دڵشاد نامیق

دڵشاد نامیق

ئایا (تونس)یش وەک (میسر)ی لێدێ؟

ئیخوان لە (تونس)یش لە دەسەڵات لادران.
لەدوای خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تونسەوە، کە بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت و دواتریش سەرۆکێك بۆ تونس هەڵبژێردرا کە جیاوازبوو لە ئیخوان، ئیتر ناسەقامگیری رووی لەو وڵاتە کردووە.

لە دوای 2019وە لە تونس ململانێیەکی توند لەنێوان دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا هەیە، لەبەرئەوەی سیستمە سیاسییەکەی نیمچە سەرۆکایەتییە و سەرۆكی وڵات (قەیس سەعید) کە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بیر و هزری سیاسی جیاوازە لە زۆرینەی پەرلەمانی کە بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵیان کردووە، بۆیە ئەو ململانێیە پەرەی سەندووە بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەوە لە 2019، کە تائێستا نەتوانراوە دادگای دەستووری پێکبهێنرێت.

تونس خۆی کێشەی ناسەقامگیریی سیاسی و گرفتی کۆرۆنا و خۆپیشاندان و بێزاری خەڵکی تیادایە کە لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە خزمەتگوزاری کەمی کردووە یان پەکی کەوتووە و نەخۆشی بەفراوانی بڵاوبووەتەوە .

لەم ماوەیەدا ململانێکان تەواو توندبوونەوە لەنێوان سەرۆك کۆمار قەیس سەعید لەلایەک و سەرۆکی پەرلەمان راشد غەنوشی و سەرۆکی حکومەت هیشام مەشیشی) لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت لە بابەتی سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکان و پێکهێنانی دادگای دەستووری، هەڵبەتە هێزە عەلمانییەکان و پاشماوەکانی سیستمی پێشوو پشتیوانی سەرۆك کۆمار دەکەن و تاڕادەیەکیش بزوێنەری پەرەسەندنی ململانێکانن، دوێنێ و ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان پەرەیسەند و کار بەوە گەیشتووە کە سەرۆك کۆماری ئەو وڵاتە لە ( 25/7/ 2021)دا ئەم بڕیارانەی دەرکردووە:

یەكەم: پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و پارێزبەندیی لە ئەندامەکانی سەندەوە.
دووەم: حکومەتی هەڵوەشاندەوە و خۆی کرد بە سەرۆکی دەزگای جێبەجێكردن هەتا ئەوکاتەی خۆی سەرۆک حکومەتێك دادەمەزرێنێت!
سێیەم: خۆی وەک داواكاری گشتی ناساند و دەسەڵاتەکانی دا بەخۆی بۆ لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە گشت کەسێک، بە ئەندامانی پەرلەمانیشەوە!

هەموو ئەمانەی لە ژێر ناوی مادەی 80ی دەستووردا کردووە کە لەڕاستیدا ئەو مادەیە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆك بۆ لێپێچینەوەی تایبەت، بەڵام بەم شێوەیە نا، بەڵکو دەڵێ: لەکاتی پێویستدا سەرۆك ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، هەروەها پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سڕ ناکرێ، بەڵکو دەچێتە کۆبوونەوەی بەردەوامەوە (انعقاد دائم) هەتا لێپێچینەوەكان تەواوەبن.
ئێستا بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی بەتەواوی گشت رێكارەکانی سەرۆکی رەتکردەوە و بە كودەتا ناوی دەبات و دەڵێ گشت دامەزراوەکان ماون و بە سڕکراو دانانرێن.

کاردانەوەی شەقامیش ئێستا جۆرێك لە ئیختیناق هەیە لەنێوان لایەنگرانی هەردوولادا کە بەشێك لە خەڵك بۆ پشتگیریی سەرۆك و بڕیارەکانی هاتوونەتە سەر شەقام و بەشێکیش لە لایەنگرانی نەهزە و هاوپەیمانەکانی بۆ دژایەتیکردنی هاتونەتە شەقام و سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندووە کە شەقام دەجوڵێنن دژی بڕیارەکانی سەرۆك.

ئەم سەرۆک کۆمارەی تونس ئەگەرچی خۆی کەسێکی مەدەنییە و پسپۆڕی یاسای دەستوورییە و مامۆستای زانکۆ بووە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەبدولفەتاح  سیسی، سەرۆکی میسر، بزووتنەوەی نەهزەی تونسی نیگەران کردووە، تەنانەت کاتێک سەردانی میسری کرد رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە لەلایەن نەهزە و هاوپەیمانەکانییەوە. قسەیەك هەیە دەڵێن کە جۆرێك دەست لەپشتدانی عەبدولفەتاح سیسی هەیە و دەیەوێ ئەزموونی ئەو دووبارە بکاتەوە، لەم رۆژانەدا سەرۆکی میسر ڕایگەیاند ئامادەن هاوکاری بنێرن بۆ تونس!

بەپێی دەستووری ساڵی 2014ی تونس، سەرۆك کۆمار فەرماندەی سوپایە، سەرۆك وەزیران فەرماندەی هیزە چەکدارەکانی ناوخۆیە (ئاسایش، پۆلیس و تەشکیلاتەکانی)، بەڵام سەرۆك کۆماری تونس هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە خۆی فەرماندەی گشت (هێزە چەکدارەکان)ە.

مانگی چواری ئەم ساڵ، سەرۆك کۆماری تونس لە ئاهەنگی هێزە ئەمنییەکاندا، روویکردە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و پێی وتن: من فەرماندەی گشت هێزە چەکدارەکانم، کێ تائێستا نەیزانیوە با بیزانێت، دواییش پەیامێکیدا و وتی "الیوم صبر، وغدا أمر/ ئەمڕۆ ئارامگرتنە و سبەی فەرمانە).... ئێستا وادیارە ئەو (سبەینێ)یە هاتووە!

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan