د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

عيراق وەک شکستە گەورەکەی ئەمەریکا !

بیست ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێ و چاوی جیهان تەنیا لەسەر پاشەکشەی ئەمةریکایە لە ئەفغانستان. راستە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول شکستێکی گەورەیە بۆ ئەمةریکا، بەڵام لە راستیدا، شکستە هەرە گەورەکەی ئەمةریکا لە عيراقدایە و چیرۆکی ئەم شکستەش هەر لە سەرەتای 2001ـەوە دەستپێدەکات و تائێستاش بەردەوامە و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەشێوەیەکی کورت و چڕ چەند سەرە قەڵەمێکیان لەسەر بنووسم و درێژەکەی تەرخان دەکەم بۆ ئەو کۆنفرانسەی کە 25ی ئەم مانگە لە کوردستان پێشکةشی دەکەم.

1. ئەو سیستمی شەرعیەتەی کە ئەمةریکا بەکاریهێنا بۆ داگیرکردنی عيراق هەر لە سەرەتاوە لەسەر سێ درۆ بیناکرابوون. یەکەمیان بریتیبوو لەوەی کە عيراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژییە و دەکرێ لە ساتەوەختێکدا دژی ئەمةریکا بەکاریبهێنێت. راستە عيراقی هەشتاکان خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ بوو، بەڵام ئەوەش راستە کە خودی رۆژئاوا ئەو چەکانەیان پێدابوو، هەروەها خودی رۆژئاوا لە نەوەتەکاندا کۆی ئەو چەکانەیان لە عيراقدا لەنێوبردبوو، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ شوێنەوارێکی ئەو چەکانە نەدۆزارنەتەوە. 

2. بریتبوو لەوەی کە عيراقی سەدام حسێن پەیوەندی لەگەڵ رێکخرای قاعیدەی بن لادن دا هەبووە، لەکاتێکدا جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمةریکا، سێ مانگ پاش داگیرکردنی عيراق دان بەوە دادەنێت کە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەیان بەدەستەوە نییە لەسەر پەیوەنديی نێوان سەدام و بن لادن. 

درۆی سێیەمیش بریتیبوو لەوەی کە عيراق وڵاتێکی نادیموکراسییە ! ئەگەر ئەم حیکایەتە بسەلمێنین، دەبوو ئەمةریکا میسری حوسنی موبارەک و یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا و تەنانەت عەرەبی سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەی دۆستی واشنتۆنی داگیربکردبووایە.

3.بیست رۆژ پاش داگیرکردنی بەغدا، ئەم حیکایەتە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و چیتر لە واشنتن کەسێک نادۆزیتەوە باس لە چەکی کۆمەڵکوژ و پەیوەنديی نێوان سەدام و بن لادن و دیکتاتۆریی بەعس بکات. لێرە بەدواوە واشنتؤن حیکایەتێکی دیکە بۆ داگیرکردنی عيراق دروستدەکات کە بریتییە لە: بیناکردنی نەتەوەیەک لە عيراقدا، بیناکردنی نەتەوەی عيراقی  nation building ! .

4.لە 10ی ئایاری 2003 دا پۆڵ بریمەر دەگاتە بەغدا و کۆی مێژووی عيراق بە هەموو ئاڵۆزییەکانییەوە دەخاتە نێوان دوو کەوانەوە و هەوڵدەدات لە سفرەوە دەستپێبکات و نەتەوەیەک بۆ عيراقییەکان دروستبکات. پۆل بریمەر پێیوابوو ئەو مەسیحەیە کە لە دوورەوە هاتووە و عيراقییەکان لەگەڵ خۆیدا دەباتە نێو مێژووی مرۆڤایەتییەوە. ساڵێک دواتر خودی ئەو دەستەبژێرە عيراقیيانەی کە بریمەر پەراوێزی دەخستن، گورزی پۆڵاینیان لێدا و ناچاریانکرد بە جووتێک پۆستاڵەوە بەغدا بەجێبهێڵێت.

5.پاش دەرکردنی پۆڵ بریمەر، دیسانەوە ستراتیژیی ئەمةریکا لە عيراقدا دەگۆڕێت و پێدەنێتە نێو حیکایەتێکی دیکەوە کە بریتییە لە سپاردنی عيراق بە زۆرینەی شیعە و کوردیش وەک پەراوێزێک بۆ تەواوکردنی شانۆگەریيەکە. رێک وەک دوو حیکایەتەکەی پێشوو، حیکایەتی سپاردنی عيراق بە شیعەش هیچ بیرکردنەوە و رامانێکی قووڵ و ستراتیژی لە پشتەوە نەبوو، ئەو دەستەبژیرەی کە لە کۆشکی سپیدابوو، وەک پێویست دەرەنجامە تراژیدییەکانی ئەم بڕیارەی لە مەودای مامناوەندی و دوورە مەودادا هەڵنەسەنگاندبوو. بۆیە دواتر خودی واشنتؤن کەوتە ژێر لافاوەکانیان.

6. لە 2011 دا ئەمةریکا دیسانەوە بڕیارێکی هەڵە دەدات کە بریتییە لە کشانەوە لە عيراق و بەدوای خۆیدا بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت. دوو ئەکتەری نادەوڵەتی بەخێرایی ئەم بۆشاییە پڕ دەکەنەوە. یەکەمیان بریتییە لە رێکخراوی داعش و دووەمیشیان بریتییە لە میلیشیا شیعەکان. لە 2014 دا داعش دەوڵەتەکەی خۆی لە موسڵ رادەگەیێنێت و لە هەمان ساڵیشدا میلیشیا شیعەکان پێکەوە حەشدی شەعبی دروستدەکەن. لەنێوان 2014 بۆ 2017 دا ئەمةریکا ناچار دەبێ بگەڕێتەوە بۆ عيراق و رووبەڕووی هەڕەشەی داعش ببێتەوە. لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی پێیوایە کە حەشدی شەعبی، زیاتر لە داعش، مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی!

7. راستە هەموو سیاسەت لەسەر میسداقیەت ئاوا ناکرێت و پەیوەندییەکانی هێز هاوکێشەکان دەگۆڕن، بەڵام ئەوەش راستە کە سیاسەت بەبێ میسداقیەت هەمیشە پەڵەیەکی رەشی بەسەرەوەیە. کۆی ئەم هەڵە کوشندانەی ئەمةریکا لە عيراقدا، واشنتؤنیان خستووەتە دۆخی لەدەستدانی متمانە لای سوننە، لای کورد، لای لیبراڵەکانی شیعە، تەنانەت لای وڵاتانی کەنداویش کە بەشێکیان پێیانوایە چیتر گرەو لەسەر ئەمةریکا ناکرێ و باشتر وایە راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانوستاندن بکرێت، بۆ نموونە سعودیە، یان هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکرێت، بۆ نموونە ئیمارات.

8. بیست ساڵ دوای 11ی سێپتمبەر، ئەمةریکا شکستیهێنا لەوەی کە چەکی کۆمەڵکوژیی لە عيراقدا بدۆزێتەوە، شکستیهێنا لەوەی کە نەتەوەیەک لە عيراقدا دروستبکات، شکستی هێنا لەوەی کە کۆتایی بە داعش بهێنێت و تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی بکات.

9. زۆر خراپتر، 18 ساڵ پاش داگیرکردنی عيراق، لە ئێستا و ئێرەدا، عيراق لە هەموو ئاستەکاندا هەڵوەشاوەتەوە، ئاستی ئیداری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، ئەمنی، گەشەی ئابووری، دەزگایی، ئابووری و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا سنوورە نێودەوڵەتییەکانیەتی!

10. هەفتەی رابردوو، بۆ ماوەی کاژێرێک و 45 خولەک لەگەڵ گەورە دیپلۆماتێکی ئەوروپیدا و لەسەر داوای خۆی، لەسەر عيراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆم هەبوو، ئەو بە زمانێکی راشکاو و راستەوخۆ پێیوتم: هەموومان باجی شکستەکانی ئەمةریکا دەدەین، لە ئەوروپا و لە رۆژهەڵات و هەروەها لە خودی ئەمةریکاش. ئەمە تەواو راستە. هەر هەڵەیەکی ئەمةریکا دەبێت بە هەڕەشە بەسەر جیهانەوە.

11. کاتێک عيراق داگیرکرا، جۆرج بۆش وتی: ئێستا دنیا بەبێ سەدام حسێن ئارام و ئاسایشترە! کاتێک بن لادن کوژرا، باراک ئۆباما وتی: ئێستا دنیا بەبێ بن لادن ئارام و ئاسایشترە ! کاتێکیش ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا، دۆناڵد ترەمپ وتی: ئێستا دنیا بەبێ ئەبوبەکری بەغدادی ئارام و ئاسایشترە ! بەڵام لەڕاستیدا، دنیای پاش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول و دنیای پاش بە میلیشیاکردنی عيراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ ئارامتر و ئاسایشتر نییە لە دنیای پێشووتر.

*سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەرەنسی لە کاروباری عيراق

 خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan