کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات
مەودا میدیا-

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بۆیەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا، ئاماژە بەوەشکراوە پێشبینی هەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین پێشووەچوونی بەخۆوە بینیوە، زیاتر لە 399 هەزار ژەمە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لەوانە زیاتر لە 255 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا (7.8%)ی ئامانج ژەمی یەکەم و زیاتر لە 144 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە ڕژەی لەسەدا (4.4%) ی ئامانج ژەمی دووەمی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای وەرگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ یەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا".

باسی لەوەشکردووە "پێشبینی هەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت، بەداخەوە جارێکی دیکە ژمارە و رێژەی تووشبووان و نووستن لە نەخۆشخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبووە و دووهێندی هەفتەکانی پێشووە".

لە کۆتایشدا وەزیری تەندروستی وتویەتی "تکایە بەهەندی وەربگرن و رێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر بە لەبەرکردنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و قەرەباڵغی، ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەکانتان بن با هەموومان هاوکار و پاڵپشت بین و رێگەبگرین لە هەڵکشانی توندی نەخۆشیەکە و کوردستانمان بپارێزین، هەروەها شوێنە گشتیەکان پێویستە پابەندی مەرجە تەندروستییەکان بن و وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری زیاتری رووبەرووبوونەوەی هەر هەڵکشانێکی نوێ دەکات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan