عارف قوربانی

عارف قوربانی

حه‌ماس وه‌ك خاوه‌ن مووشه‌كی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی

له‌ 15ی ته‌مووزی ساڵی 2017 له‌ رۆژنامه‌ی رووداو وتارێكم ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ نووسیبوو كه‌ ئه‌و گوشارانه‌ی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر ئێران بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ مووشه‌كه‌ دوورهاوێژه‌كانی نه‌دات، بێسووده‌، چونكه‌ ئێران له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ریكی گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی مه‌ودای مووشه‌كه‌كانی بێت، خه‌ریكی كورتكردنه‌وه‌ی جوگرافیاكانه‌. به‌تایبه‌تیش له‌و وتاره‌دا سه‌رنجم خستبووه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ك ئەمەریكا وه‌ك جۆرێك له‌ دڵنیایی بۆ سه‌قامگیریی ئیسرائیل سه‌ركردایه‌تی ئه‌و گوشارانه‌ی سه‌ر ئێران ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیکەوە‌ ئه‌مەریكا خۆی هاوكاریی ئێران ده‌كات له‌وه‌ی ببێته‌ دراوسێی ئیسرائیل.
 
ئەو‌ ستراتیژه‌ی ئێران گرتبوویه‌به‌ر له‌ دروستكردنی هێڵی دڵنیایی په‌ڕینه‌وه‌ی وشكانی بۆ گه‌یاندنی مووشه‌كه‌كانی له‌ عیراقه‌وه‌ بۆ سووریا و لوبنان، له‌ژێر چاودێریی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانی ئەمەریكادا به‌ڕێوەده‌چوون. هۆكاری ئه‌و دوو فاقییه‌ی ئه‌مەریكام له‌وه‌دا ده‌بینییه‌وه‌ تاوەکو مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران له‌ دروشمه‌وه‌ دژ به‌ ئیسرائیل ببنه‌ كردار.
 
رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی پێشتر و به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی له‌ دوو مانگی رابردوو روویدا كه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌زار مووشه‌كی دروستكراوی ئێرانی گرته‌ ئیسرائیل و به‌شێكیان ئامانجیان پێكا. ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ ئێران له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو له‌بری په‌ره‌پێدانی توانای مووشه‌كه‌ دوورهاوێژه‌كانی تا له‌ تارانه‌وه‌ بیگرێته‌ نه‌یاره‌كانی، دووریی نێوان خۆی و نه‌یاره‌كانی كورتكردووەته‌وه ‌و بێ ئه‌وه‌ی ئێران به‌ راسته‌وخۆ بچێته‌ هه‌ر جه‌نگێكه‌وه‌، گرووپه‌ وابه‌سته‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ ئیسرائیلی ده‌كات، حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌ سعودیه‌یان كرد و ئه‌وه‌شی وه‌ك پێشهاتێكی نوێ‌ هه‌ندێ‌ گرووپی حه‌شدی شه‌عبی به‌ هه‌ولێری ده‌كه‌ن، مووشه‌كی ئێرانه‌ ده‌درێت له‌م ناوه‌ندانه‌، به‌ڵام ئێران دانیشتووه ‌و خه‌ڵكی دیکە شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. 
 
ئایا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌مەریكا كه‌ مووشه‌كی ئێرانی بگاته‌ ته‌لئه‌بیب و ماڵی دۆسته‌كانی؟ بێگومان نه‌خێر، ئه‌مەریكا هێشتا ده‌یه‌وێ‌ مه‌ترسیی ئێران زیاتر بكات له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌ژموونی زۆرتر به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئه‌مەریكا بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئامانجه‌كانی ده‌بێت ئێران بكاته‌ خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆم. 
 
ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییەكه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كشابایه‌ته‌وه،‌ ئایا ئێران به‌ ئاسانی ده‌یتوانی په‌ره‌ به‌ تواناكانی بدات له‌ پیتاندنی یۆرانیۆم به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ئێستا گه‌شه‌ی پێده‌دات؟ ئایا ئه‌و گوشار و گه‌مارۆ ئابوورییانه‌ی ئه‌مەریكا خستبووه‌ سه‌ر ئێران مه‌یل و تواناكانی ئێرانی بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی بڕیوه‌، یان خێراتری كردن؟ ئه‌وه‌ی ئێستا ئێران له‌ پیتاندنی یۆرانیۆم پێی گه‌یشتووه‌ به‌ 10‌ ساڵ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پێی نه‌ده‌گه‌یشت. ئێران نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن رابگه‌یەنێت كه‌ وڵاتێكی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمه.
 
ده‌مێكه‌ گه‌یشتووم به‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌مەریكا وه‌ك چۆن له‌ سه‌ده‌ی رابردوو كۆمه‌كی به‌ وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه‌بی جیهانی ئیسلامی كرد و گه‌وره‌ و قه‌به‌ی كردن تاوەکو ئاستی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا سوننه‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمن. له‌ ده‌ستپێكی هه‌زاره‌ی سێهه‌میشه‌وه‌ كار بۆ گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی شیعه‌ ده‌كات تا ئه‌وانیش ده‌ستیان به‌ چه‌كی ئه‌تۆم ده‌گات. ره‌نگه‌ بۆ مه‌ودای دوورتریش كاری به‌وه‌بێت هه‌ردوو بلۆكی شیعی و سوننی به‌ریه‌ك بكه‌ون و مه‌ترسی جه‌نگی شارستانییه‌ته‌كان و شه‌ڕی ئایینه‌كان بگۆڕێت بۆ شه‌ڕی نێوان ئیسلام و ئیسلام.
 
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ رۆڵ و پێگه‌ی ئیسرائیله‌ له ‌داهاتووی ئه‌م هاوكێشانه‌دا. تاوەکو ئێستا ئه‌وه‌ی وه‌ك لێكه‌وته‌ و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسیی ئێران له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، له‌ ترسی هه‌ژموونی ئێران به‌شێك له‌ جیهانی عه‌ره‌بی كۆتاییان به‌ ناكۆكی و ململانێی ئیسرائیل هێناوه‌ و چوونه‌ته‌ نێو هاوپه‌یمانێتیی ئیسرائیله‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران له‌وه‌ زیاتر به‌هێزبێت و به‌تایبه‌ت ده‌ستی بگاتە چه‌كی ئه‌تۆمی، هاوكێشه‌ی ئێران - ئیسرائیل چی به‌سه‌ردێت؟ كه‌ ئێرانی خاوه‌ن ئه‌تۆم یه‌كسانه‌ به‌وه‌ی حه‌ماس ببێته‌ خاوه‌ن مووشه‌كی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی. 
 
ئه‌مەریكا گیرۆده‌ی ره‌وه‌ندی جوو بووه‌، ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌مەریكی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌لایه‌ن جووەوە‌ به‌ بارمته‌ گیرابن، ئایا ئه‌مەریكا به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌مەریكا بگێڕێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئیسرائیل وه‌ك چۆن چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆی و دڵنیابوون له‌وه‌ی ئێران نابێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌سه‌ری، دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی تێكشاند، له‌ ئێستاشه‌وه‌ تاوەکو ئه‌و واده‌یه‌ی ئێران ده‌گاته‌ قۆناغی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن، ئیسرائیل دوور له‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌مەریكا جارێكی دیکە بنكه ‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران تێك نه‌شكێنێت، ئه‌وه‌ له‌ داهاتووی هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه ‌و جیهاندا ئیسرائیل نه‌ له‌ ئه‌مەریكا ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌مێنێت و نه‌ له ‌ناوچه‌كه‌ كه‌ دوور نییه‌ ئه‌مەریكا بۆ رزگابوونی له‌ژێر هه‌ژموونی جالیه‌ی جووله‌كه‌، له‌پاڵ ئامانجه‌ دوورمه‌وداكه‌یدا بۆ به‌گژیه‌كداكردنی ئیسلام به‌شوێن ئه‌وه‌شه‌وه‌بێت رۆڵی ئیسرائیل كه‌م بكاته‌وه‌.
 
ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێسته‌كانی داهاتووی ئیسرائیل بین بزانین هه‌ر ده‌یه‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی گوشاره‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌مەریكاوه‌ وابكات ئه‌مەریكا رۆڵی پاسه‌وانی ئیسرائیل بگێڕێت، یان له‌مه‌ودوا خۆی سنوور بۆ هه‌ژموونی مه‌ترسییه‌كانی داده‌نێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan