د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

ئەردۆغان و ئەسەد؛ کەی زەنگی تەلەفۆنەکە لێدەدات؟

سەرەتا
 
ئیدی ئەو زەمانە کۆتاییهات کە ئەنقەرە خۆی بۆ گۆڕینی رژێم لە سووریادا ئامادەدەکرد، پێیوابوو لەماوەی شەش مانگدا ئەسەد کۆتایی پێدێت و رژێمێکی نوێ لە دیمەشقدا دروستدەبێت. بەپێچەوانەوە، ئێستا یەک لە دوای یەکی دەرگەکان بۆ بەشار ئەسەد دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتییەوە و تورکیاش لەم هەلومەرجە نوێیە باش تێگەیشتووە و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتەکانی لە ناوچەکەدا.
 
سەرەتا با بەم پرسیارانە دەستپێبکەین، ئایا تورکیا چی لە سووریا دەوێت؟ مۆتەکە سەرەکییەکەی ئەنقەرە لە سووریادا چییە و چۆنە و کێیە؟ دەیەوێت چۆن لەگەڵ ئەم مۆتەکەیەدا مامەڵە بکات؟ کامانەن بژارە پراگماتیکییەکانی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، گرنگە لەم بابەتانەی خوارە وردببینەوە:
 
بانگەشەی پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان

رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، لە ژمارەی دوێنێیدا، 16ى ئابی 2022، هاوارێکی بێرنارد کوشنەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسای بڵاوکردەوە. کوشنەر داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمةریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی دەکات کە رێگە بگرن لە پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەگەر نا، یەکەم، کوردەکان رووبەڕووی قەسابخانەیەکی گەورە دەبنەوە، دووەمیش داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، واتە گەڕانەوەی بەهێزی داعشێک کە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا بەگشتی، بە فەرەنساشەوە.

ئەو هاوارەی بێرنارد کوشنەر، لە کاتێکدایە کە زیاتر لە چەند هەفتەیە، دیپلۆماسیەتی تورکی بەچڕی کار لەسەر سازدانی دۆخی پەلاماردانی کوردستانی سووریا دەکات و هەوڵدەدات پایتەختە گەورەکان قەناعەت پێبکات بۆ رازیبوون بەم هێرشە فراوانە نوێیەی کە پێیوایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەتی. راستە تورکیا گرفتێکی هەیە بەناوی کۆچبەرانی سووریا، راستە هاوکێشەیەکی هەیە بەناوی ئیدارەکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لە بەرانبەر رژێمدا، هەروەها راستە تیرۆریزمی داعش پرسیارێکی گرنگە بۆ ئەنقەرە، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر پرسی کوردە لە سووریادا. تورکیا بەڕەهایی و بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ هەلومەرجێکدا نایەوێت کیانی کوردی لە سووریادا دروستببێت و بوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیش لەنێوان پەکەکە و ئەو کیانەدا، قوڵاییەکی دیکە بەم رەفزە تورکییە رەهایە دەبەخشێت.

وەڵامی واشنتن و پاریس
پاش گەیشتنی جۆ بایدن بە کۆشکی سپی، ئیتر سەرۆک ماکرۆن دۆستێکی بەهێزی لە ئەمةریکای پۆست ترامپدا بۆ دروستبوو. لەگەڵ ئەم دۆستەدا، چیتر کارتەکان تێکەڵناکرێن. باشترین نموونەش سووریایە. هەردوو سەرۆک بایدن و ماکرۆن، بە راشکاوانە سەرۆک ئەردۆغانیان تێگەیاندووە کە نەک هەر لەگەڵ پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستاندا نین، بەڵکو بە هەڵەیەکی ستراتیژیشی دەبینن و پێی رازی نابن. بۆ هەریەکێک لەم دوو پایتەختە گرنگە، ئەولەویەتی یەکەم بریتییە لە جەنگ دژی داعش و لەم بوارەشدا کوردەکان ئەکتەری یەکەمن لە سووریادا و نەک هەر نابێ پەلاماربدرێن، بەڵکو دەبێت پشتیوانی و هاوڕێیەتی بکرێن، چونکە تائێستاش داعش هەر هەڕەشەیەکی ستراتیژیی جیهانییە و دەبێت بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئێران و رووسیا
تورکیا توڕەیە لەم وەڵامەی ئەمةریکا و فەرەنسا و لێی تێناگات و وەک ناپاکی دۆستەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، چونکە پێی وایە وەک ئەندامێکی ناتۆ، واشنتؤن و پاریس ناچارن بەوەی کە پشتیوانی و هاوڕێیەتی تورکیا بکەن، نەک دووژمنەکانی تورکیا! لێرەوە، سەرۆک ئەردۆغانی بێئومێدکراو لەلایەن دۆستەکانی ناتۆوە، بڕیاریدا لەگەڵ دووژمنەکانی ناتۆدا کۆببێتەوە و هەوڵبدات ئەوەی واشنتؤن و پاریس بۆیان نەکرد، مۆسکۆ و تاران بۆی بکەن، بەڵام هەردوو سەرۆک پؤتین و رەئیسی، تەواو بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی سەرۆک ئەردۆغانەوە مامەڵەیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەی تاراندا، ئەوانیش بەڕوونی و راشکاوی دوو شتیان بە سەرۆک ئەردۆغان گوت:
 
یەکەم: تێدەگەین لەوەی کە بۆ بوونی کیانێکی کوردی لە سووریادا هەڕەشەیە بەسەر ئاسایشی نەتەوەییتانەوە و لەم بوارەدا ئامادەی هاوکاریتانین.
 
دووەم: تاکە مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەدا بریتییە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، نێوان سەرۆک ئەردۆغان و سەرۆک ئەسەد.
 
گەڕان بەدوای ستراتیژیەتێکی دیکەدا

لەم کۆبوونەوەیەدا و لە رێگەی هەستە پراگماتیکییەکانیەوە، سەرۆک ئەردۆغان بەخێرایی تێگەیشت لەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە، لە پێناوی ئامانجە گەورەکانیدا، بەدوای ستراتیژیەتێکی نوێ لە مامەڵەکردندا بگەڕێت. هەڵەن هەموو ئەوانەی کە پێیانوایە سەرۆک ئەردۆغان ئەکتەرێکی دۆگماتیکە و لەنێو کۆمەڵێک وەهمدا دەژی و بەپێی کۆمەڵێک وەهم مامەڵەدەکات. باشترین و نزیکترین بەڵگەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیلدا. تاچەند مانگێک پێش ئێستا، محەمەد بن سەلمانی وەک قەسابەکەی ریاز ناودەبرد، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا فەرشی سووری لە ئەنقەرە بۆ راخست و تەنانەت ئەو کاتەش کە تورکیای بەجێهێشت تا بەردەم فڕۆکەکەی هاوڕێیەتی کرد، لە کاتێکدا زۆر بەدەگمەن ئەم نۆرمە پرۆتۆکۆڵییە بۆ کەسانی دیکە دەکات.
 
لێرەوە، بەشێکی زۆر لەو ئاماژانەی کە لە ئەنقەرەوە دێن، دەمانبەنەوە سەر گشتاندنی مۆدێلی مامەڵەکردن لەگەڵ بن سەلماندا. راستە هاوکێشەی سووریی زۆر ئاڵۆزترە لە هاوکێشەی سعودی، بەڵام ئەوەش راستە کە لە رێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقەوە، زۆر بە ئاسانتر و بە خەرجیەکی زۆر کەمترەوە، سەرۆک ئەردۆغان دەتوانێت گورزی بەهێز لە رۆژئاوای کوردستان بدات. ئەگەرچی لە ئێستا و ئێرەدا و لەبەر چەند هۆکارێکی بابەتی، نەتوانێت سەد لە سەد لەناوی ببات، بەڵام دەتوانێت رێگە بگرێت لەوەی کە هەرێمێکی دیکەی کوردستان لە سووریادا دروستببێت، بەتایبەتی گەر پشتیوانیی رووسیا و ئێرانی هەبێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان کاتێکی زۆری بەدەستەوە نەماوە، چونکە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارە و پێش ئەم بەروارەش دەبێت رووداوێکی گەورە دروستبکات کە کاریگەریی ئەرێنیی راستەوخۆ بەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دابنێت و گەرەنتی مانەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا پێببەخشێت: ئایا لە خەیاڵدانی سیاسیی ئەردۆغاندا، ئەو رووداوە گەورەیە دەکرێت لەناوبردنی چوارچێوە دەوڵەتییەکەی رۆژئاوای کوردستان بێت؟ ئایا لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیەدا، تەلەفۆن بۆ بەشار ئەسەد دەکات و وەک جاران پێیی دەڵێت: برام چۆنیت؟ ئایا وەک چۆن پێشوازیی لە "قەسابەکەی ریاز" کرد، ئاواش لە ئەنقەرە پێشوازی لە "قەسابەکەی دیمەشق" دەکات؟ با چاوەڕوان بین، رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەستبکەوێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan