د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

بردنەوەی ئەردۆغان واتای چی دەدات؟

پوختە
تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا، لەبەرئەوەش هەر گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی ئەو وڵاتە  کاریگەریی راستەوخۆی لە دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەبێت. هەرچەندە دوایین هەڵبژارنەکان لە جەوهەردا گۆڕانکاریی بەرهەم نەهێنا، بەڵام لە زۆر ئاستی دیكەدا گۆڕانکاریی بەرچاوی دروستكرد کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی تورکیا بۆ دەرەوەی خۆی دەبێت. بەپشتبەستن بە تێزی ئەوەی کە سیاسەتی ناوەوە، سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێت یان سیاسەتی دەرەوەی لە خزمەت پێداویستییەکانی ناوخۆدایە، هەوڵدەدەین خوێندنەوە بۆ دوایین هەڵبژارنەکانی تورکیا بکەین.

بەکورتی هەڵبژارنەکانی تورکیا دوو دیاردەیان پیشانداین، یەکەم، جەمسەرگیریی قووڵی کۆمەڵگەی تورکی لە ئاستی جیاوازدا. دووەمیان هەڵکشانی زۆر بەرەوە ناسیونالیستی تووندئاژوو(ئەلترا-ناشنالیست). هەڵبژاردن نەک هەر ئەم دوو تایبەتمەندییەی پیشانداین، بەڵکو لە بەرهەمهێنانیشیدا بەشداربوو.

سەرەتا، دووانەی لۆجیک و واقیع
هەڵبژاردنەکانی تورکیا جێگەی سەرنج و بایەخی جیهان بوو. لە خولی یەکەمدا دۆخێکی تێکەڵ لە واقیع و خەون، پشتبەستوو بە راپرسییەکان ژینگەیەکی وەهایان سازاند کە زۆربەی خەڵک لە ناوەوە و دەرەوە چاوەڕوانی کۆتایی ئەردۆغان بن. ئەمە پشتی بە لۆژیکێک بەستبوو کە زۆرینەی خەڵکی تورکی لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین، هەروەها ئابووری یان ژیان و گوزەران لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر گرنگە بەلای دەنگدەرانەوە، بەڵام دەرکەوت لۆژیکەکە راست نییە. بردنەوەی ئەردۆغان لە پەرلەمان و سەرکەوتنی بۆ گەڕی دووەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دۆخێکی دیکەی سیاسی و دەروونی هێنایە ئاراوە، بە جۆرێک كە لە گەڕی دووەمدا، زانراوبوو کە ئەردۆغان براوەیە.

 لێرەدا هەوڵدەدەین وەڵامی دوو پرسیار بدەینەوە: یەکەم، بۆچی ئەردۆغان سەرکەوت و دووەم، ئەم سەرکەوتنە چ واتایەكی بۆ ناوچەکە و جیهان هەیە؟ سەرەتا بە پرسیاری بۆچی ئەردۆغان سەرکەوت، دەستپێدەکەین.

 یەکێک لەو وەڵامانەی کە بۆ راڤەکردنی هەڵبژاردنی تورکیا پەنای پێدەبرا، ئابووریی بوو. لەو روانگەیەوە قسەیەکی سولەیمان دەمیرەل وەبیر دەهێنرایەوە کە گوایە قاپی مەتبەخ دەتوانێت حکومەتێک بڕوخێنێت. ئەمە وتنەوەی ئەو دەربڕینە ناسراوەیە کە لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی بیل کلینتۆندا داڕێژرا، کە دەڵێت: "ئابووری گەمژەیە". جەیمس کارڤیلل کە راوێژکاری بیل کلینتۆن بوو، لە ساڵی 1992 ئەو دەربڕینەی داڕێژا و پاشان بوو بە پێوەرێکی جیهانی، بەڵام ئایا لە راستیدا ئابووری کاریگەریی نەبوو؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بە تێڕوانینێکی قووڵترە لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن. سەرەتا چەند داتایەک بەرچاو دەخەین:

 یەکەم، زۆربەی شارە گەورەکان دەنگدەری پارتی داد و گەشەپێدان نەبوون. ئەوەی روونە کە قەیرانی ئابووری، قورسایی زیاتری لە سەر خەڵکی شارەکانە بەراورد بە خەڵکی دەرەوەی شارەکان یان شارە بچوکەکان. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئابووری کاریگەریی هەبوو، بەڵام کاریگەرییەكی یەکسان نەبوو، چونکە ئابووریی تورکی ئابوورییەکی یەکسان نییە و هەروەها جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوان شار و شارۆچکەکاندا. بۆ نموونە لە بواری نیشتەجێبووندا، شارە گەورەکان قەیرانی گەورەیان هەیە، چونکە بوونەتە شوێنی ئەو بیانییانەی کە لە تورکیا خانووبەرە دەکڕن، لەگەڵ کۆچی زۆری خەڵكی دەشتەکیی بۆ شار، بەڵام ئەم کێشەیە لە دەرەوەی شارە گەورەکان نییە یان ئەگەر هەشبێت بەو جۆرە نییە.

لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین کە نابێت ئابووری تەنیا لە روانگەی رێسا ئابوورییەکانەوە بخوێنینەوە. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئابووری دەبێت لە چۆنێتیی کولتوور و یادەوەری و مێژووی ئەو وڵاتەش بنواڕین. بە دیدی دارون عەجەمئۆغلۆ قۆناغی گەشەی ئابووریی تورکی بەسترابووەوە بە قۆناغی گەشەی دەزگای سیاسیی تورکی، بۆیە بە پاشەکشەی ئەوەی دوایی، ئابووریش رووی لە داکشان دەكات.

دووەم، لە ساڵانی دواییدا قسەکردن لە سەر ئابووریی شار و دەرەوەی شار بوارێکی بەرفراوانی رشتەکانی وەک ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵناسی گرتووەتەوە. یەکێک لەو تیۆرانەی کە بەکاردێت بۆ راڤەکردنی ئەم دیاردەیە هی لێکۆڵینڤانێكی بە رەچەڵەک ئیسپانییە لە زانکۆی ئێل ئێس ئی لە لەندەن، كە چەمکی تۆڵەی شوێنە كەم بایەخەكانی داڕشت. بەپێی تێزەکەی ئەو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا یان لە راپرسییەکەی برێکزت یان لە دەنگدەرانی راستڕەوەی ئەورووپی بنواڕێت، دەبینیت كە بە زۆری دەنگەكان لەو جێگەیانەوە دێن کە ئابووریی جیهانگیریی پشتگوێی خستون و لە رێگەی دەنگدانیانەوە لە هەوڵی جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە دەدەن.

 هەرچەندە ناتوانرێت ئەم تێزە راستەوخۆ بەسەر دۆخی تورکیادا بسەپێندرێت، بەڵام دەکرێت بەکارکردن لەسەری لە دۆخی تایبەتی تورکیادا، سوودمەندبێت. بەشی زۆری دەنگدەری پارتی داد و گەشەپێدان، خۆیان بە لەبیرکراو یان پەراوێزخراو دەبینن لە مێژووی تورکیای نوێدا. هاتنیان بۆ ناو کایەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک بەرئەنجامی لە دەسەڵاتدا بوونی پارتی داد و گەشەپێدان دەبینن. لەم راستییە مێژوییەوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دەنگدەری ئەردۆغان هەرچەندە بە دەست سەختیی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەڵام وەها بیری لێدەکاتەوە بە هاتنی ئەوانیتر دۆخی خراپتر دەبێت نەک باشتر.

 ئەم دۆخە خەستتر دەبێتەوە کاتێک لە مێژووی 20 ساڵی رابردوودا دەسەڵات دەستاودەستی نەکردووە هەتا خەڵک جیاکاری بکەن لەنێوان گەشەی ئابووری و نوخبەی سیاسیی ئێستا، بۆیە تورکیای 20 ساڵی رابردوو کە دەیەیەکی زیاتری دەیەی گەشە بووە بەجۆرێک تورکیای گەیاندە نێو ریزی 20 گەورە ئابوورییەکەی جیهان، لە خەیاڵی جەماوەریی پارتی داد و گەشەپێداندا وابەستەیە بە ئەو پارتەوە. ئەمە هەروەها کاری زۆری بۆ دەکرێت کە ئەم وابەستەییە بکرێت بەڕاستی و هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی وەک مەترسی لە لایەن ئەو خەڵکانەوە لێک بدرێتەوە. هەروەها، ئەو جەمسەرگیرییە قووڵەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە، هاوکاریی ئەم دۆخە دەکات. جەمسەرگیریی تورکی بە ئاستی رەگەزپەرستییە. تورکە عەلمانییەكانی لە میترۆپۆلەکان وەها لە ئەوانیتر دەڕوانن کە بەتاڵبن لە هەموو تایبەتمەکانی ئەم سەردەمە.

 سێیەم، سەرباری ئەمانە تورکیا لە دۆخێکی جەمسەرگیریی سەختدا دەژی. ئەم جەمسەرگیرییە بەجۆرێکە کە دوو بەرەکە لەیەکتر نزیکن و زۆر لەیەکتر دەترسن، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک بە دۆخێکی ئاسایشی و ناسەقامگیری دەبینن، بەتایبەتی هیچ هێزێکی دیکە نییە کە بە تەنیا بتوانێت رکابەربێت و مێژووی حکومەتی هاوپەیمانی مێژوویەکی پڕ ناسەقامگیرییە لە تورکیادا.

 لێکۆڵەری تورک ئەسلی ئایدنتاشباش لە واشنتۆن پۆست دەنووسێت: ئەردۆغان بردییەوە، بەڵام کۆتایی مێژوو نییە. نزیکەی 25 ملیون دەنگدەر دەنگیان بە ئەردۆغان نەدا، کە دانیشتووانی شارە گەورە قەراغییەکانن، خوێندەوارن، باشترین و زیرەکترینن. ئەمە بە زەقی واتای ئەوەیە كە ئەوانیتر کە دەنگیان بە ئەردۆغان داوە بەوجۆرە نین. شایانی باسە، ئەسلی باسی کوردی نەکردووە کە بە ملیۆن دەنگیان بە جەهەپە دا. ئەم دۆخە وەهایکردووە کە زۆرێک دۆخی گشتیی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە دۆخی پاش-راستی "پۆست-تروس" ببینن.

ئەم پاشخانە ئاڵۆزەی تورکیای ئێستا، وەها دەکات کە بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا واقیع چۆن دەبینرێت نەک هەوڵبدەین لۆژیکێکی گشتی بەسەردا بسەپێنین. بەم پێیە، ئابووری کاریگەری هەبوو، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی بەدەست سەختیی ئابورییەوە دەناڵێنن، ئەگەر لە شارە گەورەکان بن، دەنگیان بە بەرەی رکابەری ئاک پارتی دا، ئەوانەشی لە دەرەوەی شارە گەورەکانن، دەنگیان بە ئەردۆغان دایەوە، چونکە بڕوایان وەهایە ئەو دۆخی ئابووری باشکردن و ئەگەر ئێستاش کە لە قەیراندایە، ئەوا هەر ئەو دەتوانێت باشی بکاتەوە. ئەم خەڵکانە بڕوا بە لێکدانەوە ئابوورییە وشک و ئاڵۆزەکان ناکەن کە بۆ هەڵاوسان و سوو و ئابووری دەکرێت. بەگشتی بڕوایان وەهایە، رۆژانێک ئابووری باش بوو، بەڵام پاش دەستوەردانی دەرەکی تووشی قەیران بووە. ئەوەی دەتوانێت باشی بکات ئەردۆغانە، نەک کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ.

دووانەی شاری گەورە بەرانبەر شاری بچووک (ئەناتۆلیا)
ئەگەر تەماشای نەخشەی دەنگدانی تورکیا بکەیت دەبینیت کە شارە گەورەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە زۆرترین دانیشتووانی وڵات تیایدا نیشتەجێیە بە زۆری دەنگیان بە رکابەرانی ئەردۆغان داوە. دەبێت لە سەرەتادا ئەوە لەبەرچاو بگرین کە جیاوازییەکان، لەنێوان هەردوو بەرەکەدا کەمە. وەک چۆن شاری گەورە سوودمەندی سەرەکیی ئابووری جیهانگیرییە، لەهەمانکاتدا لە کاتی قەیراندا، زەرەرمەندی سەرەکییە، بەڵام ئەم پەرتبوونە جگە لە ئابووری، رەهەندی دیکەشی هەیە. ئەویش پرسی جەمسەرگیرییە لە تورکیا. یەکێک لە فاکتەرەکانی بردنەوەی ئەردۆغان یاریکردنە لەسەر گەمەی جەمسەرگیریی.

 دووانەی شار بەرانبەر دەرەوە زۆر خەسڵەتی ئەم جەمسەرگیرییەمان پێدەڵێت. جەمسەرگیریی بە گشتی کاتێک ترسناکە کە لایەک دەتوانێت بە دژایەتی لایەکەی دیکە زۆرینەیەکی کەم بەدەستبهێنێت. لەم دۆخەدا هەردوو بەرەکە بۆ زاڵبوون بە سەریەکدا پێویستیان بە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی ئاسایشی دوژمنکارانە لەنێوان هەردوو بەرەکەدا دروستبکەن، بە ئاستی گەمەی سفری.

جەمسەرگیریی تورکی چەند تایبەتمەندیێكی ئاڵۆزی هەیە، کە ناکرێت تەنیا لە ئیسلامی بەرانبەر عەلمانیدا یان شاری و ناشاریدا کورتبکرێنەوە. جەمسەرگیریی تورکی لەنێوان کورد و بەرەی ناسیونالیستی تووندڕەودایە، لەنێوان جۆری جیاوازی داهاتی ئابووریدایە، لەنێوان هەڵگرانی بەها جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقیدایە، لەنێوان جوگرافیا جیاوازەکان و کاریگەریی کولتوورە جیاوازەکاندایە. ئەوەی مەترسییە کە سیاسەت ئەم جیاوازییانە بەکاردەبات و زیاتر قووڵی دەکاتەوە. ئەردۆغان لە رەوتی سیاسیدا سەرەتا وەها هەوڵیدا بۆ رکابەریی ئەم جەمسەرگیرییە ئیسلامیی و کورد کۆبکاتەوە، بەڵام هەرزوو بۆی دەرکەوت کە ئەستەمە بتوانرێت ئیسلامی سیاسی تورکی و نەتەوەییبوونی تورکی لە یەکتر داببڕێت، بۆیە لە 10 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی، لە هەموو هەوڵەکانیدا کار لەسەر دووانەی ئیسلام-نەتەوە دەکات و تیایدا سەرکەوتوو بووە. هەر لە کردنەوەی مزگەوتی ئایا سۆفیا، هەتا بەرزرکردنەوەی چوار پەنجەی بۆ پیشەسازیی سەربازیی و هێرشی بۆ سەر کورد و فراوانخوازیی تورکی هەموو دەتوانرێت لەم روانگەیەوە بخوێنرێتەوە. رەنگە هیچ کەسایەتییەک هێندەی سولەیمان سۆیلو بەرجەستەکەری ئەم تێکەڵبوونەوەی ئیسلام و نەتەوە نەبێت.

 پێکەوەگرێدانی ئابووری و جەمسەرگیریی، دەمانگەیێنێتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئەردۆغان ناچارە بەردەوام بێت لە سەر رێچکەی خۆی لە داهاتوودا، بەتایبەتی كە هەر لەئێستاوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی داهاتوو دەستیپێکرد.

ئەم سەرکەوتنە واتای چی دەگەیەنێت؟
میدیا جیهانییەکان، بەتایبەتی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست و دێرشپێگل و ئەوانیتر وەهایان دەبینی کە شکستی ئەردۆغان گرنگە، چونکە ئاماژەی ئەوە بە جیهان دەدات کە دەتوانرێت کەسی ئۆتۆکراتی دژی بەرەی رۆژئاوایی لە رێگەی دیموکراسییەوە لە پۆستەکەی لاببرێت. ئەمە بەو مانایە دێت کاتێک دیموکراسی تووشی قەیران دەبێت ئەوا خۆی چاک دەکاتەوە، بەڵام بە هەڵەچوونی هەمووان، یەکێک لە پاڵنەرەکانی خواست و هیوابوو کە جودابوو لە واقیع. ئەمە دەمانبات بۆ ئەو دیدەی کە دۆخی ساڵانی رابردوو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوە چییە کە بەردەوام دەبێت؟

 ئەردۆغان لە وتاری سەرکەوتیندا بانگەشەی بۆ سەرەتای سەدەی تورکی کرد. چەمکی سەدەی تورکی، هاوشێوەی سەدەی ئەمەریکی، بە مانای ئەوە دێت کە ئەو سەدەیەی کە دێت تورکیا تیایدا دەبێتە وڵاتێکی کاریگەر لە ئاستی جیهاندا. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەدەی یەکەمی تورکی تەواو دەبێت. هەرچەندە ئەم بانگەشەیە بڕێک زۆر لە خوود- مەزنێتی تیادایە، بەڵام کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگمان پێدەڵێت لەبارەی رەوتی سیاسەتی داهاتووی تورکیا لە ناوچەکە و جیهاندا.

 لە رابردوودا دیدێک زاڵبوو کە قۆناغی بانگەشە جودایە لە قۆناغی حوکمداریی. لە قۆناغی بانگەشەدا بەهۆی کێبڕکێ و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و وروژاندنی جەماوەر، سیاسییەکان ناچار دەبن  زەق و رەقتر لە جاران قسەبکەن، بەڵام ئارۆن شتاین لەWar on Rocks  ئاماژەی دەدات بەوەی كە ئیدی، ئەم دیدە بۆ تورکیا گونجاو نییە .

بەم پێیە ئەگەری گۆڕانکاریی زۆری پاش هەڵبژاردن لەئارادا نییە. هەرچەندە پیرۆزبایی خێرای سەرکردە رۆژئاواییەکان ئاماژەیەکی روونە کە نایانەوێت هەمان هەڵەی 2018 دووبارە بکەنەوە. بەم پێیە ئەگەر بانگەشە پێوەرێک بێت بۆ سیاسەتی دەرەوە، ئەوا ئایا بانگەشەكە لەم بوارەدا چیمان پێدەڵێت؟ 

لۆزانیزم بەرانبەر میساقی میللی
ئەم دوو چەمکە لە هەڵبژاردندا بە راستەوخۆیی بەکار نەهات، بەڵام بانگەشەکانی کەمال کڵچدار ئۆغلۆ یان جەهەپە، بەڕوونی و بەزەقی جەختی لە پرسی ناوخۆیی تورکیا دەکردەوە. دەکرێت دیدی کڵچدار ئۆغلۆ بگەڕێنینەوە بۆ ئەو وتەیەی مستەفا کەمال ئەتاتورک کە دەڵێت: ئاشتی لە ماڵەوە، ئاشتی لە دەرەوە. بەپێچەوانەوە، کرۆکی بانگەشەی ئەردۆغان لەسەر کردنەوەی کارگەی سەربازی و بنکەی ئەتۆمی و درۆن و کەشتیی ئاسمانی بوو. ئەردۆغان دەیویست وەها دەربخات کە تورکیا گەورەیە و دەیەوێت لە ناوچەکە و جیهاندا رۆڵی هەبێت و توانای دروستکردنی کاڵای سەربازیی هەیە.

 لە ئاستی جیۆپۆلەتیکیدا و ئێستا جەختکردنەوەی کڵیچدار ئۆغلۆ لە پرسە ناوخۆیی و ئابوورییەکان مانای وەهایە پانتایی فۆکەسی ئەو لە هەناوی سنووری تورکیایە و لەبەر بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییە تەقلیدییەکانە، دەکڕێت بڵێین کە ناوەوە، دەرەوە دادەڕێژێت. بەم پێیە کڵیچدار ئۆغلۆ دەیەوێت پەیوەندی بە جیهانەوە بکات، لەپێناو خزمەتی پرسەکانی ناوەوە. ئەمەش لە ئاستی ناوچەکەدا بە مانای ئەوە دەهات کە سنووری داڕێژراوی لۆزان دانپیانراو دەبوو. هەروەها، تورکیا وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی، nation-state ی ئاسایی رەفتاری دەکرد نەک وەک وڵاتێکی هەرێمیی، regional power. جیاوازیی لەنێوان ئەم دوو دیدەدا زۆرە و کاریگەری زۆرە. ئەگەر دیدی بەشێکی سەرەکیی ئۆپۆزسیونی تورکی لۆزانییە و هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوزارشتەی مستەفا کەمال کە دەڵێت ئاشتی لە ناوەوە و ئاشتی لە دەرەوە، ئەوا دیدی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی تەواو جیاوازە.

 ئەردۆغان و هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکانی کە لە هەڵکشاندان، زیاتر باوەڕیان بە تورکیایەک هەیە کە سنوورەکەی لە هەناو میساقی میلـلیدایە. ئەم چەمکە رەهەند و مانای جیاوازی زۆرە، بەڵام ئێستا بە مانای فراوانتربوونی سنووری تورکیا لە سنووری لۆزانی کە راستەوخۆ هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە پەیوەندی بە مەسەلەی کوردەوە هەبوە.

 هەڵکشانی نەتەوەگەرایی و ئیسلام، تورکیا بە ئاراستەیەک دەبات کە جودایە لە رۆژئاوا، بەڵام دژی نییە. دەیەوێت جۆرێک لە سیاسەتێکی سەربەخۆییانەی هەبێت لەنێوان جەمسەرەکاندا. ئەم دیدە نوێیە، رەنگڕێژ دەکرێت بە مێژوو، چونکە ئەتاتورکیش بڕوای بە هەمان دیدی هاوسەنگی هەبوو لە سیاسەتی دەرەوەدا. هەرچەندە سەرباری فاکتەری ناوخۆیی یەکێک لە رێچکە پێشاندەرەکانی ئەم دیدە ناوەندە ئەمەریکییەکان خۆیانن، بەتایبەتی جۆرج فریدمانی خاوەن خانەی بیری جیوپۆلەتیکال فیچەر لەگەڵ پیتەر زاین . کەسێکی وەک جۆرج فریدمان کە دامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆر و پاشان داهاتووی جیۆپۆلەتیکییە، کە ویکیلیکس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لە نزیکەوە راوێژکاری ئەردۆغانە و هانی دەدا کە وەک هێزێکی هەرێمی رۆڵ ببینێت.

تورکیا و جیهان
ئەگەر لۆزانیزم و میساقی میلـلی دەتوانن رەفتاری تورکیامان لە ناوەوە و دەرەوە بۆ دیاری بکات، ئەوا پرسی رەفتاری تورکیا لەگەڵ جیهاندا رەهەندێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە و راستەوخۆ پەیوەستە بە رەهەندە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکەیەوە.

 ئەردۆغان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئاماژەی بە ئەوەدا کە ئامادەیە لەگەڵ بایدندا گفتوگۆ بکات. هەرچەندە رەنگە لێدوانەکە وەک پەیامێکی هەڵبژاردن ببینرێت، بەڵام تورکیا لە دۆخی ئێستایدا ناتوانێت لە وڵاتانی وەک رووسیا و قەتەر خۆی بەدوور بگرێت.

 لەڕاستیدا چاودێران وەهای دەبینن کە تورکیا و قەتەر زیاتر لەیەکتر نزیک دەبنەوە. لە یەکەم کاردانەوەی پاش هەڵبژاردن ئەردۆغان ئاماژەی بە ئەوەدا کە بە پارەی قەتەر خانوو بۆ ئاوارە سوورییەکان دروستدەکەن و دەیاننێرنەوە. ئەم نزیکییە کە بەشێکە لە بەرەیەکی هەرێمی لە زۆر ئاستدا بە زیانی کورد دەشکێتەوە.

 بە تێڕامان لە کرۆکی بانگەشەكان، چاوەڕوان ناکرێت پەیوەندیی نێوان تورکیا و رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردابێت، چونکە رێگریی بنەمایی و رێگری سیاسی هەیە. چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوی هەرە سەرەکیی ئەردۆغان بە ئاستی ئابووریدا بێت. هەندێک وەهای دەبینن کە پارە لە رۆژئاوا نییە، بەڵکو لە کەنداو و چینە، بۆیە سیاسەتی ئەردۆغان بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، بەڵام نابێت ئەو راستییە لە بەرچاو نەگرین کە ئەورووپا گەورەترین شەریکی ئابووریی تورکیایە.

دەرئەنجامەکان
هەڵبژاردنەکانی تورکیا گەرچی گۆڕانکاریی جەوهەری تیایدا رووینەدا، بەڵام سەرباری ئەوە سیاسەتی تورکیا لە ناوە و دەرەوە گۆڕانکاری بە سەردا دێت.

 یەکەم، گۆڕانکاریی لە ناوەوە روویدا كە هەڵکشانی باڵی نەتەوەیی تووندڕەوە لە رێگەی کەسایەتی و گرووپ و حزبی جیاوازەوە. هەروەها، بوونی کورسیی زیاتر لە پەرلەمان و هەبوونیان لە هەردوو بەرەی حکومەت و ئۆپۆزسیون. ئەم سیاسەتە، هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی تورکی، بەڵام لە هەڵبەز و دابەزدا بووە و ئێستا ئەگەری هەیە ببێتەوە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکی.

 دووەم، پەرتبوونی زیاتر کۆمەڵگای تورکی. ئەم چڕبوونەوەی جەمسەرگیرییە لەگەڵ هەڵکشانی نەتەوەیی تووندڕەودا کە قسە هەیە بەرەیەک پێکبهێنن بە ناوی میلەتچی، وەها دەکات کە جەمسەرگیریی کوردی تورکی، هەروەها ئۆپۆزیسیون و دەسەڵات چڕترببێتەوە.

 سێیەم، ئەم دۆخەی ناوەوە، داڕێژەری سیاسەتی حکومەتی تورکیا دەبێت نەک تەنیا لە ناوەوە، بەڵکو لە دەرەوەش. وەک ئاماژەکان دەریدەخەن بەردەوامبوون بە گوڕێکی زیاترەوە لە سیاسەتە هەرێمییەکان درێژەی دەبێت. هەرچەندە دیدێکی دیکە هەیە کە دەڵێت، چڕبوونەوە لە سیاسەتی تووند بەرانبەر کورد، پێویست ناکات، چونکە هەڵبژاردن لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەڕێوەدەچێت و هەروەها دۆخی رۆژئاڤا، کە پەیوەستە بە دۆخی سووریاوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

 چوارەم، ئاماژەکان وەها دەردەخەن کە ئەردۆغان سەرباری ئەوەی کەسێکی پراگماتیستە و لەپێناو مانەوەیدا کێشەی نییە کە ئاراستە و گوتار و کرداری بگۆڕێت، لە سیاستەکانی پێشووی بەردەوام دەبێت، بەڵام بە فۆکەسکردن لەسەر ئابووری.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan