د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

بایدن و ئەردۆغان

هەفتەی داهاتوو، لە سەفەرێکی یەک هەفتەییدا جۆ بایدن دێت بۆ ئەوروپا. لە بەریتانیا و بەلژیکا و سویسرا دیداری جیاوازی دەبێت. بینینی شاژنی بەریتانی بایەخێکی ئەوتۆی بۆ ئێمە نییە، بەڵام دیداری بایدن لەگەڵ ئەردۆغان لە پەراوێزی دیدارەکانی ناتۆ و دیداری لە گەڵ پۆتین لە ژنێف، کاریگەری لە سەر دۆخی ئێمە دەبێت لە زیاتر لە پارچەیەکی کوردستان.

چاودێران رای جیاوازیان هەیە. لێکۆڵەری گەورەی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا واڵتەر رەسڵ مید، کە لە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ ستونێکی هەیە، لەمبارەوە دەنووسێت کە بایدن نابێت هەوڵی ئەوە بدات کە پەیوەندی جارانی ئەمەریکا و تورکیا زیندوو بکاتەوە. پەیوەندیی جاران؛ مەبەستی پەیوەندیی سەردەمی جەنگی ساردە. بە دیدی ئەو تورکیا گۆڕاوە و دەبێت ئەمەریکا بە دوای داڕشتنی پەیوەندییەکی نوێدا بگەڕێت، کە تیایدا تورکیا نەک هەر دۆست نییە، بەڵکو زۆر جار دەکرێت رکابەر بێت.

مێرڤی تاهیر ئۆغڵو و ئێریک ئیلدمان لە فۆرن پۆلەسی دەنووسن، ئەوە ئەمەریکایە کە لایەنی بەهێزە لە دیدارەکەدا.
ئەردۆغان لە هەردوو ئاستی ئابوری و سیاسیدا لە قەیرانی قوڵدایە. بۆیە دەبێت بایدن ئەم قەیرانە بە فیڕۆ نەدات بۆ پشتیوانی دیموکراسی لە تورکیا.

دوێنێ لە میانەی کۆدیدارێکدا، لە رێگەی زومەوە لە هێنری بارکیم پرسی دەربارەی دیدارەکە. بارکی شارەزای تورکیا و نزیک لە ناوەندی دەسەڵاتە لە واشنتۆن، لە سەردەمی کلینتۆندا راوێژکاری کۆشکی سپی بوو بۆ پرسی ناوچەکە، بەلای ئەوەوە دیدارەکە هێندە گۆڕانکاریی دروست ناکات، چونکە جیاوازییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر گەورەیە هەتا دیدارێک بتوانێت چارەسەری بکات. بۆیە بایدن ئەوەی دەیەوێت پێی دەڵێت و دیدارەکە کۆتایی دێت.

هەندێک ئارگومێنتی ئەوە دەهێننەوە کە نابێت تورکیا زیاتر بەرە و روسیا پاڵ بنرێت، ئەم دیدانە هەمیشە کەمێک ساویلکەن. وەک بەردەوام لە دۆخی عیراقدا باسدەکرێت، کە نابێت عیراق لەوە زیاتر بەرەو ئێران پاڵبنرێت. کەس ناتوانێت لەوە زیاتر عیراق پاڵبنێت، ئێران تا بن لە عیراقدایە. لە دۆخی تورکیادا، تورک نایانەوێت و ناتوانن بە تەواوی بچنە باوەشی روسەکان، چونکە روس نە بەهێزن و نە دۆستن بۆ تورکیا.

پەیوەندیی ئەمەریکا و تورکیا ئەگەر ترەمپ بوایە، ئەوا دەبوو زۆر بترساینایە، چونکە هەردوو کەسایەتی زۆر لە یەکەوە نزیکبوون لە دژایەتی سیستمی دنیا و رەگەزپەرستی و فاشیزمیاندا، هەروەها بایەخدان بە پەیوەندیی کەسایەتی لەبری پەیوەندیی بونیادی و مۆڕاڵی.

بەختی کورد وەهایە، ئەگەر پەیوەندیی ئەمەریکا و تورک زۆرباش بێت بۆ کورد خراپە، ئەگەر زۆر خراپیش بێت کە ئەمەریکا سەنگێکی ئەوتۆی نەمێنت، دیسانەوە خراپە.

دیارە پرسی ئێمە پرسی سەرەکی نییە، بۆیە هەموو شتێک دەبێت لە کۆنتێکستدا ببینرێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan