راپۆرت

ئەو ژنەی خەڵاتی نۆبڵ ژیانی تێکدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەو ژنەی خەڵاتی نۆبڵ ژیانی تێکدا
مەودا میدیا- راپۆرت

ژنێک لە سەردەمی شا، بوو بە یەکەم دادوەر لە مێژووی ئێراندا، بەڵام کاتێک شۆڕشی ئیسلامی سەرکەوت، ئەو ژنە لە سەرۆکایەتی دادگا لابرا و کرا بە سکرتێری ئەو پیاوەی کە خرابووە شوێنەکەی.

ئەو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، بەڵام نۆبڵ لەبری بەختەوەرکردن، توشی دەیان کێشەی کرد، بە خۆبەخشی پارێزەرایەتی کچ و ژنانی ستەملێکراوی ئێران دەکات، بەڵام خۆی بەهۆی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیەوە لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە.

ئەو ، کاتێک کە لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ گەڕایەوە، ئێرانییەکان بە دەم وتنەوەی سرود و هوتاف، پێشوازییان لێ کرد، بەڵام کاتێک کە حکومەتی ئێران تەنگی پێهەڵچنی، بە بێدەنگی ئێرانی بەرەو ئەوروپا بەجێهێشت.

شیرین عەبادی، ساڵی 1947 لە ئێران لە دایکبووە، لە تەمەنی 28 ساڵییدا لەگەڵ جواد توەسیلیان هاوسەرگیری کردووە، دەستی بە خوێندنی یاسا کرد و تا بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لەو بوارەدا نەوەستا.

ساڵی 1976 بوو بە یەکەم ژن کە لە ئێران کاری دادوەری بکات و ببێتە سەرۆکی دادگا، یەکێک بوو لە هەوادارانی خومەینی و رەخنەی لە دەسەڵاتی شا دەگرت، بەڵام کاتێک ساڵی 1979 شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەریگرت و خومەینی گەیشتە دەسەڵات، شیرین عەبادی لە پۆستی دادوەری و سەرۆکی دادگا دورخرایەوە، چوونکە بەپێی یاسای حکومەتە ئیسلامییەکە ژنان ناتوانن دادوەریی بکەن.

دوای ئەوەی شیرین لە سەرۆکایەتی دادگا دورخرایەوە، کرا بە سکرتێری ئەو پیاوەی کە خرابوویە شوێنەکەی ئەو و کرابوو بە سەرۆکی دادگا، لەوێوە شیرین داوای کرد خانەنشین بکرێت و دەستی بە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی خومەینی و یاساکانی دەوڵەت کرد.

چەندین چالاکی دژی دەسەڵاتی ئێران ئەنجامدا و بە نووسین و وتارەکانی دژایەتی سیستمی حوکمی مەزهەبی دەکرد.

ساڵی 1993 شیرین عەبادی نوسینگەی تایبەت بە خۆی کردەوە و وەکو پارێزەرێکی خۆبەخش کاری بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەو کەسانە دەکرد کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ستەمیان لێ دەکرا.

کارکردن لەسەر پرسەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ دوو بواری تری سەرەکی بوون کە ئەو چالاکوانە ژنە کردبوونی بە خەمی خۆی.

وەرگرتنی پارێزەرایەتی و جوڵاندنی کەیسی کوشتنی سێ نوسەر لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە، شیرینی گەیاندە ئەوپەڕی ناوبانگی خۆی و توڕەی دەسەڵاتیشی گەیاندە لوتکە.

شیرین عەبادی بەردەوام بەدواداچوونی بۆ کەیسی ئەو کەسانە دەکرد کە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەکوژران.

بەڵام تووشی شۆک بوو کاتێک ناوی خۆی بینی، لە لیستی ناوی ئە وکەسانەدا کە دەبێت لە داهاتوودا تیرۆر بکرێبن.


نۆبڵ؛ ئەو خەڵاتەی ژیانی شیرینی تێکدا

ساڵی 2003 شیرین عەبادی بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، سەردانی نەرویجی کرد و لەوێ خەڵاتەکەی وەرگرتی، کاتێکیش کە گەڕایەوە، لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، بەڵام هەر هێندەی قاچی لەسەر زەویی ئێران دانایەوە، پسوڵەی سزادانێکی 500 ملیۆنی درایە دەستی، سزاکە بەهۆی ئەوەبوو کە شیرین لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، بەبێ سەرپۆش دەرکەوتووە.

ئەو سزایە هێندەی تر شیرینی بەرامبەر حکومەتی ئێران توڕەکرد، دواتر شیرین کتێبی "بێداری لە ئێران"ی نوسی و رەخەنی زیاتری لە دەسەڵات گرت، کار گەیشتە ئەوەی هەموو سەروەت و سامانی شیرین لەلایەن دادگاوە دەستی بەسەردا بگیرێت و ئەژماری بانکییەکەی بلۆک بکرێت، بەوەش، شیرین ناچار بوو  ئێران جێبهێڵیت.

دوای ماوەیەک لە جێهێستنی ئێران، میدیاکانی ئەو وڵاتە بەرنامەیەکی تایبەتیان لەسەر ژیانی و کارەکانی شیرین عەبادی کرد، چەندین تۆمەتیان خستەپاڵی، یەکێک لەوانەی لە بەرنامەکەدا قسە کرد و دژی شیرین وەستایەوە، هاوسەرەکەی بوو، ئەوەش وایکرد کۆتایی بە ژیانی هاوسەرێتییان بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت هاوسەرەکەی شیرین لە ژێر فشاری حکومەتدا ئەو کارەی کردووە.

شیرین ئێستا لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە لەندەن، لە بەناوبانگترین زانکۆکاندا وانەی یاسا و مافەکانی مرۆڤ دەڵێتەوە.

https://www.facebook.com/mewdamedia/videos/264922185334487
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن