ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

پرۆژەكە فیدراڵی بوو، كێ وەك هەڵوەشانەوە وێنای كرد؟

بابەتەكانی ژمارەی دوێنێ (9/11/2020) ئەنساتی مەركەزی برینەكانی كولاندەوە ‌و بیركردنەوەی تیژكردەوە. موناسەبەكە بڵاوكردنەوەی سەنەد ‌و قەول ‌و قەراری (46)یەمین سەرۆكی ئەمەریكا؛ جۆ بایدن بوو، بەتایبەتی لە دۆسێی هەرە ناسراوی ناوچەكەی ئێمە كە عیراق ‌و كوردستانەكەیەتی: دۆسێی فیدراڵیزمی سێ گۆشەیی وڵات كە بایدن و رەفیقێكی لە ساڵی (2007)دا كردیانە پرۆپۆزەلێكی مەحكەم ‌و دایانە كۆنگرێسی ئەمەریكا ‌و كۆنگرێسیش پەسەندی كرد. ئەو پرۆژەیە بووە كراسی ئاگر ‌و كەس نەیدەوێرا بیكاتە بەری. بووە تۆپێكی ئاگرین ‌و هەر كەس بۆ باوەشی ئەویتری تێدەگرت.

عیراقییەكان، بە شیعە ‌و سوننەیانەوە، ژینگەی ئیقلیمی، بە عەرەب ‌و عەجەم، بە ئێران ‌و تۆرانیەوە، دژی پرۆژەكە وەستانەوە. تەنانەت لەكاتی خۆیدا ئیدارەی ئەمەریكا ناچار بوو، یان ئارەزووی كرد، روونكردنەوە لەسەر ئەو پرۆژەی بایدن ‌و ئەو بڕیارەی كۆنگرێس بدات كە (75) ئەندامی سەنان دەنگیان بۆدا لەناویاندا، (26) سیناتۆریان لە حزبەكەی سەرۆك بوش، كۆمارییەكان، بوون. لەسەر ئەم هەڵایەی فیدراڵییە سێ گۆشەییەكە نایەوە. بایدن ‌و رەفیقەكەی لە رۆژنامەكان روونكردنەوەیان دا. ئەوی ئەوان وتویانە ‌و پێشنیازیان كردووە هیچ نییە جگە لە شرۆڤەیەكی نەرمتر ‌و جوانتری دەستووری عیراق كە داوای وڵاتێكی فیدراڵی دەكات ‌و لە تشرینی یەكەمی 2005 دا عیراقییەكان لە راپرسیدا پەسەندیان كرد.

بایدن جوابی ئیدارەی بوش ‌و ئیدارەی كاری رۆژانەی ئەمەریكا لە باڵیۆزخانە گەورەكەی، لە بەغدا، دەداتەوە ‌و دەڵێ ئەمە ئەسڵی دەستووری عیراقە ‌و ئێمە لە پرۆژەكەدا هەر ئەوەمان كردووە، خوردمان كردووەتەوە، وەرگێڕانمان بۆ كردووە ‌و وتوومانە پاڵەوانەكانی ئەم دراما فیدراڵییەی عیراق هەر دەبێ كورد، شیعە ‌و سوننەبن.

بێگومان دوای ئەو وتارە بایدن ئیتر لێی بێدەنگ بوو ‌و قسەی زیاتری لێ نەكرد. ئینجا بایدن بووە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە دوو خولی سەرۆكایەتی ئۆبامادا، بەتایبەتیش بووە بەرپرسی دۆسێی عیراق ‌و كەوتە هامشۆی ئەو سەركردانەی دەبوایە سەركردەی عیراقی سێ گۆشەی فیدراڵی بن، بەڵام هەر بە سەركردەی عیراقی یەكگرتوو لەسەر كاغەز ‌و خوێناوی، پەرت ‌و كەرت، لەسەر زەمینی واقیع، مانەوە.

دوایی لە نرخی ئەو بێدەنگییە ماقولەی بایدن ئیتر ئێستا ئەم خولە وەك سەرۆكی ئەمەریكا هاتووەتەوە. بێگومان بایدن، كە خاوەنی سەروەری ئیقلیمی شرۆڤەكردنی فیدرالی دەستوری عیراق بوو، ئیشی خۆی لەسەر عینادی ‌و نەگبەتی عیراقییە مەركەزییەكان پەكنەخست، بەڵكو لەم خولی ململانێ سیاسییەدا لەگەڵ ترامپ بووە خاوەنی گێڕانەوەی سەروەری بۆ سیاسەتی سەنگین ‌و ماقول ‌و تەگبیری سیاسی ئەمەریكا كە چوار ساڵەكەی ترامپ لەسەر قیرتاوی رێی شەقام لای بردبوو.

هەرچی عیراقییەكانیشە، ئەوە لە عینادی ‌و نەگبەتیدا وڵاتەكەیان كەوتە گێژاوی پۆست قاعیدە ‌و داعش ‌و ئینجا دوای ئەوە میلیشیاكانی كە ئێستا وڵاتەكەیان كۆنترۆڵ كردووە. عیراقی دوای پرۆژەكەی بایدن كە سوننەی مەركەزیخواز ‌و شیعەی هەژموونخواز بێ باكانە دژی فیدراڵییەكەی بایدن ‌و ئیتحادییەكەی دەستووری وڵات وەستانەوە، بەوە قایلبوون وڵاتەكەیان لەبەر هەڕەشەی گرتنی موسڵ ‌و لەدایكبوونی سەد ئەمیری شەڕ ‌و سەد ئەمیری داعش بمێنێتەوە ‌و رەشەبا بیبات، نەك ببێتە فیدراڵییەكی ماقوڵ ‌و ئارام.

ئەگەر دەستەبژێری عیراقی وەفاداری چەمكی عیراقێتی سەری زمان ‌و بنی زمانیان بوواین، لە وڵاتێكی فرەیی سێ هەرێمدا پایدارتر دەبوون، نەك لە وڵاتێكی وا بە رەسمی یەكە ‌و بە دیفاكتۆ پەرتە ‌و هەر رۆژەی بەشێكی لێی تەوەللا دەبێت.

بایدن زیانی نەكرد، وا ئێستا سەرۆكی وڵاتی خۆیەتی كە ئیتحادییە ‌و زیاد لە پەنجا هەرێمی هەیە، بەڵام دەستەبژێری شیعە ‌و سوننەی عیراق زەرەریان كرد كە وڵاتەكەیان وایە كە داب و دەستوور ‌و مەنتیق لێی تەوەللایە.

جا عەرەب خۆی پێش بایدن جوانی وتووە (رائد القوم لا یكژب) واتا پێشەنگان درۆ ناكەن، بەڵام دەستەبژێری عیراق دوای هەڵڵا كەوتن ‌و گوێیان بە سەری سپی بایدن ‌و سەری سپی زۆری تریش نەدا.

گشتیان فیدراڵییەكەیان وەكو دابەشكردن ‌و هەڵوەشانەوەی قەوارەی عیراق وێنا كرد. كە لێكی دەدەیتەوە هەست دەكەیت ناكۆكەكانی عیراق دژی یەكن، بەڵام هەریەكەیان ئەویتر تەواو دەكات لە شرۆڤەی خراپی پرۆژەكەی بایدندا كەچی گلەیی لێدەكەن داخۆ بۆ پرۆژەكەی جێبەجێ نەكرد ‌و خۆی لێ دزییەوە؟

كفنودفنی پرۆژەكەی بایدن ئەو رۆژە كرا كە هەر لایەنە ‌و لە خەیاڵی پیلانێكدا بووە كە وایكردووە وڵاتەكە لە وڵاتێكی كەمەندكێشەوە ببێتە وڵاتی تەوەللاكەر.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan