و هەندێک باسی خێزان و سەردەمی منداڵیمان بۆ بکە...
لە تەمەنی شەش ساڵی چوومەتە بەر خوێندن و لە خوێندنگەی مەلیکە عالیە دەستم پێکرد، ئەوسا تەنها پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لەم قوتابخانەیەدا هەبوو، لە هەموو سلێمانی چوار قوتابخانەی کچان هەبوو کە لە پۆلی (1 - 6)یان هەبوو، ئیتر لە پۆلی (3 - 6) لە قوتابخانەی سدیقەی کچان بووم. 
لە منداڵییەوە شیعر و سروودی کوردییان فێردەکردین و لە قوتابخانە دەمانووت. لە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیدا لەگەڵ هاوڕێکانم، هەندێک وردە شیعرمان دەنووسی، لەگەڵ رووناکی هاوڕێم ناوی خۆمان دەگۆڕی بە (ئاشتی و راستی) یان (نەورۆز و دڵسۆز)، شیعری نەتەوایەتیمان دادەنا و لە گۆڤاری هەتاو بڵاوماندەکردەوە. تەواوکردنی دواناوەندیمان و چوونە زانکۆمان، هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانی رژێمی پاشایی بە کۆماریی لە عیراقدا، ئێمەش گەورەبووین و لەگەڵ زۆربەی خوێندکاران تێکەڵاوی سیاسەت بووین، بەشداری خۆپیشاندانەکانی بەغدامان دەکرد کە حزبی کۆمۆنیست لەو کاتەدا رێکخەر و سەرپەرشتی دەکرد. لەو کاتەدا زۆربەی خۆپیشاندانەکان تایبەت بوون بە داوای چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە دیموکراتی و راگرتنی شەڕ و سووتاندنی دێکانی کوردستان. لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بووم و هەمیشە لە پێش کاتی دەستپێکردنیان، لە شوێنی دیاریکراو ئامادە دەبووین و پیاسەمان دەکرد.
پەیوەندیی نێوان ئەندامانی خێزانەکەمان زۆر پتەوبوو، لەسەر بنەمای رێزگرتن دامەزرابوو. لە کاتی منداڵیمدا زۆر سووربووم لەسەر خوێندن و دەبوایە یەکەم کەس بم بگەمە قوتابخانە، ئەگەر پێش من خەڵکی لێبوایە؛ ئەوا پێم ناخۆش بوو.

Qaiwan
Qaiwan