بەهرۆز  جەعفەر

بەهرۆز جەعفەر

با.................

با: لە قوبرس بۆردمانی ئاوها بکات، چل ساڵە لە بن دەستی تورکیادا تەحەدا دەکات و گازی سروشتیش دەردەهێنێت و ناهێڵێت تورکیا بەشداریی پێبکرێت لە هاوکیشە سیاسی، سەربازی و ئابوورییە نوێیەکانی تەواوی دەریای سپی ناوەڕاستدا.

با: لە ئیسرائیل بۆردوومانی ئاوها بکات، کە دەیان کەسی تورکی لە کەشتی مەڕمەڕە Mavi Marmara Flotilla دا لە (31ی ئایاری 2010)دا کوشت و دەیان جاریشە تورکیا لە دەرگای ئیسرائیل دەدات پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئاسایی بکرێتەوە، وەڵامی نادەنەوە.

با: لە یۆنان وابکات، تازە بەهێزترین بنکەی ئەمەریکی لە  مینای ئەلیکساندروبولیسی یۆنان کراوەتەوە، هەروەها لە دوورگەی کریت-Crete  بەهێزترین سیستمی ڕادار هەیە. یۆنان بەهێزترین تەحەدای بەردەم تورکیایە لە یەکێتیی ئەوروپا.

با: وا لە فەرەنسا و ئیتاڵیا بکات کە لەگەڵ قوبرس و یۆنان هۆکاری قەیرانە داراییەکانی تورکیان دەیان ساڵە و وایانکردووە لە هەموو شوێنێکدا سزا و ئابڵوقە بکەوێتە سەر تورکیا.

با: هیچ نەبێت وا لە ئەرمینیا بکات کە بەهێزترین لۆبییان هەیە لە واشنتۆن و تورکیایان بە دەوڵەتی تیرۆر ناساندووە لە ناوچەکەدا.

با: تورکیا بستە خاکێکی میسر بکاتە ئامانج و ئاوها شەش مەتر قووڵی بکات، خۆ میسر و هەموو ئەو وڵاتانەی تریش جێگەی حوکمڕانیی دەوڵەتی عوسمانی و تورکەکان بوون.

هەر هیچ نەبێت تورکیا با لە لیبیا وابکات، هەموو ئەو وڵاتانە سنووری وشکانی و ئاوییان لەگەڵ تورکیا هەیە. لە لیبیاش تورکیا و هێزە پرۆکسییەکانیان دەرکرد و (120) ملیار دۆلاریش زیان بەر تورکیا کەوت.

لە هیچ شوێنێک بوار بە تورکیا نادرێت (82) بنکەی سەربازیی لە خاکەکەیدا دابنێت و لە قووڵایی جوگرافیاکەیدا زیاتر لە (20) فرۆکەی F16 بەکاربهێنێت و هێرش بکات.

ئەم هێرش و هاتنانەی تورکیا بە ئاگاداریی ئێران و عیراقە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمێکە وەک یەکێک لە سیناریۆکان لای ئێمە تۆمارکراوە کە تورکیا رۆژێک تا خانەقین و مەرزی پێنجوێن بێت و دەبابەکانی جێگیر بکات.

ئا… دەبا گولەیەک بگرێتە ئیمارات لە سەرانسەری دنیا دژی پرۆژەکانی تورکیایە. هەر تەنها دەستی بە خاکی کوردستان و خوێنی کوردستان نالەرزێت.

ئێرە کوردستانە، ئەمە پێنجوێنە…28 خاڵی تیادا کراوەتە ئامانج، پێویستە ئەوانەی لەو بەغدایە لە پۆستی باڵا و سیادیدا ملیارەها بەرژەوەندییان هەیە،  ئیدانە نا، بەڵکو پێنج جوێن بدەن بە داگیرکەرانی کوردستان.

ئەمە تورکیایە، قووڵایی ستراتیژی لای ئەو یانی من کاتێک لە ئاسایشدا دەژیم، کە دەست وەربدەمە کاروباری ئەوانی تر و لە داگیرکاریدا بم. تورکیا لە سەری سەرەوە پاڵی پێوەنراوە بۆ خوارەوە، ئەویش پاڵ بە کوردەوە دەنێت و بەرەو خوار بۆ خۆی دەکشێت. کێ ئیدانەی بکات؟ هێز بۆ گیانی یەکتری کۆدەکەنەوە، بە لەشکر و بە ملیار دینار خەڵک لە میدیا و سۆشیال میدیاوە دەگلێنن، بەڵام چوار ناوەندی رێکوپێکیان نییە لە دنیادا توێژینەوە بکات و لۆبی بکات و هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر کوردستان و ئۆبشنەکانی رووبەڕووبوونەوە دەستنیشان بکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan