عارف قوربانی
ئه‌گه‌ر ئۆمه‌رمه‌ندان شێت بوو، ده‌یبه‌ن بۆ كوێ؟
ره‌نگه زۆربه‌ی خوێنه‌ران ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌م ناونیشانه هه‌بێ و له‌ناو كۆڕی به ته‌مه‌نه‌كاندا ده‌یانجار گوێبیستی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بووبن (ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئۆمه‌رمه‌ندان شێت بوو، ده‌یبه‌ن بۆ كوێ)؟ ئه‌گه‌ر له رووی مانا و مه‌به‌ستی به‌كاربردنییه‌وه، تێگه‌یشتن لێی ئاسان بێت، به‌ڵام پێناچێت زانیاری‌یان ده‌رباره‌ی ناو و شوێن و چیرۆكی پشت ئه‌م ئیدیۆمه‌وه هه‌بێت. بۆیه پێش ئه‌وه‌ی هۆكار و مه‌به‌ستم له به‌كاربردنی روونبكه‌مه‌وه، كه‌مێك له‌باره‌ی چیرۆكی ئۆمه‌رمه‌ندانه‌وه ده‌نووسم.
ئۆمه‌رمه‌ندان: (گۆڕ، نزرگا)یه‌كه، كه‌وتووەته دامێنی چیای (خاڵخاڵان)ه‌وه له ناوچه‌ی شوان نزیكی پارێزگای كه‌ركوك. ده‌ماوده‌م و له زاری پیاوه به ته‌مه‌ن و خوێنه‌واره‌كانی ناوچه‌ی شوانه‌وه ده‌یگێڕنه‌وه، كاتی هاتنی له‌شكری عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌كه به‌بیانووی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام، له‌وێ تووشی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت ده‌بن له‌لایه‌ن دانیشتووانی ناوچه‌كه‌وه. دوای ئه‌وه‌ی له‌شكری عه‌ره‌به‌كان شه‌ڕه‌كه ده‌به‌نه‌وه، سه‌رداری كوردانی بناری ئه‌و چیایه به‌دیل ده‌گرن و ده‌یكوژن. ژن و كچه‌كانی وه‌ك (كه‌نیزه‌ك) ده‌به‌خشنه شه‌ڕكه‌رە عه‌ره‌به‌كان. یه‌كێك له كچه‌كانی بە ناوی خاڵخاڵان كه دەوترێت زۆر جوان بووه، ده‌به‌خشرێته فه‌رمانده‌كه‌یان كه ناوی (عومه‌ر) بووه. ئه‌ویش له‌پشتی خۆی سواری ئه‌سپه‌كه‌ی ده‌كات و به له‌شكره‌كه‌یه‌وه گونده وێرانبووه‌كه‌ی كورده‌كان جێده‌هێڵن.
خاڵخاڵان، له‌ژێر پشتوێنی سه‌ر جله كورده‌وارییه‌كه‌یدا خه‌نجه‌رێكی حه‌شار داوه، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له گونده‌كه دوور ده‌كه‌ونه‌وه خه‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و عومه‌ری پێده‌كوژێت. له تۆڵه‌ی كوشتنی فه‌رمانده‌كه‌یان له‌وێ خاڵخاڵان و كچ و ژنه سه‌بایه‌كان ده‌كوژن. له‌و كاته‌وه ئه‌و شوێنه بۆ (عومه‌ر) ده‌كرێته نزرگا. خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش ناوی چیاكه به‌ناوی خاڵخاڵان ده‌به‌ن. وه‌ك ده‌وترێت تا نیوه‌ی سه‌ده‌ی رابردوویش له كێلی سه‌ر گۆڕه‌كه نووسرابوو (عمر بن یكرب بن معد، من اصل یمنی، قتل بخنجر مصموم).
له زۆر شوێنی دیكه‌ی كوردستان له هه‌ڵه‌بجه، له ناوچه‌كانی پشده‌ر، گۆڕی هاوشێوه هه‌ن و كراون به (نزرگا). ئه‌م گۆڕه‌ی (عومه‌ری یه‌مه‌ن)یش له دامێنی چیای خاڵخاڵان، وه‌ك نزرگایه‌ك و به‌پێی رۆژگار بووه به ئۆمه‌رمه‌ندان و گونده‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و ناوه‌ی وه‌رگرتووه. خه‌ڵك بۆ نزاكردن و چاكبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ده‌چن سه‌ردانی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌سانی به‌خشراو ده‌به‌ن و داوای لێده‌كه‌ن چاكی بكاته‌وه. له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌م دیارده‌یه وه‌ك په‌ندی پێشینانی ته‌نزئامێزی لێهاتووه، ده‌ڵێن (كه‌سێك شێت بێت ده‌یبه‌نه ئۆمه‌رمه‌ندان، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئۆمه‌رمه‌ندان خۆی شێت بوو، ده‌یبه‌ن بۆ كوێ)؟
منیش لێره‌دا ئه‌م په‌نده ته‌نزئامێزه‌م بۆ (دادگای فیدراڵی عیراق) به گونجاو زانی، له كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی و خه‌سڵه‌تی كاره‌كه‌ی چاودێریی ده‌ستووریبوونی یاساكانه، واتا ئه‌ركی پله یه‌كی ئه‌وه‌یه هه‌ر یاسایه‌ك له په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت ئه‌م دادگایه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیار له ده‌ستوورییبوون و ناده‌ستووریێتی یاساكه بدات، ده‌توانێ یاسا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو په‌رله‌مانیش ده‌نگی بۆی دابێت. جا ئه‌مه له‌به‌ر رۆشنایی چاودێركردنه‌كانی خۆیان بێت یاخود پشتبه‌ستن به سكاڵای هه‌ر كه‌سێك په‌نای بۆ دادگاكه‌یان بردبێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، خودی ئه‌و یاسایه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م دادگایه‌ی پێكراوه‌ته ره‌قیب، خۆی ناده‌ستوورییه. پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر یاسای كاری هه‌ر وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك، یا هه‌ر یاسایه‌كی دیكه‌ی عیراق و به‌پێی ده‌ستوور له هه‌رێمه‌كان ده‌رده‌چن، هه‌ر كه‌سێك پێی وابێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوور ناكۆكن، ده‌توانێت په‌نا به‌رێته به‌ر ئه‌م دادگایه، به‌ڵام كه‌س بیری له‌وه نه‌كردووەته‌وه ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌م دادگایه كاری پێده‌كات له‌گه‌ڵ پره‌نسیپ و ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور ناكۆك بوو، خه‌ڵك روو بكاته كوێ؟
وه‌ك كورد ده‌ڵێت (دۆم بێ و كڵاش بۆ خۆی بچنێت)، له به‌هاری ساڵی 2021 كه به‌هاری ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی شیعه بوو، هه‌مواری یاسای دادگای فیدراڵیان كرده‌وه، كه پێشتر له ساڵی 2005 به سازان و له‌سه‌ر بنه‌مای دروستكردنی دڵنیایی كورد و سوننه، دادگاكه به‌جۆرێك پێكهات كه نه‌ك هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت دژ به پێكهاته‌كانی دیكه به‌كاری به‌رێت، به‌ڵكو وه‌ك جۆرێك له زه‌ممانی مافه ده‌ستوورییه‌كانی پێكهاته جیاجیاكان وێنا ده‌كرا، چونكه نوێنه‌ری هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك جۆرێك له مافی ڤیتۆی هه‌بوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و بڕگه یاساییه‌دا، كه ده‌بوو هه‌موو بڕیاره‌كانی ئه‌م دادگایه به ده‌نگی سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی بێت.
به‌ڵام له ئازاری 2021 لایه‌نی شیعی به سوودوه‌رگرتن له ناكۆكی نێوان هێز و گرووپه كوردی و سوننییه‌كان، به جۆرێك یاساكه‌یان هه‌موواركرده‌وه، كه بتوانن وه‌ك ده‌ستكه‌لاو ئامرازێك له كێشه و ململانێ سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عیراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شیعی به‌كاری به‌رن. به‌پێی هه‌مواری یاساكه كه ئێستا ئه‌م دادگایه كاری پێده‌كات، بڕیاره‌كان به زۆرینه‌یه. نه‌ك هه‌ر نوێنه‌ری كورد و سوننه مافی ڤیتۆیان نییه، شیعه حسابی ئه‌وه‌شیان كردووه ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست و بایكۆتی نوێنه‌ره‌كانی كورد و سوننه له دانیشتنه‌كانی دادگا، چوار ئه‌ندامی یه‌ده‌گیان داناوه تا شوێنی ئه‌وان پڕبكه‌نه‌وه. ناكرێت گرووپێكی نۆ كه‌سی كه ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های له‌و جۆره‌ی پێبدرێت، هیچ كه‌س مافی تانه‌دان و ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانیانی نه‌بێت، به‌ڵام هیچ مه‌رج و رێسایه‌ك نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كان پێویستی به ره‌زامه‌ندی هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی بێت.
ئێستا ئه‌وه‌ی له‌م دادگایه ده‌گوزه‌رێت به‌و جۆره‌یه: زۆرینه‌ی شیعی له كوێدا پێویستی به هه‌ر بڕیارێك بێت دژ به كورد یاخود سوننه، ده‌توانێت له‌م دادگایه بڕیاری له‌باره‌وه بدات و كه‌س مافی ره‌تكردنه‌وه‌ی نییه. ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیش پابه‌نده به‌وه‌ی بڕیاره‌كانی جێبه‌جێی بكات. ئه‌و بڕیارانه‌ی له دوو ساڵی رابردوودا له‌م دادگایه‌وه ده‌رچوون، زۆربه‌یان له‌ژێر كاریگه‌ریی كێشه سیاسییه‌كاندا بوون، به‌تایبه‌تی ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌م دادگایه له ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ی ئه‌م دادگایه‌دا ده‌ركراون و په‌یوه‌ندییان به كورد و هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئه‌ڵقه‌یه‌كی گرێدراوی ئه‌و كێشه و ململانێیانه‌ن له‌گه‌ڵ كورد له عیراق و ناوچه‌كه له ئارادایه. بۆ تێگه‌یشتن له‌م راستییه‌ش به ساده‌ترین ده‌ربڕین ته‌نها خستنه‌ڕووی ئه‌م دوو بڕیاره (بڕیاری ناده‌ستووریبوونی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان و ناده‌ستوورییبوونی ناردنی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه) به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و راستیه تێبگه‌ین كه بڕیاره‌كانی دادگا به‌شێكه له‌و ئه‌جێندایه‌ی بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
ته‌ماشا بكه‌ن له رۆژی 16/2/2022 بڕیار ده‌دات هه‌رێمی كوردستان نابێت نه‌وت بفرۆشێت. له رۆژی 25/1/2023 بڕیار ده‌دات عیراق نابێت هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان بنێرێت. به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م دادگایه هه‌ڵنه‌وه‌شێندرێته‌وه و یاساكه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه هه‌مووار نه‌كرێته‌وه، بڕیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دوژمنكارانه‌ی دیكه‌ش دژی كوردستان ده‌رده‌كات. ره‌نگه كه‌سانێك پێیان سه‌یربێت كه ده‌ڵێم بڕیاری (سه‌یر و سه‌مه‌ره)، ئه‌گه‌ر وانییه ئه‌ی ئه‌مه ناوده‌نێن چی؟ له‌لایه‌ك بڕیار ده‌دات هه‌رێمی کوردستان نابێت نه‌وت بفرۆشێت، به‌دوای ئه‌وه‌شدا بڕیار ده‌دات به‌غداش نابێت پاره بداته هه‌رێمی كوردستان. دوور نییه ماوه‌یه‌كی دیكه بڕیاری ئه‌وه‌ش بدات نابێت به‌غدا خۆراك و ده‌رمانیش بۆ خه‌ڵكی كوردستان بنێرێت.
خ.غ