د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

شەڕی ئۆکرانیا: چەند سەرە قەڵەمێک

شەڕی ئۆکرانیا ئەو رووداوەیە کە دنیا دەگۆڕێت و لە هەناویدا دنیای نوێ بەرجەستە دەبێت، بەڵام دنیای ئێمە لە گوێ گادا نووستوە.
ئێستا کییەڤ مەککەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. هەر سیاسییەک سەردانی ئەوێ بکات، خۆی بە سەرکەوتوو و جەنگاوەر دادەنێت. هەر سیاسییەکیش رێگەی پێنەدرێت وەک سزا دراو تەماشا دەکرێت، بۆ نمونە سەرۆکی ئەڵمانیا.

ئەوروپایی ئەمەریکییەکان، سەرەتا هەوڵیاندا شەڕەکە ناوبنێین شەڕی پوتین، بە مەبەستی ئەوەی دایبڕن لە خەڵکی رووسیا و لەڕێگای ئابلۆقەوە، فشار بۆ سەر پوتین دروست بکەن، بەڵام دەرکەوت شەڕەکە شەڕی پوتین نییە بەت ەنها بەڵکو رەگی هەیە لە سایکی زۆرێک لە نوخبەی سیاسی رووسیدا. بۆیە ئێستا شەڕەکە شەڕی رووسیایە. رووسیا دەبێت لاوازبکرێت، ئەمە سیاسەتی ئێستای ئەمەریکایە.

کاتێک وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری بە فڕۆکە چوونە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە پۆڵۆنیا و پاشان بە شەمەنەدەفەرێکی جام تاریک، رۆشتن بۆ کییەڤ، لە گەڕانەوەیاندا ئەوەیان راگەیاندا کە ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە توانای سەربازی رووس وەها لاواز بکات کە جارێکی تر نەتوانێت کاری وەها بکات. گرتنی کوێت لە لایەن عیراقەوە و وێرانکردنی سوپای عیراقی بهێنەوە بیری خۆت. هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان سوپای رووسی و سوپای عیراقی، نەک تەنها لە دزی و لاقەکردنی ئافرەتان بەڵکو لە زۆر رووی ترەوە.

ئەڵمانیا تووشی گێژاوێکی گەورە بوە لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا. وڵات وەک گوێی گوێ درێژ، نیوە بە نیوە پەرتبوە. لە رۆژانی رابردودا 28 بەناو رۆشنبیری ئەڵمانی نامەیەکیان بۆ شوڵتز نووسی کە هاوکاری ئۆکرانیا نەکات بە چەکی قورس. بەڵام بە توندی وەڵامدرانەوە. 
ئەڵمانیا لە پاش جەنگ، کەوتە دۆخێکەوە کە خەمی جیوپۆلەتیکی نەبوو. سەرقاڵی زانست و ئابووری بوو. بەڵام چیدی ئەو سەردەمە نەما لە پەنای ئەمەریکادا ببوژێیتەوە و سوکایەتی بە ئەمەریکا بکەیت. ئێستا ئەڵمان لە رووس و ئەمەریکاش دەترسن. ئەمە دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپایە.

رووسیا وەک دۆڕاو دەبینرێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دۆڕانی رووسیا نەبوونی دیموکراسییە. هەرگیز سوپای نادیموکرات لە سوپای وڵاتی دیموکراسی ناباتەوە. هۆکارەکەشی ئاسانە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا کەس ناوێرێت راستی بە سەرۆک بڵێت و سەرۆک دەوری خۆی بە ماستاوچی و لە بلەبان دەگرێت ئیتر نازانێت خۆی راستەقینەی دنیا چییە.
چین جارێ لەم دەیەیەدا باسی هێرشی سەر تایوان ناکات. 

جارێکی دیکە ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ دنیا. هەمیشە ئەمەریکا پاش شکست، بە دوای رووداوێکدا دەگەڕێت بۆ سەپاندنی بوونی خۆی. پاش کابول و عیراق، ئۆکرانیا دەرفەتە، لاوازبونی رووسەکان گەورەترین دەستکەوتە بۆ مرۆڤایەتی.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan