نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

رێككەوتنی سەدە لەنێوان هێز و بەردهاوێشتندا

پرۆژەی رێككەوتنی سەدە، پرۆژەیەكی پێشنیازكراوی ئاشتەوایی ئەمەریكییە لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین، پێش وەختی خۆی و دوای ساڵ و نیوێك پروپاگەندەكردن بۆی لە 28/1/2020 راگەیەندرا، ئەو سنوورەی دۆناڵد ترەمپ لەم پرۆژەیەدا وێنەی كێشاوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتێكی فەڵەستینی، وەرەقەیەكی ترەمپە بۆ خۆدەرخستن وەك سەرۆكیك كە سەرۆكەكانیتری ئەمەریكا بەم شێوەیە نەیانتوانیوە خۆیانی لە قەرە بدەن، هەروەك بۆ دوورخستنەوەی ئەو هەموو هەوڵەی دیموكراتەكانە لەسەی لەلایەن كۆنگریس و دژەكانییەوە بۆ ئەوەی بتوانێ جارێكیتر خۆی وەك سەرۆك كاندید بكاتەوە و هەشت ساڵ ببێتە سەرۆكی یەكێك لە زلهێزەكانی دنیا. هەروەها بۆ هاوكاری بنیامین نەتیاناهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە كە بەهۆی گەندەڵییەكانییەوە كێشەكانی چووەتە بەردەم دادگا و بەهۆی راكێشانی دەنگی توندڕەوەكانی جولەكە بۆ خۆی بۆ ئەوەی ئەویش بتوانێ ببێتەوە بە سەرۆك و پارێزبەندیی سەرۆكایەتی وابكات نەچێتە بەردەم دادگا لەكاتێكدا هەڵبژاردن تەنیا چەند هەفتەیەكی ماوە و لەهەمانكاتیشدا دەنگی ئەو جولەكە توندڕەوانەی ناو ئەمەریكا بۆ دۆناڵد ترەمپ بێت.

هەرچەندە بەپێی وتەی ترەمپ ئەم پرۆژەی رێككەوتننە لە هەموو پرۆژەكانیتر قورستتر و گرنگتر و مەترسیدارتریشە لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیداوە زۆر لایەن لە دژەكان بەلای پەسندكردنی پرۆژەكە یان هیچ نەبێ بێدەنگیان رابكێشێ، بینیمان لەكاتی راگەیاندنی پرۆژەكە باڵیۆزی وڵاتەكانی (بەحرەین، میرنشینە یەكگرتووەكانی ئیمارات و شانشینی عومان) ئامادەبوون، هەروەها ئەو وڵاتانەی كە ئاوارەی فەڵەستینیان تێدایە بەتایبەتی (ئوردن، سوریا و لوبنان) بە بودجەیەكی زەبەلاح هاوكارییان دەكرێت بۆ نیشتەجێكردنیان بۆ ئەو وڵاتانە كە خۆیان لەناو كێشەیەكی دارایی گەورەدان تا ماوەیەك كێشەكانیان چارەسەر دەبێ بەتایبەتی سوریا و لوبنان كە بەدەر لە كێشەی دارایی كێشەی سیاسی و كۆمەڵایەتییان تێدایە، بۆیە تا ماوەیەك دەمكوت دەبن و رەنگە جگە لە خۆپیشاندان و هەندێ بەیاننامە و نووسینی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تێنەپەڕێ.

تەنیا كاردانەوەی توند لەلایەن فەڵەستینییەكانی ناو وڵاتەكەیان دەبێت لە ژێر یەك چەتر كۆدەبنەوە و یەك هەڵوێستیان دەبێت، ئەوانیش ئەم دەسەڵاتەی بینیومانە كاردانەوە لە چەند موشەكیك و خۆپیشاندان و بەرد هاویشتن تێناپەڕێت.

دەربارەی هەڵوێستی ئێرانیش، رەنگە ئێران خۆی لەبەرەی دژ ببینێتەوە وەك وەرەقەیەكیش بۆ گفتوگۆ بەكاریبهێنێت، بەڵام لای ترەمپ روونە كە كاردانەوەی زۆر بەهێزی نابێت بە تایبەت دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی كە بینی كاردانەوەیەكی لە چەند موشەكێك تێپەڕی نەكرد. 

دەربارەی روسیاش كە زۆرینەی جار یەكلاكەرەوەیە، هەرچەندە ئاگاداری ورد و درشتی پرۆژەكەیە، بەڵام چاوەڕێی كاردانەوەی دۆستەكانیەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتی میسریش لەڕێگەی ناوبژیوانەكەیە كە هەوڵی دانیشتنی نێوان مەحمود عەباس و بنیامین نەتەنیاهۆ دەدات، هەرچەندە مەحمود عەباس ئەو کۆبوونەوەیەی بەنامە رەتكردۆتەوە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەش ئاسان ئەنجام نادرێت و زەمینەسازی زۆری دەوێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا كاتی ئەوە هاتووە نەخشەی ئەم ناوچەیە سایكس- پیكۆ  و لۆزان بكرێتەوە، هەرچەندە ترسی گەورە هەیە لە پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئاوهادا و دڵڕازیكردنی حكومەتەكانی ناوچەكەیە و جێبەجێكردنیشی ئاسان نابێت و كۆسپی زۆر لەبەردەمیەتی، بەڵام وەك غەسان كەنفانی دەڵێ "نانەكەت دەدزن و لەدوایشدا پارچەیەكت دەدەنێ و دەبێ سوپاسیشیان بكەی لە دڵفراوانیاندا".

بۆ گوێگرتن لە وتارەکەی نەرمین عوسمان دەست لەسەر ئەم ڤیدیۆیە دابنێ
https://www.youtube.com/watch?v=9lct6uXWx6g

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan