کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: بێدەنگ نابین و وەڵامی توندمان دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە: بێدەنگ نابین و وەڵامی توندمان دەبێت
مەودا میدیا-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت چەندین جار هۆشدارییان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقی، ئاماژە بەوەشدەکات تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گرووپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستییەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".

ئاماژە بەوەشکراوە "کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیاندا،  لە سنووری قەزای کفری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی (موحسین حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو، پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  دراوەتەوە و تیرۆریستان راونران. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە تیرۆرستان جوڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە، بەردەوام مەترسی درووست دەکەن".

جەخت دەکاتەوە "بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عیراقدا هەیە، بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاست ئەو کردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی  دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan