د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

موقتەدا؛ پیاوی دژ بە چیرۆکەکە

ئەگەر یەکێک لە چیرۆکە سەیرەکانی هەوڵی ئەمەریکا لە عیراق، بەهێزبوونی ئێران بوو، ئەوا بەهەمان شێوە بەهێزبوونی موقتەداش هەمان جۆرە چیرۆکە. هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەمەریکا لە عیراق هەرچییەک بووبێت، ئەوە نەبوو کە کەسێکی وەک موقتەدا بکاتە حاکمی عیراق، پاتریک کۆکبۆرن لە ساڵی 2006 لە کتێبێکدا دەربارەی موقتەدا وەها دەنووسێت. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە سەیرە دوو قوتابخانەی بیرکردنەوە بوونیان هەیە لە ناوچەکە: یەکەم، دەڵێت ئەمەریکا و شیعە هاوپەیمانن، بۆ سەلماندی ئەم دیدە زۆر رووداو و دەرئەنجام دەهێنێننەوە. قوتابخانەیەکی تری بیرکردنەوە بڕوای وەهایە کە ئەمەریکا بێ شارەزا و ساویلکەبوو لە ناوچەکە، بۆ ئەمەش بەڵگەی بێشومار هەیە، چ بە بنەمای هەڵسەنگاندنی دیدی ئەمەریکا بۆ عیراق و ناوچەکە، چ بە ئەو خەڵکانەی کە ئەمەریکا لەگەڵیاندا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات، بەڵام بێگومان ئەم دەرئەنجامە تەنها یەک پاڵنەری نییە، ئیدارەی ئەمەریکی، ئیدارەیەکی دیموکراتیانەیە. دیموکراتیانە یانی شپرزی، ململانێ، رکەبەری، خۆویستی، لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەمەریکا بۆ کۆتایی جەنگ بەخێرایی و بڕوابوون بە چارەسەری خێرا و بێ بنەما و بێ شارەزایی و خۆشباوەڕی هەموو هۆکاربوون.

کاتێک ئەمەریکا دێت، موقتەدا لاوێکی خوار سی ساڵی بێ ئەزموونە. هاوەڵەکانی ئەمەریکا، لە هێز و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات، خۆشییان بە موقتەدا نایەت. جارێک لە دانیشتنێکدا بە پۆل برێمەر دەڵێن سەرهەڵدانی موقتەدا دەرئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانە، ئەگەر خزمەتگوزارییەکان باش بن ئەوا موقتەدا نامێنێت، بێگومان لۆجیکێک لەم بۆچوونەدا هەیە، بەڵام واقیع تەواو جیاوازە.

هۆکاری زۆر هەن لە پشت هەڵکشانی موقتەداوە وەک، هەبونی سەرمایەی رەمزی. موقتەدا لە خێزانی سەدرە، یەکێک لە خێزانە ناسراوەکانی ناو تایفەی شیعە لە عیراق و ناوچەکە. خێزانی سەدر لە سەدەی هەژدە لە لوبنانی ئێستاوە کۆچ دەکەن بۆ بەغدا و لە کازمییەی ئێستا دەگیرسێنەوە. دوو شەهیدی ناسراو هەن لە خێزانەکەیدا کە بە شەهیدی یەکەم و شەهیدی دووەم ناسراون. ئەم سەربوردانە حیکایەتێکی وەهایان بۆ موقتەدا دروستکردووە، کە گرنگ نییە خۆی چیە و چۆنە، خەڵک لە هەناو و چوارچێوەیەکی تردا دەیبینێت، بەتایبەتی شوێنکەوتوانی کە وەک دەروێشی وەهان.

موقتەدا کۆمەڵێک خەسڵەت و بنەمای تریشی هەیە کە ئەوانیتر نیانە. بڕێکی زۆری شوێنکەوتوانی، کە لە شاری سەدرن، لە ناو شاری بەغدان. بوون لە پایتەخت گرنگترین پانتایی سیاسییە، بەتایبەتی بۆ وڵاتێکی پۆستکۆلۆنیاڵی وەک عیراق. بوون لە دەرەوەی پایتەخت بەتەواوی کاریگەری هەیە لە سەر توانا و پێگە و هێز. تەنها سەدر دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچەی سەوز و رسوای بکات.

لە هەمان کاتدا سەدر وەک یاریدەرێکی پۆل برێمەر ناوی دەنێت ئیسلامییەکی بۆلشەڤییە. مەبەست لە بۆلشەڤیبونی سڵنەکردنەوەیەتی لە بەکاردبردنی هەر ئامراز و رێگەیەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. دەسەڵاتیش لای ئەو دەسەڵاتی خاو یان رەهایە.  سەدر دەکوژێت، تیرۆری سیاسی دەکات، شەڕی ناوخۆ بەرپا دەکات، بە قسەی کەنعان مەکییە، خواستی پاکتاوی تایفیشی هەیە، خاوەنی میلیشیایە. ئەمانە هەمووی بە کردار، بەڵام بە قسە سەدر ناسیولیستێکی عیراقییە. خاوەنی چەمکی قح-ە، بەمانای ئەوەی کە دەسەڵات دەبێت بۆ کەسێکی تەواو تەواو عیراقی بێت، بەڵام ئەم عیراقە دەبێت لە سایەی شیعەدا بێت. دیارە بە هۆکاری دیموگرافی، شیعەکان براوەن، بەڵام ئەم دیموگرافیایە تەنها شوناسێکی تری قووڵتری هەیە، کە ماڵ یان بەیتی خۆی هەیە ئەویش شیعەیە. کەواتە بەپێی دەستوری عیراقی، تەفسیری کرداری مەبەستمان، عیراق وڵاتێکی فرەیی نییە، بەڵکو تاییفییە، چونکە چەمکی فرەیی، بەمانای قۆرخکردنی دەسەڵات نایەت بۆ گرووپێک یان پێکهاتەیەک. لە عیراقدا دەسەڵاتی فیعلی بۆ شیعەیە و ئەو نیمچە دەسەڵاتەکانی تر وەک دیاری دەبەخشرێت. چۆن پارتی خۆی بە خاوەنی دەسەڵاتی هەرێم دەزانێت و بە رەزامەندی ئەو بەشەکانی دەسەڵات دەدرێت، شیعەش لە عیراقدا وەهان. موقتەدا بەشێکی زۆر کاریگەریی سیستمی دەسەڵاتی شیعەیە لە عیراقدا. ئەگەر بڕێک لە شیعە بڕوایان بە دەوڵەتی عیراقی نییە وەک سەروەری، بەڵکو بڕوایان بە دەسەڵاتی شیعە هەیە لە ناوچەکە، سەرباری سنوورەکان، کە دەتوانین ناوی بنێین سەروەریی شیعی، ئەوا موقتەدا دەیەوێت عیراقێک دروستبکات کە ئەو خاوەنی بێت. بۆیە  خوێندنەوەی موقتەدا بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عیراق گرنگە. هەردوو لێکۆڵەری ئەکادیمی Kjetil Selvik & Iman Amirteimour  چەمکی پیاوی گەورە بەکاردەبەن بۆ تێگەیشتن لە موقتەدا. ئەم چەمکە ئەمان بەکاری دەبەن لە بنەڕەتدا لە دەربڕینێکی زمانەکانی میلینێسا بەکارهاتووە  bikpela man. ئەم دەربڕینە ئەو کەسە دەگرێتەوە کە بە گشتی پیاوە، یان نێرە، کاریگەریی سیاسی لە رێگەی پۆست و ئۆفیسەوە بەدەست نەهێناوە، بەڵکو لە رێگەی توانای گوتار و قسەکردن، بڕواپێكردنی نافەرمییانە، بەکاربردنێکی بیژییانەی سامان و دەسەڵات.

کەواتە پیاوی گەورە ئەو کەسەیە کە خۆی دەسەڵاتەکەی خۆی بونیادناوە. ئەم چەمکە لە هەناو تویژینەوەکانی دەسەڵاتی ئەفریقیدا زیاتر پەرەی پێدراوە. لەو هەناوەدا زیاتر بە مانای دەسەڵاتی شەخسی دێت، کە پانتاییەکی زۆری شێوازی دەسەڵاتی ئەفریقی پێکدەهێنێت. لی ئەندەرس ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش، لە گۆڤاری نیویۆرکەر، پرۆفایلێکی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی عیراق جەلال تاڵەبانی نووسی ناوی Mr. Big بوو، کە جۆرێکە لەبەکاربردنی ئەو چەمکە.

هەوڵی تێگەیشتن لە موقتەدا لە رێگەی بیر و ئایدۆلۆژیا و تەنانەت ئایینیشەوە هێندە سودمەند نییە. بێگومان ئەو ئەوەی دەستی پیایدا بگات بەکاری دەبات، بەڵام بەدەگمەن درێژەپێدەر یان هەڵگری هیچ باوەڕێکی سیاسییە. موقتەدا لاسایی باوکی دەکاتەوە، نەک بۆ ئەوەی ببێت بە باوکی، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خەسڵەتانەی لێ وەربگرێت و بەکاری ببات بۆ کار و ئامانجی رۆژانەی.

کەواتە موقتەدا ئەو دەسەڵاتخوازەیە کە هەموو ئامرازێک بەکار دەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە. ئەم خەسڵەتە دەسەڵاتخوازییە، هیچ نوێ نییە لە ناوچەکەدا. لە مێژوی ناوچەکەدا هیچ دەسەڵاتێک نەبووە پیادەکەری ئایدیایەک بێت، بەڵکو هەمیشە ئایدیا ئامرازێک بووە.
تێگەیشتنی سەدر بۆ دەسەڵات، لە هەناو ئەو هەموو ئامراز و سیمبول و جەماوەر و هەیەجانەدا، تێگەیشتنێکی ئێجگار ترسناکە. سەدر لە کاتێکدا دەسەڵاتخوازە، بەڵام هەرگیز راستەوخۆ بەشداریی دەسەڵات یان پۆست ناکات بۆ ئەوەی پیس نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی راستەوخۆ نەکەوێتە سەرشانی. ئەم بوونی دەسەڵاتە بەبێ بەرپرسیارێتی، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی کوردیش. دەسەڵاتدارە راستەقینەکان ئەوانە نین کە لە پۆستەکاندان، بەڵکو ئەوانەن کە نایەن بۆ سەر کورسی پشت مێزەکان.

موقتەدا نەک هەر نایەوێت پیس بێت، بەڵکو دەیەوێت بە زەبر ئەوانیتر بە خودایی و پاک و بێگەرد و باڵا تەماشای بکەن. ئەمەشە پاڵنەری ئەو توندوتیژییانەیه کە سڵ ناکاتەوە لە هەڕەشە و کوشتنی ئەوانەی کە رەخنەی لێدەگرن.

سەرباری هەموو ئەمانە موقتەدا کەسێکی عیراقیی تەواوە. عیراقییەک کە هەمیشە پڕیەتی لە دووفاقی، وەک عەلی وەردی جوان دەستنیشانی کردووە. بوونی جیاوازیی زۆر لەنێوان قسە و کرداریدا دیسانەوە خەسڵەتێکی تری کەسایەتی عیراقییە. هەڵچوون و زیادەڕەویی و زمانی فوتێکراو هەموو بەشێکە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عیراق. ئەم ژینگەیە دۆخێکی وەهای دروستکردووە سیاسیی عاقڵ، لێرە عاقڵ بەرانبەر بێ عەقڵ بەكارنابەین، بەڵکو مەبەستمان ئەو کەسەیە کە لە میانەی دید و پەیوەندیدا عەقڵانییەت بەکاردەبات، بوونی نییە.

هەتا قسەی زل و زبر و توڕەبوون و هەڵچوون و داچوون خەسڵەتەکانی ئەو کەسەبن کە خەڵک باوەڕی پێدەکەن بۆ ئەوەی دنیایان بۆ بگۆڕن، ئەوا بۆ سەردەمێکی زۆر کاک موقتەدا و جۆرەکانی زاڵ دەبن بە سەر کێڵگەی سیاسیی عیراقدا.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan