کوردستانی

وەزیری کارەبا دوو پرۆژەی لە سنووری سلێمانی واژۆکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری کارەبا دوو پرۆژەی لە سنووری سلێمانی واژۆکرد
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ئاشکرایکرد، دوو گرێبەست بۆ جێبەجێکردنی دوو  پرۆژەی گرنگ لە پارێزگای سلێمانی واژۆ کران و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی زانیارییەکانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند بەمزووانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تەمموزی 2021 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە دوو گرێبەست  بۆ جێبەجێکردنی دوو  پرۆژەی گرنگ لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کران، پرۆژەی یەکەم بۆ بەستنی هێڵی 132 کەی ڤی لە نێوان بازیان و رانیە بە درێژایی 105 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 31 ملیار و 600 ملیۆن دینارە و لەلایەن کۆمپانیای هێرۆوە  لە ماوەی 365 رۆژدا جێبەجێدەکرێت، هاوکات پرۆژەی دووەم بۆ بەستنی هێڵی 132 کەی ڤی لە نێوان تانجەرۆ و سەیدسادق دەبێت بە دووری 55 کیلۆمەتر و بە تێچوونی 17 ملیار و 210 ملیۆن دینار لەلایەن هەردوو کۆمپانیای هێرۆ و مادۆوە لە ماوەی 220 رۆژدا جێبەجێدەکرێت.

مەودا میدیا پەیوەندی بە شێخ سالار، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی کرد و رایگەیاند "بەمزووانە هەردوو پرۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەم پرۆژانە هەنگاوێکی باشە بۆ پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، هەروەها وەزیری کارەبا جەختی لەسەر جێبەجێکردن و تەواوکردنی پرۆژەکان کردەوە لە وادەی خۆیدا".

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan