عەتا  مەحمود

عەتا مەحمود

دە رۆژ لە تاران

هەرچەندە یەکەمجار نییە سەردانی تاران دەکەم، لە ساڵانی  رابردوودا چەند جارێکی تر بە سەردان هاتووم بۆ ئێرە، بەڵام ئەمجارە هەوڵمدا، وردە سەرنجی خۆم بنووسم، بەهیوام کۆمەڵێک زانیاری بەسوودبن:

یەکەم- کتێبخانە 
ژمارەیەکی زۆر کتێبخانە لە زۆربەی شەقام و مۆڵەکاندا هەیە، هەروەها لە سەر شۆستەکان کتێبفرۆشی لێیە، تەنانەت هەندێک لەو کۆشکانەی خواردن و پێداویستی دەفرۆشن سەلەیەکیان داناوە بۆ گۆڤار و رۆژنامەکان، ئەمەش رێک پێچەوانەی لای ئێمەی کە رۆژ بە رۆژ دەزگاکانی چاپ و رۆژنامە و گۆڤارەکان بەرەو داخران و پوکانەوە دەچن و کتێبخانەکان دادەخرێن.

دووەم- خۆپاراستن 
بەستنی ماسک و خۆپارستن لە کۆرۆنا ئیجبارییە، لە فڕۆکەخانە، ناو تەکسی، رێستۆرانت، هۆتێل، ناوبازاڕ و مۆڵەکان ...هتد.  تەنانەت لە هەندێک شوێن ئەگەر ماسکت نەبەستبێت ناتوانیت بچیتە ژوورەوە، هەندێک شۆفێری تەکسی رێگەت پێنادات لە پێشەوە دابنیشیت.

سێیەم- پاسکیل
تاران یەکێکە لەو شارانەی ژمارەی دانیشتوانی زۆرە، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2012 زیاتر لە 12 ملیۆن بووە، ئێستا رەنگە لە 15 ملیۆن زیاتر بێت. بۆیە بیریان لەوەکردووەتەوە بە چەند رێگەیەک هۆکارەکانی گواستنەوە وەک (پاس و میترۆ و تەکسی ..) بۆ دانیشتوان دابین بکەن. تا ئێرە بابەتەکە ئاساییە ئەوەی کە سەرنجی منی راکێشا بوونی ئەم پاسکیلانەیە لە شەقامە گشتییەکاندا، لە هەر کاتێکدا هاوڵاتی پێویستی پێبێت دەتوانێت لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە و بە بڕێکی کەم پارە بەکاریبهێنێت و لە هەر شوێنێکدا ئیشەکەی تەواو بوو بەجێبهێڵێت. کە ئەمەش نەک لەلای ئێمە نییە، بەڵکو لێخوڕین و بەکارهێنانی پاسکیل نەبووە بە کولتوور، لەلای ئێمە بەتایبەتی بەتەمەنەکان پێیان شەرمە پاسکیل بەکاربهێنن.

چوارەم- ریکلام
دنیای ئەمڕۆ دنیای مارکێتین و ریکلامە، رۆژانە زۆر شێوازی ریکلام دەبینین هەر لە نووسینی لەزگە لە سەر جامخانەکان، تابلۆ و  فلێکس و ئەلیکۆبۆنی سەر بینا و پرد و شوێنە گشتییەکان، کە ئەوانیش شێوازی بارز و رووناکیدارن. تا دەگاتە ریکلامکردن لە گۆڤار و رۆژنامەکان و لەسەر پۆستەر و برووشە و و فلایەر و ریکلامی تیڤی و رادیۆکان ...هتد.
بەڵام ئەم شێوازەی لە وێنەکەدا دەیبینن لەلای ئێمە بوونی نییە، بەشێک لە شۆستەکان ئەم لەزگانەی پێوەنراوە کە ریکلامی بازرگانین، کاتێک بەسەر شۆستەکەدا تێدەپەڕیت سەرنجت رادەکێشێت. رەنگە بیرۆکەی ئەم کارە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە مرۆڤی ئەم سەردەمە هەمیشە سەری شۆڕکردووەتەوە بەسەر مۆبایلەکەیدا؛ واتە سەیری بەرپێی خۆی دەکات. لایەنە خراپەکەی ئەوەیە کە شۆستەکان پیس دەکات، بەڵام بۆ شارێکی قەرەباڵغ و جەنجاڵی وەک تاران هەر نەبێت ژمارەی تابلۆ و نووسینی سەر باڵەخانە و دیوارەکان کەمدەکاتەوە.

پێنجەم-  مینۆی ئەلکترۆنی
ئەم بارکۆتە بۆ ئەوەیە، کاتێک بتەوێت خواردن داوابکەیت لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە مینۆی خواردنەکانت پیشان دەدات، واتە پێویست ناکات هیچ مینۆیەکی کاغەزی لەسەر مێزەکە بێت، یاخود کارمەندێک بێت و پێتبڵێ چی دەخۆیت؟بەتایبەتی لەم کاتەدا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەموو نزیکبوونەوەیەک باش نییە، سوودێکی تری ئەم بارکۆدە یاخود ئەم شێوازە ئەوەیە لەڕووی ئابوورییەوە خەرجی کەم دەبێتەوە بۆ خاوەن کارەکە، پێویستی بە چاپکردنی مینۆ نییە، هەروەها پێویستی بە کارمەند نییە بۆ ئەو کارە و کرێی رۆژانە کارمەندێکی بۆ دەگەڕێتەوە.

شەشەم-  تەکسی ئینتەرنێتی (اسنپ )
ئەم بابەتەش بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە باسی دەکەم بەهیوام سوودمەند بێت بۆ ئەو هاوڕێیانەی سەردانی تاران دەکەن.
ئەپڵیکەیشنی (اسنپ ـ snapp) لەسەر مۆبایلەکەت دادەبەزێنێ، کە پێویستت بە تاکسی بوو لە رێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە داوای تەکسی دەکەیت. سەرەتا شوێنەکەی خۆت دیاری دەکەیت دواتر ئەو شوێنەی کە بۆی دەچیت، لە ماوەی چەند چرکەیەکدا وەڵامت دەداتەوە و چەند زانیارییەکت پێدەڵێ:
 ـ نرخی گەیاندنەکەیت بۆ دیاری دەکات.
ـ جۆر و رەنگ و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەت بۆ دەنووسێت.
ـ ناو و وێنەی شۆفێرەکە.
ـ پێشت دەڵێ بە چەند خولەک دەگاتە لات.

ئەم شێوازە دوو سوودی هەیە :
ـ نرخەکەی ئێجگار گونجاو و کەمترە لەو تەکسییانەی کە لەسەر شەقام دەستی لێڕادەگریت، دەتوانم بڵێم یەک لەسەر سێی نرخی تەکسی سەر شەقامەکانە. من ئەو بەراوردەمکرد. 
ـ بۆ خەڵکی غەریب ئەم رێگەیە ئەمانترە، چونکە کۆمپانیا سەرپەرشتی دەکات.

حەوتەم- بەرهەمی خۆماڵی
لێرە هەموو کەرەستە و پێداویستییەک هەر لە جلوبەرگ و پۆشاک و پێڵاو، خواردنی وشکە و خواردنی لە قووتو و شووشەکراو، پێداویستی ناوماڵ، دەرمان تا دەگاتە ئوتۆمبێل و...هتد، خۆماڵییە و بەرهەمی ناوخۆی خۆیانە. بەدەگەمەن پێداویستییەک دەبینیت کە بیانی بێت، ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە بەراورد بە بەرهەمە خۆماڵییەکە، بەهۆکاری ئەوەی باجێکی زۆری خراوەتە سەر. واتە بە تەواوەتی پشتیان بەخۆیان بەستووە، ئەمەش کارە درووستەکەیە. 
دیارە ئێران وڵاتێکی گەورەیە و خاوەنی مێژوو و شارستانییەتێک لە مێژینەیە، نامەوێت و ناکرێت  بەراوردی بکەم بەلای خۆمان، بەڵام خۆدەکرێ ئێمەش کەڵک لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین، هێندە بەدوای مۆدێلاتەوە نەبین و لەپێناوی دەرفەتی کار و بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆدا، گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین.

هەشتەم-  رێڕەوی نابیناکان
لە بەشێک لە شەقامەکاندا، کاتێک بەسەر شۆستەکاندا پیاسە دەکەیت، دەبینیت ریزی ناوەڕاستی شایگەرەکان جیاوازن لەوانی تر، خەت خەت و زبرترن، لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو میترۆ و لە هەندێک شەقامی تریش هەمان شتم بینی. ئەمەش کارێکی زۆر بەجێیە، چونکە تایبەتە بە رۆیشتنی مرۆڤە نابیناکان. لە هەر شوێنێک رێز لە مرۆڤی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابینا گیرا، مافەکانیان دابینکرا جێگای دڵخۆشییە.

نۆیەم- ژینگە 
سەرنجی من لە هەموو شوێنێک لەسەر ژینگە و رێژەی سەوزاییە، لێرە ئەگەرچی گرنگییەکی زۆریان داوە بە باخچە و سەوزایی و دارو درەخت، جگە لە چەند پارکێکی گەورە، بەشێکی زۆری شۆستەکان و ناوەڕاستی شەقامەکان سەوزپۆش و دارودرەختە، ناوەڕاستی فولکە گەورەکان کە ئەمان پێیدەڵێن مەیدان وەک مەیدانەکانی وەلیعەسر و تجریش ...هتد لەم وەرزی هاوینەشدا سەوز دەچنەوە، جۆگەی ئاو بە بەشێکی زۆری شەقامەکاندا و بەتەنیشت شۆستەکاندا، هاتووەتە خوارەوە  بۆ ئاودانی باخچە و درەختەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاران بە یەکێک لەو شارانە دادەنرێت، کە بەهۆی چڕی دانیشتوانەوە، ژینگەکەی هێڵی سووری تێپەڕاندووە. بەرپرسانی ئەم شارە چەندینجار ئاماژەیان بەو مەترسییەکردووە.

دەیەم- باخی کتێب
دەستپێکی باخی کتێب، لە کۆتایی پردی تبیعەتدایە لە دامێن بەرزاییەکدا کە هەموو دارودرەخت و سەوزاییە. دیزاینی ئەم پارکە بەشێوەیەک کراوە کە نزیکبێت لە سروشتەوە، بۆ نموونە کورسی دانیشتن و تابلۆی نووسین و تەنانەت سەلەی خۆڵ و خاشاک لە شێوازی درەختدا دروستکراون، جگە لەوە لە هەندێک شوێندا پلە قادرمەکان لە دار دروستکراون. 
دیزاینی پارک، کارێکی گرنگە، بەداخەوە لەلای ئێمە ئەم لایەنە فەرامۆشکراوە و وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan