کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی هۆکاری دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێک ئاشکرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی هۆکاری دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێک ئاشکرا دەکات
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون رایگەیاند، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە ماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا، دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە رێبازی پیرۆزی مام لایاندابوو. 

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هانس ئاکیربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان کرد و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عیراق تاوتوێكران و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازییەوە كرا.

لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون بافڵ تاڵەبانی وتی "هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا، دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە رێبازی پیرۆزی مام لایاندابوو، ئێمە دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە".

لە راگەیەندراوی دیدارەکەدا هاتووە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان و کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە، هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لە بەغدا، هێزە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکهەڵوێست بن، تاوەکو هەموومان پێکەوە کوردستانێکی بەهێز و ئارام بونیادبنێین و هاووڵاتییانمان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێت. دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەوپێناوەدا بووە، دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببینەوە و قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین.

هاوکات لە بارەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات، بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.

لەبەرامبەر هاریکاری و هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاترکرایەوە لە بوارەکانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، كونسوڵی هۆڵەندا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ خەڵك دووپاتكردەوە و رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرین بۆ خەڵک و چاکسازی رێڕەوەی خۆی وەرگرێت و ئاسایش بەرقەراربێت.

ر. ر



Qaiwan
Qaiwan