گێتی

سوپای تورکیا لە ئەفغانستان ناکشێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سوپای تورکیا لە ئەفغانستان ناکشێتەوە
مەودا میدیا-

زیاتر لە 500 سەربازی تورکی لە ئەفغانستانن و دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە چارەنووسی ئەوانیش دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت "بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئەفغانستانییەکان و ئەمڕۆش شاندێکی ئەمەریکی سەردانی تورکیا دەکات و لەوبارەیەوە گفتووگۆ دەکەن".

خولسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی حوزەیرانی 2021، شاندێکی ئەمەریکی سەردانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.

تورکیا زیاتر لە 500 سەربازی لە ئەفغانستانە، ئەو سەربازە تورکانە وەکو بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستانن، ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەولەتی (حەمید کارەزای)یان لە کابوڵ لەئەستۆیە.

ئاکار لەبارەی مانەوەیان لە ئەفغانستان دەڵێت "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دابینکردنی ئاسایشی و سەقامگیری بۆ برا ئەفغانییەکانمان".

روونیشیکردووەتەوە "ئێمە پەیوەندیی مێژوویی و کولتوورییمان لەگەڵ ئەفغانستان بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە، خەڵکی ئەفغانستان برای ئێمەن. لە میانی ئەو 20 ساڵەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە ھەموو جۆرە ھەوڵێکمان بۆ خۆشی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی براکانمان نیشانداوە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دواهەمین پێشکەوتنەکانی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەمەریکا، دەبێت ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، بە کشانەوەی ئەمەریکا دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لەو وڵاتە کار دەکەن بکشێنەوە، بەوەش بۆشاییەکی ئەمنی مەترسیدار درووست دەبێت.

ئەمەریکا دەیەوێت هیزەکانی تورکیا کە ئەرکیان پاراستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی کابوڵە، لە ئەفغانستان بمێننەوە، تورکیاش بە کۆمەڵێک مەرجەوە، مەیلی بۆ جێبەجێکردنی خواستەکەی ئەمەریکا هەیە، بەڵام ئەو مەترسیەی کە لەسەریان درووست دەبێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و باڵادەستبوونی تاڵیبان، دڵەڕاوکێی بۆ درووستکردوون.

پێشتریش رۆژنامەی وۆڵد ستریت جۆرناڵ ناوەڕۆکی گفتووگۆیەکی نافەرمی نێوان تورکیا و تاڵیبانی بڵاوکردبوویەوە، ئاماژەی بەوەکردبوو کە سەرکردەکانی تاڵیبان بە تورکەکانیان وتووە "ئێمە کێشەمان لەگەڵ مانەوەی تورکیا لە ئەفغانستان نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ ئەوەدایە کە تورکیا لەچوارچێوەی هێزەکانی ناتۆ لێرە بێت، کە ئێمە بە دوژمنی خۆمانی دەزانین".

ب.م

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان