کوردستانی

دیندار زێباری: لە ئاستی نێودەوڵەتی دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم کراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دیندار زێباری: لە ئاستی نێودەوڵەتی دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم کراوە
مەودا میدیا- 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە سەرچاوەی گوماناوین، ئاماژەی بەوەشکرد لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم کراوە بۆ ئەو یاسا باشەی لە بواری رۆژنامەوانییدا هەیەتی.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمێکی فەرمییدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە هەمانبووە بۆ بواری رۆژنامەوانی، کۆمەڵێک تێبینیمان هەیە، یەکێک لەوانە سۆشیال میدیاکانن کە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆدا نییە و بابەتی تاکەکەسی بڵاودەکەنەوە، ئەوە کێشەی درووستکردووە بۆ ئێمەش و بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش".

جەختیشیکردەوە "هەرێمی کوردستان یەکەم قەوارەی سیاسییە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یاسایەکی باشی بۆ کاری رۆژنامەوانیی پەسەندکردووە، ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا باس کراوە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم کراوە بۆ ئەو یاسا باشە".

"زۆرێک لەو هەواڵ و زانیارییانەی بڵاودەکرێنەوە سەرچاوەکانیان گووماناوین، بەداخەوە رێکخراوە نێودەولەتییەکانیش لە راپۆرتەکانیاندا پشت بەو زانیارییە گوماناویانە دەبەستن" زێباری وای وت.

ئەم قسانەی دیندار زێباری لەکاتێکدایە کە زۆرترین رەخنە ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ رۆژنامەنووسان و دادگاییکردن و سزادانیان بە گوێرەی یاساکانی تری وەکو؛ خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، یاسای سزادانی عیراقی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan