ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

سەرۆک مام جەلال ئاوا وەسفی کەریم ئەحمەد دەکات

لە وتارێکدا کە پێشتر لە گۆڤاری خاک بڵاوبووەتەوە و پاشان لە کتێبی «نووسینەکانی سەرۆک مام جەلال لە گۆڤاری خاک» جارێکی تر بڵاوکراوەتەوە.

ئەم پەسنەی مام جەلال بۆ مامۆستا کەریم ئەحمەد کە مامۆستای خۆشی بووە، لوتکەی مۆڕالی سیاسی و شۆرشگێرییە بۆ ھەڵسەنگاندنی کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات سەرەڕای جیاوازی سیاسیی و فکری.

بەبۆنەی سەدەی تەمەنی مامۆستا کەریمەوە کوڵبژێرێک لە وتارەکەی مام جەلال پێشکەشی خوێنەران دەکەم.

سڵاو لە رۆحی مام و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا کەریم ئەحمەد:
مام نووسیویەتی:
"مامۆستا كەریم شیوعییەكی بەجۆش ‌و خرۆش بوو. مامۆستایەكی سادە ‌و رووخۆش بوو، هەرچەندە هەمیشە دەمەتەقەمان دەبوو، بەڵام هەرگیز كەم لوتف نەبوو لەگەڵمدا، هەرچەندە من لە وەرزشدا تەنها (پینگ پۆنگ)م دەزانی ‌و یارییەكانی ترم نەدەكرد، بەڵام هەمیشە (سەد)ی دەدامێ، چونكە دەرەجەكانی ترم باش بوون".

 ئینجا مام باسی ھەندێک ناکۆکی حشع و پارتی ئەو کاتە دەکات لەسەر چەمکی نەتەوە و دوایی دێتەوە سەر باسی کەسێتی ھاوڕێ کەریم، ئەوەی راستی بێت مامۆستا كەریم لەگەڵ هەموو ئەو بەگژداچوونەوە ‌و قڕەقڕەی لەگەڵم دەكرد، هێشتا رێزی لێ دەگرتم ‌و دەرەجەی باشی دەدامێ، منیش لەوساوە خۆشم دەوێت ‌و رێزم بۆی هەیە كە پێموایە سەرچاوەی ئەو خۆشەویستییەم ‌و ئەو رێزەم جگە لەو هەڵوێست ‌و رەفتارەی لەگەڵ خۆمدا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەم شتانەی خوارەوە:

1- مامۆستا كەریم؛ تێكۆشەرێكی خاكی، رەشۆكی، جەماهیری بوو. ئێمەمانانی خوێندكاری خۆی، وەك خۆی تەماشا دەكردین ‌و رێزی لێ دەگرتین، زوویر نەدەبوو لێمان ‌و حەقدی لێ هەڵنەدەگرتین.
2- كە گیرا؛ لە زینداندا خۆڕاگر ‌و ئازا بوو، بە سەربەرزی بۆی هاتەدەر.
3- دوای بەڕەڵابوونی لە زیندان لە كۆیە بێ ئیش بوو. دەستیكرد بە كرێكاری كردن. كرێكاری گەج ‌و قوڕ ‌و بەرد، بەوەش ناوبانگی چووە ئاسمانی كۆیە، هەموو كەس بە ناحەزەكانیشەوە بە رێزەوە تەماشایان دەكرد، تەنانەت بیستبووم كە كاكە زیاد ئاغای خوالێخۆشبوو كە زۆر لەژێر هێرشی شیوعییەكاندا بوو- كە بە كرێكاری دیبووی وتبووی ئەو رۆژانەكەی پێدەدات ‌و رۆژانەی كرێكارێكیش لەجیاتی ئەو دەدات، بەڵام مامۆستا كەریم قبووڵی نەكردبوو، بەو جۆرە جوامێری ‌و دلێرییە لە ناخی دڵی ئێمەماناندا جێگەی خۆی كردەوە ‌و پێموایە هەتا سەریش هەر مایەوە.

ئەوسا ئێمەمانان وەك نموونەی تێكۆشەر ‌و نموونەی شۆڕشگێر تەماشامان دەكرد ‌و خۆشمان دەویست كە پێموایە لە دڵ ‌و دەروونمان هەرگیز نەسڕرایەوە.

کتێبی "نووسینەکانی سەرۆک مام جەلال لە گۆڤاری خاک"، چاپی یەکەم، ساڵی 2019- پرۆژەی ھاوبەشی خاک و کوردستانی نوێ


خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan