کوردستانی

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە چارەسەرێک بۆ دابەزینی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە چارەسەرێک بۆ دابەزینی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو
مەودا میدیا-

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد "بە نووسراو داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی پێداچوونەوە بە رێنماییەکان بە ئامانجی دابەزینی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، هۆکار زۆرن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تاکە چارەسەر لە ئێستادا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکان و بەنزینی ناوخۆ بەرهەمبهێنت".

کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە مەودا میدیای راگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر بە دیناری عیراقی، قۆرغکاری بەشێک لە کۆمپانیاکان، چاودێری نەکردنی دەروازە سنوورییەکان لە هاوردەکردنی سووتەمەنی سەرجەمیان هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە وەک لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دوو نووسراوی جیادا داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەمەبەستی ئەوەی پێداچوونەوە بە رێنماییەکاندا بکەن و چاودێری خاڵە سنوورییەکان و گومرگ بکەن لە هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین روونیکردەوە "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکان و بەنزینی ناوخۆ بەرهەم بهێندرێت و بە نرخیکی گونجاو بدرێت بە بەنزینخانەکان، هەروەها چاودێری نرخەکان بکەن و رێگری لە قۆرغکاری بکەن".

هاوکات کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "چاودێریکردنی نرخی بەنزین و هۆکار و چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".

ئەمەش دوای ئەوەدێت ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک بڕی 350 بۆ 400 دینار بۆ نرخەکەی بەرزبووەتەوە و نیگەرانی شۆفێران و هاوڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

زەویی باتڵاخ

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

کوردستان چۆن سوود لە یەکگرتوو ببینێت؟

لەلایەن عارف قوربانی



News

جێپێی ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان