ستران عەبدوڵڵا
دژوارە، بەڵام زەحمەت نییە
گۆڕانکاری و ئەبدەیتکردنەوە لە هەموو بوارێکدا نەیاری هەیە، هەیە لەبەر رانەهاتن، هەیە لە ترسی ئاییندە و هەشە لەبەر بەرژەوەندی. رانەهاتوو پێویستە نیگەرانی بڕەوێنیتەوە و روونکردنەوە مافێتی و مافێکی رەواشە. ئەوەشی ترسی ئاییندەی هەیە ئەویش هەقێتی بۆی روونبکەیتەوە کە ئاییندە باشتر دەبێت و ئەویش دەتوانێت بەشێکی ئەم پرۆسەیە بێت.
ئەوی بەشی بەرژەوەندیش دیسان هەقێتی کە بۆی روونبکەیتەوە تەنانەت چەمکی بەرژەوەندیش وەکو جاران نەماوە. بەرژەوەندیی تەسک و شەخسی و هی ناڕەوا و مفت باوی نەماوە و ئەمڕۆش نەبێ سبەی هەر دەپوکێتەوە و ئاییندەی نییە، چونکە لەگەڵ سروشتی شتەکان یەک ناگرێتەوە و زوڵمێکی فازح و شەنیعە و خواش قبوڵی ناکا و بۆ بەندەکانیشی قووت نادرێ. تەنانەت ئەهلی بەرژوەندیش ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەبێ تاریفێکی تر بۆ بەرژوەندیی خۆیان بکەن کە شتێک، زۆر ناڵێین، نزیکیان بکاتەوە لە بەرژوەندییەکی گشتی و بەردەوام و تاسەر. ئەمە باشترە لە بەرژوەندیی قەبە و مفتەخۆری، ئەمما ناڕەوا و تەوەزەل کە زەحمەتە تاسەر بێ و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی کەوتن و پووکانەوەدایە. تەخشان و پەخشان و حیلەبازی رۆژێک هەر دێ و دەوەستێ و ماشێنی بیرۆکراتیش ناتوانێ بۆی ببێتە پەرژین و بەرگی نەخشین. ئەگەر تەوژمێکیش نەبێ رایبگرێ ئەوا (دۆیە هەر دەبڕێ و تەواو دەبێ).
جگە لە پەیوەنداران، هەقە کەس بە حیکایەت هۆنینەوە سەغڵەت نەفەرمێ، چونکە هەموو کەیسێک حەیسیەتی خۆی هەیە و هەموو کەسێکیش بەشێکە لە هەڵسەنگاندن و هەموو هەڵسەنگاندنێکیش بۆ کەش و فش و جاڕدان نییە. لە کار و ئیدارەداندا هەمیشە کۆی دیمەنەکە گرنگە و نیشانەی بەدەستهاتن و گەیيشتنە بە کەناری ئارامی، ئەبدەیت و گۆڕانکاری بۆیە خاو و لەسەر خۆیە، چونکە ناوی بەخۆیە، بەڵکو ئەگەر لە سەر رێی پرۆسەکەدا کەموکوڕیش هەبێ، زوو چارەسەر بکرێت و بە جیا نرخاندنی بۆ بکرێت، پێش هەموو شتێک بۆ قازانجی گشتی، نەک بۆ هەڵڵای گشتی.
لە هەموو حاڵێکدا کاروانەکە ناوەستێ و بەردەوام دەبێ، چونکە چانسێکی شیاو و روو لە چاکەی گشتییە، هەر بۆ رۆژ بەڕێکردن و بۆ مانەوەی پەتی و پێ پەتی نییە، بەڵکو بۆ بووژانەوەی بەپیت و بەتینە. جا ئێمە لە دێرە زەمان و گەڵێک وێستگەدا بەرهەمی قەڕەباڵەغیمان دیت کە هەر بۆ کۆڵانی داخراو و دۆخ خراپمان دەبات، ئێ بەڵکو پووختکردنەوە و رێکخستنەوە و ئاڵوگۆڕی شێنەیی قسەیەکی تر بکات؟
هەندێک جار لەبەر ئازار و ئێشی بەرژوەندیی تەسکە کە مەیووە و قاڵبی گرتووە و تەکەلوسی کردووە، ئاخێک لێرەو لەوێ دەبیستین، هەندێک جار کە هەڵا لە قاو نادرێ لەبەر بەرژوەندیی گشتییە و لەبەرئەوەش کە راستی روون و زەلالە و هەروەها دەنگیشی زوڵاڵە.
چەکوشکاریی پێویست بە قسە خۆشە، بە کردەوە ئاخر و بەڵامی پێچە بە دەورە بە دوای خۆی دەهێنێ.
خ.غ