کوردستانی

كەركوك بەدەست بێكارەباییەوە دەناڵێنێت و نرخی ئەمپیرێك كارەبای موەلیدە 14 هەزار دینارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


كەركوك بەدەست بێكارەباییەوە دەناڵێنێت و نرخی ئەمپیرێك كارەبای موەلیدە 14 هەزار دینارە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرپەرشتیاری گروپی شەقام لە شاری کەرکوک رایدەگەیەنێت لەئێستادا لە شاری کەرکوک دۆخی کارەبا زۆر خراپە، ئاماژە بەوەشدەکات کارەبای موەلیدەش کەم کەم کاری پێدەکرێت، بەهۆی ئەوەی نرخی کارەبای موەلیدە زۆر گرانە.

محەمەد جەلیل، سەرپەرشتیاری گروپی شەقام لە شاری کەرکوک لەبارەی دۆخی کارەبا لەو شارە بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا کە پلەکانی گەرما بەرزبووەتەوە هاوڵاتییان زیاتر پێویستیان بە کارەبایە، بەڵام پێدانی کارەبا کەمتر کراوەتەوە، هەندێک پارێزگا دۆخی کارەبایان لە کەرکوک باشترە".

ئاماژەی بەوەشکرد "کارەبای موەلیدەش کەم کەم کاری پێدەکرێت، بەهۆی ئەوەی نرخی کارەبای موەلیدە زۆر گرانە، بەشێوەیەک مانگی رابردوو بۆ هەر ئەمپێرێک 14 هەزار دینار بوو، ئەمەش نرخێکی زۆرە بۆ هاوڵاتییان".

 سەرپەرشتیاری گروپی شەقام لە شاری کەرکوک باسی لەوەشکرد "کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک و بۆنەکەی لەم وەرزە گەرمایەدا ئەرکێکی دیکەیە بۆ سەر هاوڵاتییان، بەداخەوە سەرکردەکانی کورد وەک پێویست گرنگیان بە کەرکوک نەداوە".

لەبارەی چالاکییەکانی گروپی شەقامەوە ناوبراو وتی "گروپی شەقام هەمیشە لە بواری خزمەتگوزاری و رۆشنبیری لە شاری کەرکوکدا توانیویەتی شوێن دەستی دیاربێت و خزمەتی زیاتری هاوڵاتییان بکات".

گروپی شەقام نزیکەی ساڵێکە لە شاری کەرکوک دامەزراوە لەلایەن چەندی چالاکوانی دیاری ئەو شارە و گروپەکە سەرجەم نەتەوەکان لە خۆدەگرێت، زۆرترین کارەکان لە بواری خزمەتگوزاری بووە و بە هیچ شێوەیەک بەلای پرسی سیاسیدا نەچووە، هەروەها توانیویەتی لەو ماوەیەدا خزمەت بە خەڵکی شاری کەرکوک بگەیەنێت بەو فشارانەی دروستیان کردووە لەسەر بەرپرسانی ناوچەکە.

س.س

Qaiwan
Qaiwan