کوردستانی

حکومەتی هەرێم پرۆژەی ستراتیژی لە شارە گەورەکان جێبەجێ دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم پرۆژەی ستراتیژی لە شارە گەورەکان جێبەجێ دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بەردەوام هاوڵاتییان هۆشیار دەکرێنەوە کە ئاو بەفیڕۆ نەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد پلانمان هەیە لە داهاتوودا پرۆژەی ستراتیژی گەورە لە شارە گەورەکان جێبەجێ بکەین بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەکانی ئاو.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاد دەبێت، هەروەها دۆخی پێدانی کارەباش لە دۆخێکی خراپ دایە، ئەمانەش هۆکارن بۆ دروستبوونی کێشە لە پێدانی ئاو بە هاوڵاتییان".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە بەردەوام ساڵانە لەم وەرزەدا کاردەکەین لە رێکخستنەوەی تۆڕەکانی ئاو لە رووی تەنکیکییەوە و پێدانی ئاو بەشێوەی سەرە و دابینکردنی کارەبای بەردەوام، هەروەها لەئێستاشدا بەردەوامین بۆ دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی زیاتر لەرێگەی لێدانی بیرەوە و دابینکردنی تەنکەر بۆ ئەو شوێنانەی بەباشی ئاویان ناگاتێ".

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو "بەردەوام هاوڵاتییان هۆشیار دەکرێنەوە کە ئاو بەفیڕۆ نەدەن، هەروەها لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی 200 ملیار و نیو تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو".

ئاری ئەحمەد وتی "پلانمان هەیە لە داهاتوودا پرۆژەی ستراتیژی گەورە لە شارە گەورەکان جێبەجێ بکەین بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەکانی ئاو، چەندین پرۆژەش لە پلاندا هەیە لەئێستادا کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکرێت".

لە ئەمساڵدا رێژەی باران بارین لە هەرێمی کوردستان کەمبوو، ئەمەش کاریگەریی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو کرد لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک ئاوی بەشێک لە سەرچاوەکان کەمیکردووە، بە تایبەت بەنداوی دەربەندیخان و بەنداوی دوکان.

س.س
Qaiwan
Qaiwan