د. سەردار  عەزیز

د. سەردار عەزیز

میرکڵ: قەیرانی سەرکردە

لە 17ی تەموزی ساڵی 1954 لە شاری هامبۆرگ، هێرلیند و هۆرست کاسنەر کچێکیان دەبێت و ناوی دەنێن ئەنگێلا. دایکی مامۆستای زمانی لاتینی و ئینگلیزییە و باوکی قەشەیە لە کڵێسای پرۆتسانت. لە تەمەنی سێ ساڵیدا خێزانی ئەنگێلا دەگوێزنەوە بۆ شارۆچکەی تێمپلین، کە بەشێک دەبێت لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات، ئەوەی بە GDR ناسراوە، کە یانی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، کە ناوێکی ئۆروێلیانەیە بۆ ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی سۆسیالیستی.

ئەنگێلا لە هەناو گرژییەکانی سۆسیالیزم و پرۆتسانیزمدا گەورە دەبێت. بەپێی ماکس ڤیبەر ئەم دوو بەهایە پێکەوە نەگونجاون. ئەنگێلا لە زماندا زۆر باش دەبێت و سەرباری ئەڵمانی و ئینگلیزی روسییەکی زۆر باش فێردەبێت و وەک خەڵاتێک بۆ ئاستی روسییەکەی لە سەردەمی خوێندکاریدا سەردانی مۆسکۆ دەکات. لێرەدا چەندین بنەما دەبینین کە پاشتر دەبنە بنەماکانی کەسایەتی مێرکڵ، دانوستان و یارییکردن لەنێوان حەکایەتە گەورەکاندا بەبێ بوون بە هەڵگری هیچ بەهایەکی ئایدۆلۆژی تایبەت. مامەڵەکردنی پراگماتیزیانە لە گەڵ جیاوازییەکاندا. توانای گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ نەیاراندا. ئەمە بە تایبەتی ئاماژەی پێدەدرێت لە توانای مێرکڵ لە پەیوەندی لە گەڵ کەسێکی وەک ڤلادیمێر پوتین بە زمانی خۆی. هەرچەندە شایانی باسە کە پوتین ئەڵمانیزانەوە و کاری سیخوڕی و دزی زانیاری کردووە لە سەرەتای کاریدا لەنێو کەی جی بی، لە شاری درێسدن.

مێرکڵ بە هیچ جۆرێک خاوەنی کاریزما نییە. نە کاریزماییانە جل لەبەر دەکات و نە کاریزماییانە دەدوێت. لە سەرەتای هاتنی بۆ ناو کایەی سیاسی، کێشەی ئەوەی هەبوو کە نەیدەزانی چی لە دەستەکانی بکات لە کاتی قسەکردندا. ئەم خەسڵەتانە ئەمڕۆ لەبری ئەوەی ببنە بنەمای ئاسانکاری بۆ سەرکردەکانی دوای ئەو، لەڕاستیدا بوونەتە مایەی کێشەی گەورە. پێش ئەوە باسی ئەم کێشانە بکەین دەبێت باس لە چەند چەمکێکی فەلسەفی بکەین لەم بوارەدا. چەمکی یەکەم چەمکی دووبارەیە، چەمکی دووەم چەمکی دێوە.

ئایا دەتوانرێت مێرکڵ دووبارە بکرێتەوە؟ ئایا لاساییکردنەوەی مێرکڵ گەرەنتی سەرکەوتن دەدات؟ ئایا سەرکردەبوون، پیادەکردنی کۆمەڵێک ریتم و رێسایە، گەر کەسێک پیادەی بکات ئەوا دەبێتە سەرکردە؟ یان سەرکردەبوون تایبەتمەندی تاکێتی و تاقانەیە، هەرگیز دوو سەرکردە ناتوانن وەک یەک سەرکردەبن؟ لە ئاستێکی تردا، ئایا ئاگایی دووبارە وەها لە خەڵک دەکات کە را بێن لە سەر کۆمەڵێک بنەما و خەسڵەت و چاوەڕانی ئەوە بکەن کە ئەوانیتریش بۆ ئەوەی ببن بە سەرکردە دەبێت هەمان شتەکان بکەنەوە؟ هەروەها ئایا سەرکردەبوون بۆ هەمووانە و تایبەت نییە بە کەسەوە؟

ئەمڕۆ ئەڵمانیا بە دەست ئەم قەیرانانەوە دەناڵێنێت.

سەرەتا قەیرانەکە لەگەڵ  Annegret Kremp-Karrenbauer روویدا. ئەو ژنە لادێیەی کە ماوەیەک وەک مێرکڵی بچکۆلە بانگەشەی بۆ دەکرا، پاشان دەرکەوت ناتوانێت بەو کارانە هەستێت. وەک فاینانشاڵ تایمز لە راپۆرتێکی درێژدا چەند مانگێک لەمەوپێش نووسیبووی، ئەوەی وەهای لێدەکات لە جێگایەکی دوورەدەست بیکات بە کەسێکی سەرکەوتوو، رەنگە لە بەرلین بە زیانی بشکێتەوە. ئانگرێت زوو هەستی بەم لاوازییە کرد، بۆیە بڕیاریدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی سی دی یو کاندید نەکات.
لێرەدا دێینە سەر چەمکی دووەمی فەلسەفیمان ئەویش چەمکی دێو یان سپێکتەرە. جاک درێدا لە چەند جێگایەکدا، بەتایبەتی لەو کارە لەسەر مارکس برەوی بەم ئەم چەمکەدا. چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دێڕی سەرەتای مانیفێستی مارکس و ئەنگلز. چەمکی دێو یان سپێکتەر، بۆ درێدا دەچێتە هەناو بوارێکی تری بەرفراوانی دنیا بینی ئەوەوە، کە رەخنەکردنی پرۆژەی مۆدێرنەیە. سپێکتەر یان دێو لە میانەی پرۆژەی عەقڵانی رۆژئاوادا بەتەواوی کراوەتە دەرەوە و وەها دەبینرێت کە بەشێکە لە ناعەقڵانیەت و هیچ بایەخێکی نییە. لای درێدا دێو کە لەنێوان بوون و نەبووندایە، راوەدوووی واقیع و دنیا دەنێت. لێرەوەیە کە چەمکی هانتۆلۆجی دەبێتە چەمکێکی کاریگەر لە دنیای فیکری نوێدا، ئەوەی کە لە پشت گۆڕەکانەوە دێت و راوەدوی ئێستا دەنێت، ئەوەی کە نە سەر بە رابردووە بە تەواوی و نە سەر بە ئێستایە.

کەسایەتی مێرکڵ ئەم دۆخەی لە کایەی سیاسی ئێستای ئەڵمانیادا دروستکردووە. ئەو بووەتە پێوەر، ئەوانیتری لێوە دەبینرێن و هەڵدەسەنگێندرێن. ئەمە بۆ سەرۆکی پارتی سەوزەکانی ئێستای ئەڵمانیا   Annalena Baerbock    مایەی نەگبەتی بوو. ئەنالینا ژنێکی نیمچە لاوە، هەتا ئاستێکی زۆر کەم ئەزموونە و هەروەها بێ کاریزمایە، بەڵام چونکە مێرکڵ هەموو ئەمانەی هەبوو، ئەوا وەها دادەنرێت کە ئەم خەسڵەتانە کێشە نەبن. هەرچەندە ئێستا ئەنالیان بە دەست کۆمەڵێک قەیرانی زۆرەوە دەناڵێنێت وەک گزییکردن لە سی ڤییەکەی، وەرگرتنی هەزاران یورۆ لە پارتەکەی بەبێ ئاماژە پێدانی و دەربڕینی وشەی نەشیاو لە کاتی قسەکردندا.

ئەمەیە وەها دەکات کە مێرکڵ، لە پاش رۆیشتنی وەک دێوزەمەیەک بمێنێتەوە لە سیاسەتی ئەڵمانیدا، بەتایبەتی وەک پێوەرێک بۆ سەرکردەی داهاتوو، بەڵام مێرکڵ کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو کە زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ پرۆسەی سەرکردەسازیی لە سیاسەتی ئەڵمانیدا. بۆ نموونە مێرکڵ خاوەنی هیچ ئایدیایەکی رەسەن نییە، هەمیشە ئایدیای ئەوانی تری دەکرد بە هی خۆی، بەڵام لە بەر بوونی مێژوویەکی باش لە پیادەکردن، ئەوا ئەڵمانەکان باوەڕیان پێدەکرد کە دەتوانێت بەرجەستەی بکات. بەمجۆرە مێرکڵ سەرکردەیەکی سەرکردە کوژە. ئەم خەسڵەتە لە سیاسەتی کوردیدا زۆر باوە. دەتوانین بڵێین کە خەسڵەتی هەرە سەرەکی هەموو سەرکردەیەکی کورد ئەوەیە کە چۆن سەرکردەی داهاتوو بکوژێت، نەک بە مانای جەستەیی. لەکاتێکدا رۆڵی سەرکردەی سیاسی راستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت سەرکردە بۆ دوای خۆی بەرهەم بهێنێت. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا سەرکردە دووبارە نابێتەوە، بۆیە لاساییکەرەوە نابێتە سەرکردە. ئەم پرسی دووبارەبوونەوە لە کەیسی نەوشیروان مستەفادا زۆر روونە. هەموو ئەوانەی کە یار و نەیاری ئەوبون، زیاتر هەوڵی لاسایی یان دووبارەکردنەوەیان دەدا، لەبڕی تێگەیشتن لێی و بەرهەمهێنانەوەی بەپێی کات و شوێنی تایبەت. لاساییکردنەوە یان هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوە، بەبێ تێگەیشتن لە دۆخی گۆڕاو، کەسی لاساییکەرەوە لە بڕی ئەوەی بیکات بە کەسێکی درێژەپێدەر زیاتر دەیکات بە کاریکاتۆری کەسە بنەڕەتییەکە.

ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت سوود لە ئەزموونی ئەوانیتر وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر تەنها هەوڵی لاساییکردنەوەی بدرێت بەبێ تێگەیشتن لێی، ئەوا سەرکەوتوو نابێت.

سەرکردەی سیاسی دەبێت نەترس بێت، بەڵام کاتێک کە دەترسێت، ئەوا هەوڵی هەرە سەرەکی ئەوە دەبێت کە چۆن نەیارەکانی لابەرێت و هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات و هیچ رکابەر و جیاوازییەک نەهێڵێت. بەگشتی سەرکردەی سیاسی کورد لە جۆری ترساوەکانن. ئەوان ناتوانن رکابەری فیکری و گۆڕینەوە و سوود لە جیاوازەکان ببینن. ئەوە هەر باسی ئەوە مەکە ئایا هیچ جیاوازییەک لە دەوروبەریان جێگەی دەبێتەوە. ئەمە قەیرانی بیرکردنەوەی گروپی دروست دەکات. لە ساڵی 1972 ئەرڤینگ جانیس ئەم چەمکەی داڕێژا. مەبەست لێی ئەوەیە کە گروپێک لە ئەشهەدوبیلاکەر لە دەورەی خۆت کۆبکەیتەوە و دنیایەکی تایبەت یان بڵقێک دروستبکەیت کە جیاوازبێت لە دنیای راستەقینە. زۆرجار ئەم دیاردەیە لەناو دنیای کوریدا وەها دەردەبڕێت کە ئەوە خەتای سەرکردەکان نییە، بەڵکو خەتای دەوروبەرەکەیە. لەکاتێکدا سەرکردە خۆی بەرهەمهێنی دەوروبەرەکەیەتی.

هەرچەندە ئەڵمانیا بۆ کوردی باشوور باشە، بەڵام مێرکڵ زۆر تورک دۆستە. هەرچەندە ئەمە نابێت وەک شتێکی تایبەت بە ئەو بیبینین. ئەڵمانیا تورکیا وەک پانتاییەکی سوودمەند بۆ بازرگانی دەبینێت، سەرباری بوونی رەوەندێکی زۆری تورکی، تورکیا دۆست لە ئەڵمانیا. بۆ نموونە فەرەنسا تورکیا بە رکابەر دەبینێت، بەڵام ئەڵمانیا تورکیا بە رکابەر نابینێت. ئەمەشە وەهایکردوە کە سەرباری بوونی کوردێکی زۆر لە ئەڵمانیا، کوردناسی و پێگەی کورد تیایدا لاوازە. زانکۆ و ناوەندە ئەڵمانییەکان زیاتر بایەخ بە تورکیا دەدەن و کورد پەراوێز دەخەن.

خ.غ