د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

محەمەد بن سەلمان لە کارلتۆنەوە بۆ پاریس!

محەمەد بن سەلمان، کە میدیای سعودی بە جەمال عەبدولناسری نوێ ناوی دەبەن، بۆ هەفتەیەکی درێژ لە پاریسە، لەگەڵ گەورەترین شاندی وڵاتەکەیدایە و دوێنێ 16ی حوزەیرانی 2023، سەرۆک ماکرۆن و شاندێکی یەکجار گەورەی فەرەنسی لە کۆشکی ئێلیزێ (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) پێشوازییان لێکرد. من، لە چەند کەناڵێکی میدیای فەرەنسییەوە شرۆڤەی ئامانج و هەلومەرجی ئەم سەردانەم کرد و لێرەدا نامەوێ بگەڕێمەوە سەر ئەو چوارچێوەیە. ئەوەی دەمەوێت لەم بابەتەدا باسی بکەم؛ قەسابخانە رەمزییەکەی ئۆتێل ریتز کارلتۆنە لە ریاز.

لە چواری نۆڤەمبەری 2017، شەوێکی درەنگ، ئێمە لە کوردستان سەرقاڵی ئەنجامەکانی گستپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و 16ی ئۆکتۆبەر بووین، بەڵام لە ریازی پایتەختی سعودیە، 381 کەسایەتیی گەورە و بەناوبانگی سیستم، راپێچی ئۆتێل ریتز کارلتۆن کران. لەنێو ئەم 381 کەسایەتیەدا، چەندین ئەمیر، وەزیر، خاوەنی کۆمپانیای گەورە، سەرۆکی گرووپی بازرگانیان تێدابوو، بەبێ ئەوەی بزانن بۆچی دەستگیراون، دەست بەسەر فڕۆکە تایبەتەکانیاندا گیراوە، بۆچی و لەبەرچی و بە فەرمانی کێ راپێچی کارلتۆن کراون. تەنها شتێک پێیان وتراوە ئەوەیە؛ شازادە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت بتانبینێت، بەڵام گیراوەکان دەزانن چەند کاژێرێک پێش ئێستا، محەمەد بن سەلمان کۆمیسیۆنێکی بەناوی دژەگەندەڵییەوە راگەیاندووە.

هەر لەم شەوە درەنگەدا، چەندین کەسایەتیی بەناوبانگی دیکەی سیستمی سعودی، کە لە ئیمارات بوون، کۆکرانەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت هێنرانەوە بۆ کارلتۆن و هەموویان پێکەوە لەوێ یەکیان گرتەوە و هەر یەکێکیان لە ژوورێکدا دانرابوون بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت پێکەوە قسەبکەن! هەروەها هەموو ئەو کەرەستانەی دەکرێت کەسێک خۆی پێبکوژێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، لابراون و دەرگای ژوورەکانیشیان کراوەیە و لەژێر چاودێریی فەرمانبەرانی کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئەمەریکیدان بەناوی "بلاکوۆتەر - Blackwater" بۆ ئەوەی هیچ پەیوەندیێکیان لەگەڵ پۆلیسی سعودیدا نەبێت و تەلەفۆنەکانیشیان لێ سەنراوە و ئینتەرنێتیشیان بڕاوە!

 هەر یەکێک لەم 381 کەسایەتییە، کە تەنها چەند کاژێریک پێشتر وەک ئەو ئەکتەرانە پێناسەدەکران، کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبوو تەنانەت رەخنەیەکیشیان لێبگرێت و بەنازەوە بەسەر زەویدا دەڕۆیشتن و فەرمانیان بەسەر دنیادا دەکرد، چەندین هەفتە هیچ کارێکیان نییە، تەنها چاوەڕوانی تەلەفۆنێکی محەمەد بن سەلمان یاخود لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە نەبێت.

 لە دۆخێکی ئاوادا و لەژێر فشارێکی دەروونی یەکجار سەختدا، لەناو گیراوەکاندا 17 کەسایەتی زۆر بەتووندی نەخۆش دەکەون و هەر لەنێو کارلتۆندا چارەسەری تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام ژەنەراڵێکی گاردی نیشتمانی، کە زۆر لە شازادە تورکی بن عەبدوڵڵاوە نزیک بوو، بەرگە ناگرێت و لەنێو ئۆتێلەکەدا کۆچی دوایی دەکات.

 هەر لەم چوارچێوەیەدا 1700 هەژماری بانکیی ئەم 381 کەسایەتییە بلۆککراون و خێزانەکانیان هەفتانە تەنها 25 هەزار یۆرۆیان دەدرێتێ بۆ ئەوەی پێی بژین، بێگومان ئەم بڕە پارە بۆ هەفتانەی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە یەکجار کەمە و بەهیچ شێوەیەک لەسەری رانەهاتوون، بۆیە هەست بەوەدەکەن فڕێدراونەتە نێو دۆزەخەوە.

 مانگێک دواتر، لە دیسەمبەری 2017دا، محەمەد بن سەلمان پێیان رادەگەیەنێت ئامادەیە دانووستانیان لەگەڵدا بکات، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، لیژنەکانی بن سەلمان تەنها دوو بژاردە بخەنە بەردەستیان: یان بەخشینی 60٪ی سەرمایەکانیان بە دەوڵەت، یان خۆیان بەرپرسیارن لەوەی پاش دادگاییکردنیان بەتۆمەتی گەندەڵی، رووبەڕوویان دەبێتەوە!

 لێرەوە و بەناچاری؛ شازادەکان، وەزیرەکان، خاوەن کۆمپانیا گەورەکان دەست بە دانووستان دەکەن و ئەوانەی بەخێرایی رازیدەبن، بە بێدەنگی و بە نهێنی لە کارلتۆن دەهێنرێنە دەرەوە و دەبرێنەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام گەشتیان لێ قەدەغە دەکرێت و دەخرێنە ژێر چاودێریی هەمیشەییەوە.

 یەکێک لەوانەی گیرابوو، شازادە وەلید بوو، کە پشکی گەورەی لە ئۆتێلەکانی "فۆر سیزنس - Four Seasons"دا هەیە، کە یەکێکیان هۆتێلی جۆرجی پێنجەمە لە پاریس، یەکێک لە هۆتێلە هەرە بەناوبانگەکانی فەرەنسا. هەروەها پشکی گەورەی لە هۆتێلە بەناوبانگەکانی لەندەن و نیویۆرکدا هەیە و خاوەنی بەشێکی گەورەی یورۆ دیزنیی و ئەپڵ و تویتەرە. شازادە وەلید، پاش ئەوەی 60٪ی هەموو سامانەکەی دەدات بە دەوڵەت، بە بن سەلمان، بە ئارامی و بەڕێزەوە دەیبەنەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی کە لە 300 ژوور پێکهاتووە! بە مەرجێک ئیتر گەشت تەواو! پەیوەندیکردن بە دەرەوە تەواو!

 شازادە وەلید تاکە کەسی ناسراو نییە، شازادە موتعب بن عەبدوڵڵا، کە کوڕی پاشای پێشووی سعودیەیە و خاوەنی هۆتێلی کریلۆنی پاریسە، یەک ملیار دۆلاری بە محەمەد بن سەلمان بەخشیوە بۆ ئەوەی لە هۆتێل کارلتۆن رزگاری ببێت و بگەڕێتەوە بۆ نێو خێزانەکەی!

 ئەوەی شازادە بن سەلمان ویستی، بەدەستیهێنا: کۆکردنەوەی 130 ملیار دۆلار لە گیراوەکان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە بودجە خەیاڵکراوەکەیدا دروستببوو. هەروەها بۆ چاوترساندنی تەواوی دەستەبژێرانی وڵات، کە چیدیکە هیچ کەسێک لە هیچ رووبەرێکدا پارێزراو نییە و دەکرێت هەر ساتەوەختێک کۆتایی بە چیرۆکەکەی بێت.

 ئەو مۆدێلەی محەمەدی بن سەلمان دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتییە لە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری، دوور لە هەر فۆرمێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان.

 پیکین، مۆسکۆ، ئەنقەرە، تاران، قاهیرە: پشتیووانەکانی بن سەلمان یەکجار زۆرن و هاوئاهەنگن لەگەڵ ئەم مۆدێلەدا کە لی كوان يو (Lee Kuan Yew) لە کتێبەکەیدا بەناوی (From Third World to First. The Singapore Story - لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم. چیرۆکی سەنگاپوور) چوارچێوەی بۆ دانابوو. ئەو پێیوایە بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو بینابکەیت، دەبێت لە سێ شت دووربکەویتەوە: دیموکراسی، ئازادیی رادەربڕین و بەشداریی سیاسی. تاکە شتێک کە بۆ ئەو گرنگە، بریتییە لە گەشەیەکی ئابووریی بەهێز و چڕی بیناکراو لەسەر ئاسایش و سەقامگیری.

 ئەمە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە کوڕەکەی سەلمان ئینتیمای بۆی هەیە و نەک هەردەیەوێت بەسەر رۆژهەڵاتدا فەرزی بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەوروپییەکان و ئەمەریکییەکانیش ناچاربکات بەوەی، بۆ بیناکردن و سەرکردایەتی ئەم مۆدێلە، گرفتی بۆ دروستنەکەن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan