د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

تڕەکەڵەکی کازمی

رۆژی دووشەمە کازمی لە کۆشکی سپی بایدن دەبینێت. پرسی سەرەکی ئامادەیی سوپای ئەمەریکایە لە عیراق. هەتا ئێستا پلان وەهایە کە ئەو 2500 سەربازەی کە لە عیراقن، ناویان بگۆڕێت بۆ هێزی یارمەتیدەر و هەموو کارە هێرشکەریی و سەربازییەکانیان بووەستێنن و هاوکاریی دەوڵەتی عیراقی بکەن لە شەڕی لەگەڵ داعشدا.

هەتا ئێستا روون نییە کە ئایا هەموو ئەو سەربازانە دەمێننەوە یان ژمارەیان کەم دەکات؟ ئایا ئەم ناوگۆڕینە بەشێکە لە یاری بۆ کەمکردنەوەی فشاری میلیشیاکان و نەرمی نواندن بەرانبەر ئێران؟ 
میلیشیا وەلائییەکان زۆر توندن لەسەر ئەم پرسە و دژ بە رۆڵی هاوکاری و راوێژکاریی ئەمەریکان لە دەربڕینەکانیاندا، بەڵام قسەی ئەوان هێندە سەنگی نییە.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەکگۆرک ئەوەی بە عیراقییەکان راگەیاندووە کە ئەوان قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنەوە. هەندێکی تر دەڵین، ناکشێنەوە و تەنها ناویان دەگۆڕن، هەندێکی تر دەڵێن هەموو ئەو سەربازانەی کە رۆڵی کۆمبات شەڕکەریان دەبینی لە سەری ساڵدا دەکشێنەوە.

کازمی دەیەوێت ئێران و ئەمەریکا و میلیشیاکان رازی بکات. هەریەکەیان بەرژەوەندی و ئەجیندای خۆی هەیە. لەکاتێکدا لە ژێر فشاری هەموو ئەمانەدایە، بەڵام ئامانجی كەسیی ئەوەیە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، پاش ئەوەی شکستی هێنا لە دروستکردنی حزب یان بەرە. ئەستەمە ئەم تڕەکەڵەکە سەربگرێت. عیراق بایەخی نەماوە نە وەک سەرچاوەی نەوت نە وەک جیوپۆلەتیک، رۆژ دوای رۆژ کۆمپانیا نەوتییە رۆژئاواییەکان دەکشێنەوە، سەربازەکانیش دەکشێنەوە. چین و ئێران و تورکیا دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan