ستران عەبدوڵڵا
سێ پەیکەر رەھەندەکان دەگێڕنەوە
1-
بە پێچەوانەی بیری تەسکی ھەندێک ئاراستە، بزووتنەوەی سیاسیی لە کوردستان، وەک ھەر بزووتنەوەیەکی زیندووی ھەر میللەتێکی ئەم دونیایە، چەند رەھەندێکی دەوڵەمەند و تەواوکاری یەکتری ھەیە.
ئەمرۆ زۆر بەدیار ئەم سێ پەیکەرەی بەردەرکی سەرای سلێمانییەوە ڕامام .
پەیکەری پاشامان ئیبراھیم پاشای بابان کە رەمزە بۆ بنیاتنان و ئاوەدانی ئەمارەتی بابان و قەوارەیەکی سەنگینی نەتەوەیی لە سلێمانی و لە رێورەسمی دانانەوەیدا لەوێبووم.
پەیکەری شاعیری نەتەوەییمان فایەق بێکەس بەخۆی و ڵاپەرە پەرشەکانی دیوانەکەیەوە کە رەمزە بۆ روناکبیران و شاعیری مودەعی بەدیار عەنعەناتی نەتەوەییەوە.
پەیکەری شەھیدی وەتەن عەولە سیس کە لە راپەڕینی بەردەرکی سەرای سلێمانیی، لە رۆژی شەشی ئەیلولی 1930 گیانی پاکی سپارد.
تەبعەن پەیکەری ئەختەری شەھیدیش ماوە تا بچمە خزمەتی.
2-
ئەم چەند پەیکەرانە رەمزن بۆ شانۆی پڕ لە جولەی سلێمانی. وەک وایە و دیارە ئەمانە قەدەری شانۆی رۆمانیین و دەستی شکسپیرێکی گەرەکە بیکاتە شانۆیەکی نەمر.
پەیکەری پاشا دیدی چینایەتی و توێژی خانەدانی ئەمارەتە بۆ کوردایەتی ، رەمزی کوردایەتییە لە تافی بنیاتنانەوەو ئەیوانی دەوڵەتدارییدا ئەو کاتەی ھەبووە، ئەو کاتەی نان بدەر بووە بۆ «ئەربابی حاجەت »، ئەو دەمانەی دوور لە ھەژموونی رۆم و عەجەم خەرجی و خەراجی ھەیە.
لە ئەدەبیاتی فەرھەنگی و بگرە ئەندێشەی سیاسیشماندا نامەکەی نالی لە غوربەتەوە رێک خەیاڵە بۆ ئەو دەور و مەکانە. باسی سلێمانییە کە لەگەشە و نەشئەدایە، پر لە سۆزی دیتنی ھەموو شتێکە بە جوانی، نامەکەی سالمی ساحیبقڕانیش جوابێکە لە چاوی رەشبینییەوە، چونکە تەلاری ئەمارەت کونکون بووە و درزی تێخراوە، تەختوتاجی چینی میر و پاشاکان نەماوە و ناکۆکی براکان رێگای بۆ «رومی ئەوەندە شوومە» کردۆتەوە تا لەشەخسیش بدەن زەرەر.
ئەم دوالیزمە بۆتە بەشێکە لە ھزری نەتەوەیی سلێمانیی کە ھزری سلێمانییش یەکسانە بە ھزری کوردستان ھیچ نەبێ لە کوردستانی جنوبیدا.
ھزرێک یان ھەمووشتێکی پێ رۆمانسیی و جوانە وەک نالی یاخود ھەمووی پێ ناپەسەندە وەک سالم.
3-
پەیکەری عولە سیس رەمزە بۆ شەھادەت و شۆرش و رەمزە بۆ زەحمەتێکش و کاسبکاری وڵات کە ھەر لە تەنگانەدا خوێن دەدا، سزا و جەزای دیارە و پاداشتی بزر.
تەنانەت لەسەر پەیکەرەکەشی نووسراوە لەسەر ئەرکی خانەوادەکەی سازکراوە وەک ئەوەی جاران دەیانگوت کابرا بە تفاق وتفەنگی خۆیەوە بۆتە پێشمەرگە.
مامۆستا کامیل ژیر لە دیدگای کاژیکییەوە شیعرێکی جوانی لەسەر عەولە سیس نووسیووە . بیرمە لە ساڵانی ھەشتاکان ڤەکۆڵینێکی ئەدەبی بەراوردکاریم خوێندەوە، نووسەرەکەی دەڵێ ژیری نەتەوەیی و کاژیک لەسەر ھەژارێکی وەک عەولە سیسی نووسیووە و گۆرانی مەزنیش شیعرە بەرزەکەی لەبارەی ھەڵۆ بەگ دەدوێ. جا من چونکە گۆرانم خۆش گەرەکە پاکانەم بۆ شاعیری چەپخواز ھەبوو ، دەمگوت ئەوە توانجە لە قۆناغی رزگاری نەتەوەیی بەو ئیعتبارەی کوردایەتی ئیشی بەگو بورژواکانە!
4-
پەیکەری سێیەم، فایەق بێکەسی شاعیری 27 ساڵەیە، رەمزی بەشداری روناکبیران و شاعیرەکانە لەم جولانەوە سیاسییەی لە راپەڕینی پەردەرکی سەراوە ھاتەوە دەست شارەکان . ئەم وێستگەیەی دەستپێشخەری شۆرشی لەدەست ھەڵۆبەگەکان سەندەوە و توێژی خوێندەوارەکانی کردە رێنوێنی عەولە سیسەکان.
بەڵام ئەمانە تایتڵی گشتیین دەنا واقیعی خۆڵەمێشی لەوە ئاڵۆزترە کە ھەر سێ پەیکەر و ئینجا پەیکەرەکەی ئەختەر کە رەمزی جێندەری و بەشداری ژنانە لە راپەڕین و جولانەوەکان ، ئیکتفا بە شەرحی بکەن.
گشت ئەم رەھەندە جودایانەی پەیکەرەکان
ئاماژەن بۆ ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی کوردایەتی کە زۆر جار زۆر کەس وای راڤەدەکەن یەک شەرح ویەک تێکستی ھەیە.
ئەمە ئیشتباھێکی گەورەیە، نە کوردایەتی و نەتەوایەتی لەبەر گەندەڵی و گەندەیی و داڕزانی سیاسییمان کۆتایی پێدێت و نە لەبەر سەرچیغ چوونی جولانەوە کۆمەڵایەتییەکان و زاڵبوونی شەپۆڵی پۆلپۆلیستی لە ناو شەقامی سیاسیی و راڕەوی بە بنبەست گەیشتووی سیاسییدا رەوتی کوردایەتی دەسکەلای تەخوینکردن و بودەڵەکردنی نەیارە سیاسییەکانی دەستدەکەوێت.
نە تەخوینی گۆشەگیرە نەتەوەییەکان و نە تەھوینی تازە بابەتەکان دادی لێکگەیشتن و پێکگەیشتن دەدات .یەقینم لەوە کە رەوتێکی تۆکمەی کوردایەتی دەتوانێ ھێڵێکی پارێزەری ئاراستەی سیاسییمان بێت، بەڵام بێگومان کەس ناتوانێت ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی و ئیجتھادی جیاجیای سیاسیی لەم وڵاتە یاساغ بکات.
بەندە ھەندێک لەم ئەندێشە سیاسییەم لە نامیلکەی « چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان» شرۆڤەکردووە و لەم چەندانەشدا بۆ یادی نەوەت ساڵەی 6ی ئەیلول ئەمەم نووسیبوو:
5-
«نەوەد ساڵ بەسەر راپەرینی بەر دەرکی سەرای سلێمانی ، رۆژی گەشی شەشی ئەیلولی 1930، تێپەڕدەبێت.
ھێشتا سلێمانی پایتەختی ئیرادەی ھاووجوتی کوردایەتی و دیموکراتییە، پێکەوە دوو دیوی یەک دراون، گۆشت وخوێنن و دوو پاکێجی قەدەرێکن: لامەرکەزی لە ناو دیمەنی کوردستانێکی دیموکرات و مەحکەمدا.
نەوەد ساڵە و ھێشتا سلێمانی گیرۆدەی ململانێی ناسنامە جیاوازەکانە، وەختێک ئەم ناسنامە لێکجیاوازانە بەر یەک دەکەون، سلێمانی سەرگەردان دەبێت و وەختێک ئاوێتە دەبن سلێمانی سەروەری کوردستان، گشت کوردستانە.
سلێمانی بە ھەلۆ بەگ و عەولە سیسەوە سلێمانییە،
بە شێخ مەحمود و جەمیل صائبەوە سلێمانییە
بۆ ئەم داوەرییە باشترە لە کەرکوکلیزادەیەکی وەک من بپرسن، مادام ھاوشارییەکەم ، شێخ رەزای تاڵەبانی ، وا وەسفی قەدەری سلێمانی کردووە :
لەبیرم دێ سلێمانی کە دارلملکی بابان بوو
نە مەحکومی عەجەم ، نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو»
ئەمەم ساڵی پار لە 2020،وت
6-
قسەی تر بۆ بۆنەی تر