کوردستانی
تەمەنی پەرلەمانی کوردستان یەک ساڵە و تەنها یەک پڕۆژە یاسایان پەسەند کردووە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد
تەمەنی پەرلەمانی کوردستان زیاترە لە ساڵێک بەڵام کەمترین کۆبوونەوەی ئەنجام داوە لە ماوەی تەمەنیدا، هەروەها تەنها یەک پڕۆژە بووەتە یاسا و دەنگی لەسەر دراوە ئەویش پڕۆژە یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕەوییەکان ئەو پڕۆژە یاسایەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قبوڵ نەکرا.
کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە کەمی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "کەمی کۆبوونەوەکان بۆچەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە ئەویش یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی نێوان لایەنەکان لەسەرەتای دەست بەکاربوونی پەرلەمانەوە، هەروەها هۆکارێکی دیکەش پەیوەستە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت پەرلەمان لە هەفتەیەکدا دوو جار کۆبوونەوە بکات، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوە دانانێت و کارنامە دیاری ناکات ئەمەش کەمتەرخەمیە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد "حیزبەکانی دەسەڵات کار بۆ ئەوە دەکەن کە متمانەی خەڵک بە پەرلەمانی کوردستان لاواز بکەن، چونکە دەیان پڕۆژە هەیە کە لە ئێستادا گرنگە کاریان لەسەر بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "تاوەکو ئێستا تەنها یەک پڕۆژە یاسا لە پەرلەمانی کوردستان کراوەتە یاسا ئەو یاسایەش حکومەتی هەرێم رەتیکردووەتەوە کە پڕۆژە یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕەوییەکانە، بەڵام چەند بڕیارێک دراوە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا".
ئەمەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان لە 6ی تشرینی دووەمی 2018 یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا ئەوە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە پەرلەمان دەست بەکار بووە، بەڵام تەنها 15 کۆبوونەوەی ئەنجام داوە کە دەبوو لەو ژمارەیە زیاتر پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و کاری لەسەر چەندین پڕۆژە یاسا بکردایە کە لە ئێستادا گرنگن بۆ کۆمەڵگە.