گێتی
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشی سەر پەنجشیر قبوڵکراو نییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
حکومەتی ئێران نیگەرانە لە هێرشەکانی سەر ویلایەتی پەنجشیر و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت هێرشەکان قبوڵکراو نین.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی حکومەتەکەی تارانی لەبارەی هێرشەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان ئاشکرا کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد "هێرشەکانی شەوی رابردوو بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و شەهیدبوونی رێبەرانی ئەفغانستان جێگەی داخ و پەژارەیەکی زۆر قووڵە".
خەتیب زادە دەشڵێت "خەڵکی ئەفغانستان زۆر بوێرن و بە دڵنیاییەوە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی شەرمەزار دەکرێت".
"مێژووی ئەفغانستان پیشانی داوە کە دەستێوەردانی دەرەکی چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ ئەنجامێکی جگە لە شکست بۆ هێزە دەستدرێژیکارەکان نەبووە" وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وا دەڵێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بزتوونەوەی تاڵیبان بە فەرمیی رایگەیاندووە کە دەستی بەسەر سەرجەم خاکی ئەفغانستان بە ویلایەتی پەنجشیریشەوە گرتووە.