د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

نەرەتیڤ و مووشەکەکان

پووختە 
 
ئامانجی ئەم کورتە نووسینە ئەوەیە رەهەندێکی پشتگوێخراوی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ هەولێر زیاتر راڤە بکات كە ئەویش رەهەندی نەرەتیڤیەتی. نەرەتیڤ یەکێکە لە ئامڕازە گرنگەکانی دەسەڵات و هەموو دەسەڵاتێک بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی، پێویستی بە بەرهەمهێنانی نەرەتیڤە. ئەم گرنگییەی نەرەتیڤ وایکردووە، لە چەند دەیەی دواییدا ببێتە یەکێک لە بوارە گرنگەکانی فیکر و ئەکادیمیا لە جیهان.  نەرەتیڤ هەوڵی لە قاڵبدانی واتاکانی کردارێکە لە شێوەی چیرۆک یان گێڕانەوەیەکدا. 
 
مەرج نییە داڕشتنی ئەم چیرۆکە راستەوخۆ رەنگدانەوەی راستی کردارەکە بێت، بەڵکو هەوڵە بۆ دروستکردنی واتا بۆ کردارێک و، تەقەلای دروستکردنی کاریگەری زیاترە. چەمکی نەرەتیڤ بۆ خوێنەری کورد نوێیە، بۆیە باشترین شێواز بۆ تێگەیشتن لێی، وێناکردنیەتی وەک گێڕانەوەی چیرۆکێکی مەبەستدار.
 
سەرەتا
 
لە 13 ئاداری ساڵی 2022 کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی خۆیەوە 9 یان 12 مووشەکی هاوێشتە شاری هەولێر. پاش کاتێکی کەم، سوپای پاسدارانی ئێران لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بەرپرسیاریی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت. بێگومان هێرشەکە فرەڕەهەندە و، دەتوانرێت لە چەندین روانگەی جیاوازەوە بخوێندرێتەوە. بۆ نموونە لەڕووی کاتەوە یان لەڕوانگەی شوێنە بە ئامانجکراوەکەوە، یان ساتەوەختی تایبەتی سیاسەتی جیهانی یان دۆخی سیاسی عێراق. لە کاتێکدا دەکرێت هەموو ئەم روانگانە گرنگ بن، هیچ روانگەیەک نییە کە سەرتاپای رەهەندە جیاوازەکانی رووداوەکە لە خۆی بگرێت. هەروەها دەتوانرێت بە هەڵسەنگاندنی رەفتاری مێژینەی ئێرانیش، لێکدانەوە بۆ مووشەکەکان و مەبەستەکانیان بکرێت. لەم پەیپەرەدا هەوڵدەدەین لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە لەڕووداوی هێرشەکە بنواڕین، ئەویش دروستکردنی نەرەتیڤ یان چیرۆکە. دیارە نەرەتیڤ و چیرۆک جیاوازن و، پاشان بە کورتی دێینە سەری.
 
یەکێک لەو بیرمەندانەی لە ماوەی رابوردودا رۆڵی چیرۆک و خەیاڵ و نەرەتیڤی بە گوڕێکی زیاترەوە هێنایەوە ناو پانتایی بیرکردنەوەوە، بیرمەندی ئیسرائیلی یوڤال نوح هەراری یە . هەڵبەت رۆڵی نەرەتیڤ لە پەیوەست بە نەتەوە، بەتایبەتی لای بیرمەندێکی وەک هۆمی بابا  بۆ سەردەمی نەوەتەکان دەگەڕێتەوە. لەبەر بەرفراوانی ئەوانەی کە پەیوەستن بە کردارەکانی دەسەڵات و دیموکراسیبوونی کاری دەوڵەت، دەسەڵات و دەوڵەت بەردەوام لە هەوڵی داڕشتنی نەرەتیڤدان بۆ گەیشتن بە زۆرترین ژمارەی خەڵک و دانانی کاریگەری لەسەریان و لە قاڵبدانی تێگەیشتنی ئەوان بۆ رووداوەکان. ئەمڕۆ نەرەتیڤ میتۆدێکی بەرفراوانی زانستە جیاوازەکانە. 
 
بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت بپرسین، بۆچی ئێرانییەکان هێرشەکەیان بۆ سەر کوردستان بە ئیسرائیلەوە گرێدەدەن؟ دەیانەوێت لەم پێکەوەگرێدانەدا چ نەرەتیڤێک بخەنە بەرچاو؟ لێرەدا گرنگ نییە ئەم پرسە هیچ راستییەکی تێدایە یان نا، بەڵکو پێکەوەگرێدانەکە لە ئاستی نەرەتیڤدا بۆخۆی گرنگە. بۆ تێگەیشتنی باشتر، دەبێت لە سەرەتادا بپرسین نەرەتیڤ چییە؟ بۆچی گرنگە؟ ئێران بۆچی ئەم هەوڵە دەدات؟ کاریگەرییەکانی چین؟ پێش ئەوەی بچینە نێو وردەکاری پرسەکە، دەبێت ئەوە رونبکەمەوە، کاتێک کە باس لە نەرەتیڤ دەکەم، مەبەستم ئەوەیە نەرەتیڤ هەیە و، لە هەمانکاتیشدا وەک میتۆدێک بەکاری دەبەم. 
 
ئێران و ئیسرائیل: پاشخان
 
ئێران و ئیسرائیل دوو وڵاتن كە لە زۆر خەسڵەتدا هاوبەشن. هەردووكیان لەنێو دەریایەکی زۆرینەدا کەمینەن. هەردوو هەوڵدەدەن هەژموونیان هەبێت و وەک هێزێکی هەرێمی ببیندرێن. بۆ ئەم مەبەستە هەردوولا پێویستان بە نەرەتیڤە. بەو واتایەی، چۆنیەتی گێڕانەوەی کردار وهەڵسوکەوتەکانیان بە جۆرێک بێت کە لای زۆرکەس مایەی قبوڵ بێت. دووریی سنوورەکانی هەردوو وڵات لە یەکترەوە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە، بەڵام لە ساتەوەختی بوونی بەکۆماری ئیسلامی، ئێران دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دووژمن دەبینێت. پاڵنەری سەرەکی ئەم دووژمنایەتییەش، کە دژ بە هەموو بنەما لۆجیکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و رەفتاری دەوڵەتە، ئەوەیە ئێران لەڕێگەی ئەو دووژمنایەتییەوە، رەوایی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەدەستبێنێت. سیاسەتمەداری دیكەش لە ناوچەكە لە جەمال عبدولناسرەوە تاوەکو سەددام و قەزافی، ئەم میتۆدەیان بەکارهێناوە. کاتێک ئامانجی ململانێکە دروستکردنی وێنایەکە بۆ ئێران لە چاوی خەڵکانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، ئەوا دروستکردنی نەرەتیڤ گرنگ دەبێت.  دیارە هۆکاری دیكەش لە دووژمنایەتییەکەدا هەیە. بەتایبەتی بینینی ئیسرائیل وەک هاوپەیمان و دۆستێکی ئەمریکا. هەبوونی دووژمنایەتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا، وادەکات کە ئیسرائیلیش وەک نەیارێکی ئێران ببیندرێت. هۆکارێکی دیکەی دووژمنایەتییەکە پەیوەستە بە دۆخ و پێگەی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئێران لە هەڕەشەی بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێتە مایەی سەرنجی جیهان و دەنگی بە بایەخێكی زیاترەوە دەبیسترێت لەوەی كە تەنیا نەیاری ئەمریکا بێت. دیارە نەرەتیڤی دیکەش هەن، بەتایبەت لە پەیوەست بە باڵایی هەرێمی و هەبوونی چەکی ئەتۆمی.
 
لەهەموو ئەمانەدا ئیسرائیل پێگەیەکی تایبەتی لە خەیاڵ و یادەوەری هەردوو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا هەیە. لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، ئیسرائیل ئەنجامدەری گوناحێکی گەورەیە، بە پێچەوانەوە، کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان هەست بەگوناحێکی گەورە بەرامبەر ئیسرائیل دەکەن. چۆنیەتی بەرجەستەبوونی ئەم وێنایە بڕبڕەی پشتی سیاسەتی نەرەتیڤە. کەواتە، بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل ئەو هەنگاوە ستراتیژییەیە کە ئەگەری ئەوەی هەیە، لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا رەوایی بۆ ئێران بەدەستبهێنێت، هەروەها ببێتە جێگەی بایەخی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان. دیارە لێرەدا بوارمان نییە بۆ قسەکردن لە ستراتیژی شاردنەوە یان تەقییە، کە بەشێک لە سیاسەتی ئێرانی لە ناوەوە و دەرەوە پێكدەهێنێت. 
 
لەم روانگەیەوە ئاماژە بە پاڵنەری دیکەی وەک نەیاریی کۆنی ئایینی بۆ دووژمنایەتی ئێران و ئیسرائیل دەدرێت. لەراستیدا ئەمە هێندە راست نییە و دەکرێت پێچەوانەکەی راست بێت، تەنانەت شارستانیی کۆنی ئێرانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ جووەکان هەبووە، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە كە لە ئیسرائیل جادە بە ناوی کوروشەوە هەیە.
 
بە هەبوونی نەیارێتی، ئامڕازەکانی ململانێ دێنە ئاراوە. ئامڕاز و تەکتیکەکان بەپێی سات و شوێن دەگۆڕێن و بۆ ئەم روانگەیەی ئێمە هێندە بایەخدار نین. 
 
نەرەتیڤ چییە؟
 
لە  کتێبی هۆمۆ دیوس؛ کورتە مێژوویەکی سبەینێ، یوڤال هەراری   دەنووسێت: چیرۆکەکان بناخە و پایەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکانن. لێرەدا بوار و کاتی ئەوەمان نییە بچینە وردەکاریی جیاوازی نێوان چیرۆک و نەرەتیڤ، بەڵام بە کورتی دەڵێین: چیرۆک چییەتی گێڕانەوەیە، ئەو نێوەڕۆکەیە کاتێک کە دەیگێڕینەوە، بەڵام نەرەتیڤ چۆنیەتی گێڕانەوەكەیە . هەڵبەت ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە نەرەتیڤ لە مێژە رۆڵێکی یەكجار گرنگی لە بوونی مرۆییدا هەیە. نەرەتیڤ بۆ وانەپێدان، رێنیشاندان، رەوایی پێدان، پەروەردەی ئاگایی و ئەخلاقی، بەخشینی هۆشیاری سەبارەت هەبوونمان بەکاردێت. لەبەر ئەم رۆڵە گرنگانەیشی، نەرەتیڤ هەمیشە راستەوخۆ بەشێک بووە لە دەسەڵات و چۆنیەتی پیادەکردنی دەسەڵات. هەر دەسەڵاتێک نەرەتیڤی نەبێت یان نەرەتیڤی خۆی بەرهەم نەهێنێت، ئەوا بە دەست قەیرانی رەوایی و پشتیوانی و هاوسۆزی و تێگەیشتن و نەبوونی توانای ورووژاندنەوە دەناڵێنێت. لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، دەوڵەت وەک کاراکتەری هەرە سەرەکی بۆ پیادەکردنی دەسەڵات، هەمیشە بەدوای ئەوەدایە کە چۆن نەرەتیڤی خۆی بەرهەمبهێنت بۆ بەخشینی رەوایی و ئاگایی و بەدەستهێنانی پشتیوانی. 
کاتێک ئیسرائیل پێگەیەکی گرنگ وتایبەتی لە هەردوو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا هەیە، جا یەکێک بە خراپ و ئەویتریان بەباشی، ئەوا ململانێکردن لەگەڵیدا چیرۆکێکی گرنگ بەرهەم دەهێنێت. ئێران وەک کۆمارێکی ئیسلامی، کە پێکەوەگرێدانێکی دژ بەیەکە، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت چۆن گەورەتربێت. کەواتە نەرەتیڤ بریتییە لە دروستکردنی چیرۆکێک لە کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی بۆ بەدەستهێنانی سۆزوپشتیوانی خەڵکانێکی زۆر، کە نایانەوێت یان نازانن کرۆکی راستەقینەی ململانێیەکان لەسەر چییە. بە زمانێکی دیکە، نەرەتیڤ یانی هۆنینەوەی چیرۆکێک، بەتایبەتی لە دۆخێکی سیاسیدا، وەک ئامڕازێکی سیاسی بۆ ورووژانی خەڵک، لە رێگەی پەنابردن بۆ ورووژانی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وەک شەڕی باش و خراپ، رەوا و ناڕەوا، بەهێز و لاواز، دەستدرێژکار و قوربانی. 
 
گرنگیی نەرەتیڤ لای هەردوو لا، ئێرانییەکان و ئیسرائیلییەکان بەرچاوە. جارێکیان رۆژنامەی ناسراوی  ئیسرائیلی، هائارێتس، ململانێی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکانی وەك ململانێ لەسەر نەرەتیڤ ناوزەد كردبوو
 
نەرەتیڤ کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە: یەکەمیان گێڕانەوەیەکی مەبەستدارە. بەو واتایە، هۆنینەوە و رێکخستنی راستییەکانە لەپێناو دروستکردنی چوارچێوە و جیهانبینییەک کە لەگەڵ مەبەستی هۆنەرەكەدا بگونجێت. بەکورتی نەرەتیڤ شێوازێکی پۆستمۆدێرنی ئایدیۆلۆژیایە وەک لە چەمکی گراند-نەرەتیڤی لیوتاردا دیارە. گرنگی نەرەتیڤ لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیا لەوەدایە کە زمانی گێڕانەوە و هەوڵی بۆ گەیشتن بە جەماوەرێکی فراوانە، چونکە مرۆڤ هەموو بوارەکانی ژیانی لە شێوازی چیرۆکدا بەرجەستە دەکات. بە مانایەکی دیکە، زمان و پانتایی ئایدیۆلۆژیا سنووردارە و تەنیا ئەوانە پێی کاریگەر دەبن کە هەڵگری ئایدیۆلۆژیاکەن، بەڵام نەرەتیڤ ئەم سنووردارییە تێدەپەڕێنێت و کاریگەری لەسەر جەماوەرێکی فراوانتر دەبێت، کە مەرج نییە هاوسۆزی ئایدیۆلۆژییەکە بن. بۆ نموونە ئەگەر ئێرانییەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئێران یان شیعەوە، رووداوەکانیان بگێڕنەوە، ئەوا زۆرینەی زۆری جیهانی ئیسلامی هاوسۆز و وەرگری نابێت. بەڵام کاتێک پلان و بەرژەوەندی و هەوڵەکانیان لە ململانێ لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئیسرائیلدا دەگێڕنەوە، ئەوا خەڵکانێکی زۆر کە رەنگە هاوسۆزی ئێرانیش نەبن بەڵام نەیاری ئیسرائیلن، بە ئاست و شێوازی جیاوازەوە هاوسۆزی دەبن. کەواتە جەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئیسرائیل جەنگێکی فرە ئاستە لەپێناو رەوایی و هاوسۆزی و بایەخپێدان و هەوڵە بۆ سەرکردایەتیكردنی جیهانی ئیسلامی. 
 
تایبەتمەندییەكی دیكەی هەرە سەرەکیی نەرەتیڤ بەتایبەتی بۆ ئەم مەبەستەی ئێمە، ئەوەیە کە ئەوەی روودەدات دەیخاتە ناو چوارچێوەیەکی فراوانەوە. لەوە رزگاری دەکات کە تەنیا رووداوکی تاقانەی رۆژ بێت. بەڵکو بە زنجیرەیەک رووداوی دیکەوە گرێیدەدات، کە توانا و کاریگەری لەسەر خەڵکی زیاتر دەبێت. پێکەوەگرێدانی کورد و ئیسرائیل وادەکات کە پێگەی ئێران بەهێزتر بکات و، رووداوەکەش دەنگێکی گەورەتر و بەرفراوانتری هەبێت.
 
رەهەندی سێیەمیش رەواییە. بەپێکەوەگرێدانی هێرشەكەی سەر هەولێر لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران  دەیەوێت  بەستێنیك بۆ هاوەڵ و دۆست و لایەنگر و کرێگرتەکانی دابین بکات کە رەوایی بۆ رووداوەکە بدۆزنەوە. 
 
ئێران و ئیسرائیل و بەکاربردنی کورد
 
ئێران و ئیسرائیل هەردوو هەمان میتۆد دژ بەیەکتر بەکار دەبەن. یەکێک لە هەرە ناسراوترین میتۆدەکان، بە ناوی گۆرانییەکی گۆرانیبێژی شەعبی ئەمریکی جۆنی کاشەوەیە بە ناوی ئەڵقەی ئاگرین . مەبەست لە ئەڵقەی ئاگرین ئەوەیە کە هەر یەک لە ئیسرائیل و ئێران لە هەوڵی ئەوەدان یەکتر بخەنە ناو ئەڵقەیەکی ئاگرینەوە. ئەمەش پاڵنەری ئەوەیە کە ئێران لەگەڵ حیزبوڵڵا و حەماس و سوورییەکاندا پەیوەندیی تۆكمە و پتەوی هەیە، تاوەكو بە دەوری ئیسرائیلدا ئەڵقەیەک لە نەیار و سەرچاوەی ئاگر دروست بکات. رەنگە دوایین شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەکێک بووبێت لە زەقترین دەرکەوتەکانی ئەم ستراتیژییە. ئوزی روبن لە سەنتەری ستراتیژی بن گۆریون لەم روانگەیەوە بابەتی نووسیوە . دیارە پاڵنەری ئەمەش، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەو راستییەیە کە هەردوو وڵات زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە یەکترەوە دوورن. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە هەمانشێوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ئێراندا هەبێت، بۆ نموونە ئیسرائیل لەگەڵ ئازەربایجان و تورکیادا (چەند هەفتەی رابردوو بارەگای موساد بە ئاشکرا لە ئەنقەرە کرایەوە ) هەیە، هەروەها پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئەبراهام، لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات پەیوەندی راستەوخۆی باشی هەیە و، لە هەمانکاتیشدا لەگەڵ قەتەر و سعودیەدا بە ئاستێکی کەمتر لە پەیوەندیدایە. بەهۆی ئاگاداربونی هەردوولا لە نیازوپلانی یەكتر، هەستیارییەکی گەورە بەرامبەر هەوڵەکانی یەکترهەیە. دەکرێت لەم روانگە ستراتیژییەوە هێرشەکەی سەر هەولێر وەک نمایشی ئێرانییەکان بخوێندرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی نێو ئەڵقەی ئاگرینی ئیسرائیلی. چونکە ئێران ناتوانێت بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری، ئەوا لەرێگەی هێرشەکەی هەولێرەوە پەیام و نمایشێک بۆ ئەوانیتر دەنێرێت کە خاوەنی رۆکێت و توانایە بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە. هەڵبژاردنی کوردستان ئامانجی دیکەییش هەبوو، بەتایبەتی بەرامبەر ئەمریکا، بەڵام هەلێری هەڵبژارد چونكە کوردستان یان عێراق توانای وەڵامدانەوەیان نییە. هەڵبەت ئەم رەهەندە نمایشییە ستراتیژییە، هێندەی رەهەندە نەرەتیڤییەکەی گرنگ نییە. بۆ هەموو چاودێرێکی بە ئاگای دۆخەکە ئەوە روونە کە ئەمە یەکەمجار نییە ئێرانییەکان کورد لەگەڵ ئیسرائیل دا تێکهەڵکێش دەکەن. دیارە هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن و، لە خوارەوە هەندێکیان بەکورتی بەرچاو دەخەین:
 
یەکەم: بەدەستهێنانی رەوایی بۆ هێرش، وەک لە لێدوانی باڵیۆزی ئێرانەوە لە بەغدا دیاربوو. 
 
دووەم: بەدەستهێنانی هاوسۆزی لە دنیای ئیسلامیدا. لە پێکەوەگرێدانی کوردستان و ئیسرائیل، ئێرانییەکان توانیویانە جەماوەرێکی زۆری دنیای ئیسلام و چەپی رۆژئاوایی بورووژێنن.
 
سێیەم: گەیاندنی پەیام بۆ ئیسرائیل و پێشاندانی تواناکانی ئێران. 
 
چوارەم: پێکەوەگرێدانی هێرشەکە بەو نەرەتیڤە کۆنەی لەپێناو پێکەوەگرێدانی ململانێیەكان لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا. بۆ ئەوەی تەنیا نەبێتە کردەیەکی بێبایەخی لەبیركراو یان هەواڵێکی رۆژ. 
 
پێنجەم: هاوشێوەکردنی کورد و ئیسرائیل بەشێکە لە ململانێی ئێران لەگەڵ پرسی کورد و، بەوجۆرەش تیۆری هەبوونی دەستی دەرەکی لە پرسی کورددا پەرەپێدەدات. 
 
شەشەم: باسکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، عێراق و کوردستانی خستنە خانەی پاکانە و نکوڵێکردن. لەکاتێکدا هێرشیان کراوەتە سەر و دەبووایە بە زمانێکی جیاوازتر لێدوانیان بدایە.
 
حەوتەم: سرووشتی نەرەتیڤ وەهایە کە بەرفراوان و گەورەترە لە خەسڵەتەکانی دیکەی گێڕانەوە. مووشەکەکانی ئێران، ئەگەرچی لە واقیعدا پەیام و ئامانجی دیکەیان هەبوو، بەڵام بە دروستکردنی رەهەندی نەرەتیڤی لە بەرامبەر ئیسرائیل، بووە بەشێک لە نەرەتیڤێکی گەورەتر، کە پەیوەستە بە بوونی ئیسرائیل و رۆڵی لە ناوچەکەدا.  کۆتایی ئێران و ئیسرائیل جەنگێکی فرە ئاستی بەرفراوانی ئاڵۆز لەگەڵ یەکتردا دەكەن. لە جەنگەکەدا ئیسرائیل لە هەموو ئاستێکدا لە ئێران باڵاترە. بە جۆرێک دەتوانێت لەناو ئێراندا کار و کردەوەی سەربازی بكات. ئەم هاتنە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئێرانییەکان، بەتایبەتی نیشانەی ئەوەیە کە چیدی قۆناخی ئەڵقەی ئاگرین کۆتایی هاتووە و ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئەڵقەکە هەیە. ئەویش لەڕێگەی باڵادەستیی تەکنەلۆژیاوە. دوایین رووداوی ئەوەش لە چەند هەفتەی پێشوو لە نزیک کرماشان روویداوە. رووداوەکان تەنیا بەشێکن لە ململانێیەكان. ئێران و ئیسرائیل لە ئاستێکی تایبەت دا لە هەوڵی ئەوەدان کە چۆن پاڵپشتی و رەوایی بۆ پرسەکەیان دەستەبەر بکەن. لەمەدا هەردوولا لە هەوڵی هۆنینەوەی جۆرێک لە چیرۆکن، کە لێرەدا بە نەرەتیڤ ناومان برد. لەمیانەی ئەم نەرەتیڤەدا، کورد ساڵانێکی زۆر بە ئیسرائیلەوە گرێدراوە. ئەم پێکەوەگرێدانەش زیانێکی زۆری بە پرسی کورد گەیاندووە.  وەک لە سەرەوە باسمانکرد دروستکردنی ئەم نەرەتیڤە لەلایەن ئێرانەوە، کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیژی هەیە، بەڵام کورد قوربانییەکی گەورە دەدات. ئێران کێشەی لەگەڵ کورد و دەسەڵاتی کوردی دا هەیە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئەوەی كورد بخرێتە چوارچێوەی ئیسرائیلی، ئیدی پرسی کورد لە کورد و تایبەتییەکانی دادەبڕێت، ئەویش لەکاتێکدا كە پرسی کورد و ئیسرائیل هیچ هاوبەشییەکیان نییە. دەکرێت پەیوەندی هەبێت بەڵام دەبێ جیاکاری بکرێت لەنێوان پرسی جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل و رۆمانسییەتی تاکە کەسیی لەگەڵ پرسی كورد. دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە بە لۆژیکی دەوڵەت کار دەکات، لۆژیکی دەوڵەتیش لۆژیکێکی ستراتیژیی بەرژەوەندییە، نەک دۆستایەتی و هاوسۆزی و رۆمانسییەت.  ئێران لەم پرسەدا زیان لە رەوایی پرسی کورد دەدات. هێزی خۆی بە ئاسانی بەرامبەر ئیسرائیل نمایش دەکات. هەروەها لەجیاتی ئەوەی سەرکۆنە بکرێت، پاکانەی بۆ دەكرێت. لەڕێگەی نەرەتیڤەوە، ئێرانییەكان پەیوەست بە دۆزی کورد، هەروەها لە پەیوەندییان لە گەڵ ئیسرائیل و، لە دروستکردنی وێنا و پاساو لە جیهانی ئیسلامیدا بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک دەکوژن. وادیارە کورد لەم رەهەندی ململانێیەکە بێئاگایە. بەئاگابوونی کورد لە رەهەندی نەرەتیڤی ئیسرائیلی گرنگە. ئەم پرسە کۆمەڵێک وێنا و پاساو دروست دەکات کە بە ئاسانی ناڕەوێندرێنەوە و، دەبنە بەشێک لە خەیاڵی گشتی كە لە ململانێی سیاسی دا بەکار دەبرێن. دەبێت گوتاری کوردی لەم بارەوە عەقلانی بێت. راستییەکی تاڵ هەیە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەویش ئەوەیە كە لەبەرئەوەی کورد خەڵکێکی بێ دەوڵەتن، ئەوەیان پێ رەوا نابینن وەک دەوڵەت مامەڵە بکەن.   *ئەم شرۆڤەیە بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسراوە . 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan