عیراقی
سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق: هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا:
ئەمڕۆ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق و سەرکردەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەکان لە بەغداد كۆبوونەوە و تاوتوێی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانیان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوە و کازمی لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمەریکا و سەردانەکەی بۆ واشنتن بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستوەتەڕوو.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆکان و رێككەوتنەكە دووپاتكردووەتەوە وهەروەها پێشوازییان لە بەردەوامی و فراوانکردنی هاوکاری نێوان ئەمەریکا و عیراق كردووە لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، رۆنشبیری، تەندروستی و زانستیدا بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بگەیەنێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئەوەش هاتووە، سێ سەرۆكایەتییەكە و بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کردووە و جەختیانکردووەتەوە لەوەی كە هەڵبژاردنەكە دەبێت لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچێت، داواشیان لە حکومەت کردووە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەکە تەواو بکات و پشتیوانی زیاتری کۆمسیۆن بێت بۆ سەرخستنی و هاوکات لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە داواشیانکردووە ئەو لایەن و هاوپەیمانێتیانەی بەهەر هۆکارێک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، پێداچونەوە بەبڕیارەکەیاندا بكەن.
ر. ر