د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

برێت مەکگۆرک: کیسنجەرێکی تر؟

هێنری کیسنجەر بوو بە 99 ساڵ. کەم سیاسی هەیە لە مێژوی ئەمەریکادا کە هێندە ناسراو و کاریگەر و درێژخایەن بێت، بە تایبەتی کە نە سەرۆک بوبێت و نە لە ئەمەریکا لە دایکبووبێت. سەردەمانێک کیسنجەر رومەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوو. پۆل وود، کە بیست و پێنج ساڵ لە بی بی سی کاری کردوە، لە پرۆفایلێکی ووردا وەهای دەبینێت کە، وەک کیسنجەر و ریتجار هۆلبروک و ئەوانیتر، برێت مەکگۆرگیش، دەبێتە ڕومەتی دیپلۆماسی ئەمەریکی. بەڵام هەرچەندە ماکگۆرک جوان دەنوسێت، بەڵام خاوەن هەمان بیر و ئاگایی و دیدی کیسنجەر نییە. 

مەکگۆرک لە سی ساڵیدا، وەک زۆرێک لە ئەو تازە دەرچوانەی زانکۆکانی ئەمەریکا، لە گەڵ هێرشی ئەمریکا بۆ عیراق هات بۆ بەغدا. سەرەتا هیچ رۆڵێکی سەرەکی نەبوو، بەڵام ئەوەی بە لای هەموانەوە جێگای سەرنج بوو، ئەوە بوو کە چۆن وەها بە خێرای پێگەی هەڵدەکشێت.
برێت کەسێکی نەناسراو نیە لە ناو کورددا، بۆیە هێندە بە ووردی ناچمە تان و پۆی مێژویەوە، بەڵام زانینی هەندێک خەسڵەت گرنگە. لاوبونی ئەو بنەمای ئەوەیە کە ئەو چۆن دەیەوێت مامەڵە بکات لە گەڵ خۆی و ڕێچکەی کاری و ئەوانیتردا. لەم روانگەیەوە برێت زۆر رەخنەی لە سەرە، بەوەی کەسێکە کە گرنگی زۆر بە ئیمیجی خۆی و سەرکەوتنی دەدات و زۆر بێ دەربەستە بەرانبەر نەیار و رێگرەکانی. ئەمە تەنانەت  لە واشنتۆنیش بەرانبەر ئەوانەش کە لە گەڵیاندا کار دەکات. ئەم خواستی سەرکەوتن و هەوڵدان بۆ تێکشانی هەموو رکەبەرێک و لابردنی هەموو بەربەستێک بە خراپی لە پرۆسەی پەرلەمان کاریگەری هەبوو لە کوردستان، پاشان لە سەر ریفراندۆم. 

ئەم بێدەربەستییەی مەکگۆرک بەرامبەر دەرئەنجامی هەوڵەکان ڕەنگە لە هەموی زیاتر لە پشتیوانی ئەودابێت بۆ نوری مالیکی. پشتیوانی ئەمەریکا بۆ مالیکی لەو قوتابخانەیەوەیە کە عیراق پێویستی بە کەسایەتییەکی بەهێزی شیعەیە بۆ بەڕێوەبردنی. [ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دەربڕینێک هەیە کە بە گشتی دەیگەڕێننەوە بۆ رۆزفلت بەرامبەر دیکتاتۆری نیکاراگوا سۆمۆزا، رەنگە کوڕی سۆزانی بێت، بەڵام کوڕی سۆزانیی سەر بە خۆمانە]. گەر ئەو نەبوایە مالیکی بۆ هەمیشە وەک کۆلکە سیاسییەک دەمایەوە. دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان ڕەخنەی ئەوە لە مەکگۆرک دەگرن، چونکە عەربی نازانێت و لە مامەڵەیدا پشت بە وەرگێر دەبەستێت و زۆربەی وەرگێڕەکان، بە هۆی ترس و لایەنگرییەوە، هەرگیز کارەکەیان بە پرۆفیشاناڵانە ناکەن، ئەوا مەکگۆرک نەیزانیوە مالیکی کێیە. چۆن کەسێکی ناسیونالیستی، تایفی، دژە ئەمەریکایە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی مەکگۆرک زۆر جار تەنها مامەڵە لە گەڵ ئەوانەدا دەکات کە زمانی ئینگلیزی دەزانن.

دیدی کورد بۆ تێگەیشتن لە کەس و کەسایەتی و یەکەکان زۆربەی جار لە سەر بنەمای هەڵوێستە. میتۆدی هەڵوێستگەرایی قەیرانی زۆرە. کەسێک لە ساتێکدا هەڵوێستێکی هەیە، ڕەنگە ئەو هەڵوێستە دەرئەنجامی کۆمەڵێک زۆر لە فاکتەر بێت، لە هەمانکاتدا ڕەنگە بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامدرابێت و هەروەها تەنها تاکتیکێک بێت. بۆیە هەڵسەنگاندنی کەسێک بە هەڵوێستێکی زۆر سنوردارە، بە تایبەتی بۆ کەسێکی بیانی لە دنیای پڕ لە هەڵبەز و دابەزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت، ئەگەر بمانەوێت لە ئاستی فیکریدا تێبگەین، برێت دەچێتە خانەی ئەوانەی کە هانا ئارێنت پۆلێنیان دەکات وەک کەرییەریست، careerist  کە بە کوردی پیشەخواز گونجاو بێت. کەسێک کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ئەوەیە لە پیشەکەیدا سەرکەوتووبێت. لە هەمانکاتدا کەرییەریست کە دەبێتە بنەمای دنیابینی کەریەریزم، ئەو کەسانەن کە پێچەوانەی ئایدەلۆژیستەکانن.

چەمکی ئایدەلۆژیست سەدایەکی نێگەتیفی هەیە لە دونیای کوردیدا و هەروەها لە ئاستی دونیادا بە گشتی. بە لای بەختیار عەلییەوە ئایدەلۆژیست ئەو کەسەیە کە نابینایە یان کەمبینایە. بەڵام بە گشتی ئایدەلۆژیست ئەو کەسەیە کە بە چاویلکەی ئایدەلۆژیاکە و بۆ بەرژەوەندی ئایدەلۆژیاکەی دەبینێت. بۆ نمونە زۆرێک لە چەپی رۆژئاوایی، چونکە ئێران نەیاری ئەمریکایە، ئەوا ئێران وەک دژە ئیمپریالیزم دەبینن و بە زۆری پشتیوانی دەکەن، بەبێ لە بەرچاوگرتنی هەر ڕەهەندێکی تری ئەو وڵاتە. 
ئەگەر ئایدەلۆژیست تەنها دونیای ئایدەلۆژیاکەی دەبینێت، ئەوا کارییەریست تەنها خۆی و سەرکەوتنی خۆی دەبینێت. بەڵام چونکە کارییەریست لە گەڵ کرۆکی نیولیبرالیزمدا تەبایە، ئەوا ڕەخنەی زۆر لە سەر کەمە. لێرەدا بەسودە ئەگەر قەسابەکەی ئادەم سمیثمان بیرکەوێتەوە.

زانینی ئەم ڕوانگە و دونیابینی کەسەکان زێدە گرنگە، چونکە ئەم کەسانە کاریگەرییانە هەیە لە سەر چۆنێتی بینین و مامەڵە و رەفتاری وڵاتەکەیان. دیارە کڵێشەیەک هەیە لە ناو دونیای کوردیدا کە ئەمەریکا دونیای دەزگاکانە و شەخسەکان ڕۆڵیان تایدا نیە، ئەم تێگەیشتنە تەنها وەک کڵێشەیەک ڕاستە. 

ئایا ئەم دید و دنیابینییەی برێت مەکگۆرک یانی چی و چۆن کاریگەری هەیە؟ 
برێت وەک راپۆرتەکان ئاماژەی پێدەدەن ئێستا یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتیەکانی واشنتۆن لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەندێک وەهای پۆلێن دەکەن کە ئدەو هیچ سەرکەوتنێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دینەهێناوە، بەڵکو هەموو سەرکەوتنەکانی لە واشنتۆن بوە.

لە ماوەی پێشوودا لە میانەی قەیرانی لە گەڵ سعودیەدا ئیدارەی بایدن دووکەسی بە نهێنی هەنارد بۆ ئەو وڵاتە یەکێکیان برێت مەکگۆرک بوو. برێت کە لە هەردوو ئیدارەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش کاری کردوە، ئەم هەڵکشانەی وەهای لێدەکات کە زیاتر ببێتە جێگای ئامانجی کەسایەتی و سەرۆکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لۆبییکردن و دانانی قورسایی لە سەر بڕیار و ئاراستەی بڕیار لە واشنتۆن. پێکەوەگردانی ئەزمونی چەند ساڵەیی و هەروەها ئامانجی تاکەکەسی خۆی، مەکگۆرک لە ئەنجامدا بوە بە هەواداری سیاسەتی [دەستی لێمەدە با خراپ نەبێت]. ئەوەی بە لاتینی پێی دەوترێت سیاسەتی ستاتۆس کۆ status quo.  ئەم دیدە دوپاتکردنەوەی ئەو باوەڕەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەرژەوەندی ئەمەریکا لە ئەوەدانیە کە هەوڵی ئەوەبدات بیگۆڕێت، بە دیموکراسی بکات یان مۆدێرنی بکات. ئەم دیدە لە پاش ئەزمونی عیراق و ئەفغانستان هەتا ئاستێکی زۆر رەواجی هەیە. نەیارانی مەکگۆرک، کە بە راشکاوانە ناتوانن قسە بکەن و رەخنەی لێبگرن لە ترسی تۆڵەکردنەوە، وەهای دەبینن کە هەر پێشنیارێکی نوێ بێتە ئاراوە ئەو بە پشت بەستن بە ئەزمون و پەیوەندییەکانی پوچی دەکاتەوە.

دەکرێت لێرەدا بە ئاسانی نەرەتیڤی ئەوە بونیادبنێین کە تەباییەک هەیە لە نێوان دیدی مەکگۆرک و دۆخی ئەمەریکا و دۆخی جیهانی. بۆ نمونە، کاتێک لە رۆژانی داهاتودا سەرۆکی ئەمریکی جۆ بایدن سەردانی سعودیە دەکات، ئەم سەردانە وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت لە ئاراستەی سیاسی ئەودا چونکە، بایدن دژ بە مەلیکی ڕاستەقینەی سعودیە محەمەد بن سەلمانە. هەندێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە سەردانەکەی بۆ دوو ئامانجە، زیادکردنی نەوت لە بازاڕدا و نزیککردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل. بەڵام هەندێکیش وەهای دەبینن کە هیچ کام لە ئامانجەکانی ناپێکێت. بەڵام گرنگ نیە کە پاڵنەرەکان چییە، بەڵکو ئەوەی ڕونە کە پلان و دید لە گەڵ ئەمری واقیعدا هەمیشە یەکناگرنەوە. ناچاربونی بایدن بە ملکەچبوونی بۆ ئەمری واقیع دەرخەری ئەو دۆخەیە کە مەکگۆرک پشتیوانی لێدەکات. 

مامەڵەکردنی ئەمەریکا لە گەڵ ئەمری واقیعدا، ڕەنگە لە ماوەی کورتدا لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بێت. بەڵام لە درێژخایەندا ئەمەریکا ناتوانێت خۆی لە دەرئەنجامەکانی بە دوور بگرێت. ئەم ئاراستەیە گەرچی نوێ نیە، بەڵام لە سەردەمێکدا کە سیاسەتی جیهانی دەگۆڕێت، زیاتر تەبایە لە گەڵ سیاسەتی چینیدا. چینییەکان جگە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچ ڕەهەند و بوار و لایەنێکی تر بە لایانەوە گرنگ نییە لە سیاسەتی دەرەوەیاندا. ئایا ئەوە کێیە کە ئەو بەرژەوەندییە دابین دەکات، چۆن دابینی دەکات، ئەمانە پرسیاری ناپێویستن لە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی چیندا.

گەر لاوازبونی دیموکراسی لە دۆخی باشبونی باری ئابووریدابێت، ئەوا هێندە کاریگەری نابێت، چونکە زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتخوازنین، بگرە بە ئاگایی و بێئاگاییش دژ بە دیموکراسین. لە هەمانکاتدا دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین کە پراگماتیزم و هەوڵی ئەو بۆ سەرکەوتن لایەنی گەشاوەشی هەیە. پشتیوانیکردنی رۆژئاڤا لە بەرانبەر ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیادا، کارێکی بێ وێنەیە لە مێژوی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan