کوردستانی

سێیەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


سێیەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەو بارەیەوە بنار عادل، پارێزەری سێوان قادر بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە 3ی کانونی یەکەمی 2019 سێیەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو وە لەدانیشتنەکەدا وتەی چەند شایەتحاڵێک وەرگیرا".

بنار عادل وتیشی "ئەمڕۆ وتەی ئەو دوو کەسە وەرگیرا کە بە ئۆتۆمبێل سێوان و منداڵەکانیان بردووەتە نەخۆشخانە، هەروەها وتەی دوو ئامۆزای و خوشکێکی وەرگیرا".

ئاماژەی بەوەشکرد "دانیشتنی داهاتوو لە رۆژی سێشەممە 10ی کانونی یەکەمی 2019 کە دەکاتە چوارەم دانیشتنی دادگا کە بۆ کەیسەکە بەڕێوە دەچێت، هەروەها وتەی شایەتحاڵەکانی کەسی تۆمەتبار وەردەگیرێت".

پارێزەرەکەی سێوان باسی لەوەشکرد "پێدەچێت چەندین دانیشتنی دیکە بۆ کەیسەکە بەڕێوەبچێت، چونکە کۆمەڵێک بەڵگە هەیە کە بە داتاشۆ پیشاندەدرێت لە دادگادا"

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی 16/12/2018 سێوان قادر و منداڵەکانی لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەودا سووتان و گیانیان لەدەستدا، بە وتەی سێوان قادر کە پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات لە نەخۆشخانە وتەی دا وتی "لەلایەن هاوسەرەکەوە ئاگر لە خۆی منداڵەکانی بەردراوە".
Qaiwan
Qaiwan