د. عادل باخەوان
کێ و چی عیراق رزگار دەکات؟
لە دەوڵەتێکی بیناکراو لەسەر چوارچێوەی یاسایی تۆکمە کە پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان پێکهاتە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکاندا رێکدەخات، هەڵبژاردن وەک دەرکەوتەیەکی دیموکراسی دەبیندرێت و زۆر بەدەگمەن گومان لەسەر بەها و رۆڵە ناوەندییەکەی دروستدەکرێت.
لە دەوڵەتێکی پاش جەنگدا، زۆر جار هەڵبژاردن نەک هەر چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە بۆ خاوکردنەوەی بەریەککەوتنەکان نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی تۆخکردنەوەیانە، بەتایبەتی ئەوکاتانەی کە دەرئەنجامەکانی دەبن بە بابەتی دڕان و ناکۆکیی قووڵ و ئەمەش وادەکات کە، هەڵبژاردن ببێت بە گرفت لە بەردەم بیناکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر کولتووری دیموکراسی.
لێرەوە ئێمە لەبەردەم گرفتێکی بنەڕەتیداین: لە دۆخی دەوڵەتەکانی پاش جەنگدا و کاتێک دەڕۆنە نێو پرۆسێسی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی، ئەگەر پەلەبکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەگەر هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا بکرێت بە ئامانجێکی باڵا، گریمانەی فراوانبوونی ناکۆکییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ترازانەکان تەواو بەهێزدەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەگەر بە کۆمەڵێک بەهانەی جیاوازەوە زیاد لە پێویست دوابخرێت، دووبارە کۆمەڵگە دەخاتەوە بەردەم گریمانەی بە هەمیشەییکردنی دۆخە کاتییەکان و چوارچێوە نائاساییەکان دەکات بە ئاسایی و ئەمەش بێگومان پرۆسێسی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی پەکدەخات.
لەنێوان 2003 بۆ 2022ی عیراقی پاش جەنگدا، زۆر جار هەڵبژاردنەکان هۆکاری سەرەکیی فراوانبوونی درز و دڕانە و بەریەککەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوون، سەرەتا لەنێوان سێ پێکهاتە گەورەکەی شیعە و سوننە و کورددا، بە رادەیەک کە هەر هەڵبژاردنێکی زیاتر سنووری نێوان پێکهاتەکانی تۆخترکردووەتەوە و زیاتر بەرەو ئۆتۆنۆمی بردوونی، ئۆتۆنۆمی وەک بێمتمانەیی زۆر گەورە لە بەرانبەر یەکتریدا.
پاشان هەڵبژاردن دێت و درزەکان دەگوێزێتەوە بۆ نێو خودی پێکهاتەکانیش، بە رادەیەک کە چیتر دۆزینەوەی زمان و بەرژەوەندی و رەمز و خەون و چاوەڕوانیی و گرەوی هاوبەش لەنێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی نێو پێکهاتەیەکیشدا ببێت بە کارێکی ئێجگار سەخت.
کێ دەتوانێ گومان لەوەبکات کە درزی نێوان بلۆکی سەدری و بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەمان ئاستی درزی نێوان کورد و شیعەدا نەبێت، گەر زیاتریش نەبێت! کێ دەتوانێ گومان لەوەبکات کە درزی نێوان پارتی و یەکێتی لە هەمان ئاستی درزی نێوان سوننە و شیعەدا نەبێت، گەر زیاترش نەبێت!
زۆربەی ئەو ناوچانەی کە پێیان دەوترێت وڵاتانی پاش ململانێ (Post-conflit)، کاتێک دەگەنە ئەم قۆناخە هەستیارانە، راستەوخۆ باس لە پرسی ریفۆرمی سیستم و هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن و پێیانوایە تاکە چارەسەر بۆ دەرچوون لە کۆڵانە داخراوەکان و قەیرانە بکوژەکان ریفۆرمی سیستم و هەموارکردنەوەی دەستوورە و بەس، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا وەهمی دەستەبژێرێکی شکستخواردووی دۆخی پاش ململانێیە. باشترین دەستووری جیهان، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، تەنیا وەک پارچە کاخەزێکی بێکەڵک و بێمانا دەمێنێتەوە.
رەنگە دەستووری ئێستای عیراق یەکێک بێت لە هەرە باشترین دەستوورەکانی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەم باشترین بوونە عیراقی لە قەیرانەکان رزگارنەکردووە، چونکە دەستەبژێرە عیراقییەکان شکستیان هێناوە لەوەی کە وەریبگێڕنە سەر واقعێکی کۆنکرێتی.
گەر لە عیراقدا شتێک مابێت کە تائێستاش گرنگ بێت، بەدڵنیاییەوە هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، بەڵکو رێککەوتنە لەسەر کۆمەڵێک میکانیزمی کۆنکرێتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور کە هەموو لایەک دڵنیابکاتەوە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا، دەستوور نابێت وەک دەقێکی پیرۆز و نەگۆڕ بۆ هەموو کات و شوێنێک تەماشابکرێت و هەرگیز هەمووار نەکرێتەوە. بە پێچەوانەوە، دانانی کات بۆ پێداچوونەوەی دەستوور زۆر گرنگە، بۆ نموونە هەر 10 ساڵ جارێک، پێکهاتەکانی عیراق مافی ئەوەیان هەبێت بەشێوەیەکی دەزگایی پێداچوونەوە بە دەستووردا بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لەکوێدا و تاوەکو کوێ جێبەجێکراوە و ئەگەر چیتر ئەو دەستوورە وەڵامی داواکاری و چاوەڕوانییەکانیان نەداتەوە، مافی ئەوەیان هەبێت داوای هەموارکردنەوەی بکەن، ئەگەر نا بە ئارەزوومەندانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
گرفتەکە لەوەدایە کە بەشێکی زۆر لە عیراقییەکان رازی نین بەوەی کە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوانیان بێت و نایانەوێت وەک دەرئەنجامی بەریەککەوتنی نێوان دۆخێکی بابەتی و پرۆسێسێکی مێژوویی و کۆمەڵێک ئەکتەری تایبەت بیبینن. زۆرێک لە عیراقییەکان دەستووریان تەنیا وەک لۆژیکی هەژموون و گوزارشت لە زۆرینەی ژمارەیی و رەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی هێز دەکەن. لە رووبەرێکی ئاوادا، پرسی پێکەوەژیان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئاشتیخوازانە لە تەواوی ماناکانی بەتاڵ دەکرێتەوە.
بەشێکی هەرە زۆری ئەو ئەکتەرانەش کە لە ئێستا و ئێرەدا داوای هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن، بێگومان ئەو ئەکتەرانە نین کە دەیانەوێت لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە، هەلومەرجی پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکان باشتر بکەن، بەڵکو ئەو ئەکتەرانەن کە دەیانەوێت لە رێگەی کردەی هەمووارکردنەوە، باشتر هەژموونی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنن.
عیراقییەکان زیاتر لە دەرفەتێکیان لە بەردەستدابوو بۆ ئەوەی فۆرمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ پێکەوەژیان، بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی دامەزراو، بۆ رێککەوتن لەسەر سیستمێکی سیاسی کراوە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری فرە رەهەند، یەک یەک ئەو دەرفەتانەیان لەدەستدا. هەموو ئەو ئاماژانەش کە لە بەغدادەوە پێمان دەگەن، هیچ گەشبینی دروستناکەن، هیچیان بە ئاراستەی مۆدێلی ئەفریقای باشووردا ناڕۆن کە توانی دەوڵەتێکی تەندروست و پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانەی پاش ململانێ دروستبکات، بەڵکو بە ئاراستەی کینیادا دەڕۆن کە کۆمەڵگەیەکی هەڵوەشاوە و دەوڵەتێکی شکستخواردووی دروستکرد.
هەموو ئەم ئاماژە بابەتییانە راستەوخۆ پێمان دەڵێن: عیراق نەخۆشە و لە ژووری نەشتەرگەرییەکی سەختدایە و زۆر ئەستەمە هەڵبژاردنی ئاسایی یان پێشوەختە، هەموارکردنەوەی دەستوور یان ریفۆرمکردنی سیستم رزگاری بکات. هەموو ئەوەی کە پزیشکەکان دەتوانن لەم ژووری نەشتەرگەرییەدا بیکەن، تەنیا دەرزی لێدان و بەنجکردنی کاتییە، ئەگەر نا داهاتوویەکی ئێجگار تراژیدی چاوەڕێی دەکات.
خ.غ