گێتی
کۆبوونەوەی لووتکە، جەمسەرەکان بەیەک دەگەیەنێتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و روسیا لە ژنێف و لەو شوێنەی کە سەرۆکانی هەردوو وڵات لە ساڵی 1985 یەکدیان بینی، کۆببنەوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی حوزەیرانی 2021، لە جنێفی پایتەختی سویسرا، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاوی بە فلادیمێر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەکەوێت.
ئەو کۆبوونەوەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و بە کۆبوونەوەی لوتکە دادەنرێت، چوونکە هەردوو وڵاتی زلهێز، دوو رکابەری یەکدین و لەسەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا پەیوەندییەکان ناجێگیری زیاتری بەخۆیەوە بینی.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە میدیا رووسیەکان بڵاویانکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە لە شوێنێک بەڕێوەدەچێت کە ساڵی 1985 لە هەمان شوێن کۆبوونەوەی نێوان میکائیل گۆرباچۆڤ، ئەمینداری گشتی ئەوکاتی لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی – یەکێتی سۆڤیەت و رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، ئامادەکاری ئاسایشیی و تەندرووستی کراوە و هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر بۆئەوەی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئەمەریکا و رووسیا بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت کە چاوەڕوان دەکرێت چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.
سەقامگیری، رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئینتەرنێتییەکان، هەماهەنگییە ئابوورییەکان و پرسی ژینگە لەو دۆسییە گرنگانەن کە لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان دوو هاوتاکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکێک لە رووداوە سیاسییە گرنگەکان دادەنرێت و پێدەچێت کاریگەری هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە داهاتوودا.
سەرچاوە؛ کەناڵی روسیا تودەی عەرەبی
ب.م