گێتی
لە تونس چی روویدا؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی بەشێک لە تونسییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامی هەیە و دواجار سەریانکێشا بۆ لابردنی سەرۆکی حکومەت و سڕکردنی پەرلەمان.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، قەیس سەعید، سەرۆکی تونس بڕیاری لابردن "اعفاء"ی بۆ هیشام مەشیشی، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەرکرد.
لەگەڵیشیدا، قەیس سەعید، بڕیاریدا بە سڕکردنی پەرلەمانی تونسی کە لەلایەن راشد غەنوشی، سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
سەرۆکی تونس بەوەوە نەوەستا، سەرۆکی داواکاری گشتیشی لەکارەکەی دوورخستنەوە و خۆی ئەو پۆستەی گرتە دەست و وتی "دەمەوێت خۆم تاوانکاران و گەندەڵان بدەمە دادگا".
ئەم بڕیارانەی سەرۆکی تونس، لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتەدا بوون کە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانیان دەکرد.
خراپی دۆخی ئابووری، بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لاوازی حکومەت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا لەو هۆکارانەن کە تونسییەکان و بە تایبەتی گەنجانیان هێناوەتە سەر شەقام.
لەدوای بەهاری عەرەبییەوە حزبی نەهزەی تونسی توانیویەتی بگاتە دەسەڵات و زۆرێک لە جومگەکانی حوکمڕانیی کۆنترۆڵکردووە.
کابینەی ئێستای حکومەتی تونس کە لەلایەن هشام مەشیشیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بڕیاری لابردنی بۆ دەرچووە، نزیکەی ساڵێکە دەستبەکاربووە و سەرۆک و وەزیرانی کابینەکە کەسانی تەکنۆکرات و سەربەخۆن.