د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

پاکسی ئێرانۆ- سعودی و بیناکردنەوەی رۆژهەڵات

مەودا میدیا -

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسی بەردی بناغەی بیناکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دانا. راستە دواتر گۆڕانکاریی گەورە بەسەر نەخشەکەدا دێت، بەڵام ئەوەش راستە کە هەموو رووداوەکانی دواتر لەسەر ئەم نەخشەیە بینادەکرێن. 

 سەدەیەک دواتر، بەتایبەتی پاش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ویستیان سەرلەنوێ رۆژهەڵاتەکەی سایکس و پیکۆ لە چاپێکی نوێی ئەمەریکیدا بخەنە بازاڕەوە، بەڵام 20 ساڵ دواتر، هەموو داتاکان دەمانبەنەوە سەر شکستێکی گەورەی ئەمەریکی.
 رێککەوتنی نێوان عەرەبی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەکین، لە 10ی مارسی ئەمساڵدا، بە بۆچوونی من، دەبێت وەک رووداوێکی مەزن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، چونکە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە، لە چەندین ئاستدا، هیچی کەمتر نابێت لە رێککەوتنی سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 جارێ خودی رێککەوتنەکە خۆی لە خۆیدا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەیە کە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، چونکە تەنها پێنج ساڵ پێشتر، محەمەد بن سەلمان کە بە MBS ناسراوە، لە چاوپێکەوتنێکی ورد و دورودرێژدا لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی  The Atlantic، رێبەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هیتلەر بەراورد کرد، تەنانەت وتی لە هیتلەر خراپتەرە! 

 لە هەمان چاوپێکەوتندا باس لەوە دەکات جەنگێکی گەورە لەنێوان ریاز و تاران، لە چەندین مەیداندا بەڕێوەیە: لە مالیزیا، لە سودان و لە عیراق، لە یەمەن، لە لوبنان. MBS  تیشک دەخاتە سەر کۆی ئەو میکانیزمانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خامنەیی بەکاریدەهێنت و خۆی وادەخاتە سەر شانۆکان کە لەبری تەواوی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا جەنگی کۆماری ئیسلامی دەکات، دروست وەک سەدام حسێنی هەشتاکان!

 پێنج ساڵ دواتر، پراگماتیزم و بەرژەوەندییە ساردەکانی عەرەبی سعودیە، وادەکەن MBS نەک هەر نەکەوێتە هەمان ئەو داوەی کە لە هەشتاکاندا سەدام حسێنی تێکەوت، بەڵکو سەرلەبەری مێزەکە بەسەر رۆژئاوا بەگشتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بەتایبەتی قڵپبکاتەوە و لەبری جەنگ لەگەڵ تاران، مێژووییترین رێککەوتنی ستراتیژی و هەمەلایەنەی لەگەڵدا واژۆبکات.

 ئەوەی کە بەهایەکی یەکجار گەورەتر بەم رێککەوتنە دەبەخشێت، ئامادەیی ئەندازیاریی مەزنی وەک شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چینە، کە لە ئێستا و ئێرەدا وەک گەورەترین هەڕەشە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە واشنتۆن وێنەی بۆ دەکێشرێت. ئەو رۆژهەڵاتەی کە شی جین پینگ و محەمەد بن سەلمان خەونی پێوەدەبینن، بێسنوور جیاوازە لەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی لە چەند ساڵی رابردوودا ئەمەریکا خولقاندوویەتی.

 خەونی ئەم دوو ئەکتەرە نوێیە، کە تەماهییەکی زۆر لەگەڵ خەونی ئایەتوڵڵاکانی کۆماری ئیسلامیشدا دەکات، بریتییە لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیر و ئارام کە هەلومەرجی گەشەی ئابووری بەرقەرار بکات، بەبێ ئەوەی بەهیچ جۆرێک هیچ بەهایەک بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دابنرێت. بەبێ ئاسایش و سەقامگیریەکی دوورمەودا، شی جین پنگ پێیوایە هیچ گەرەنتییەک نییە بتوانێت ساڵانە 81 ملیۆن تۆن لە نەوتی خاوی سعودیە بە 43 ملیار دۆلار بکڕێت ! ئەمە رێک بۆ محەمەد بن سەلمان و ئایەتوڵڵا خامنەییش راستە و هەر سیانیان لەسەر یەک هێڵن!

 لەم وەرزە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چیتر وەک ساڵانی رابردوو عەرەبی سعودیە ملیۆنان دۆلار وەک یارمەتی بەسەر وڵاتان و رێکخراو و ئەکتەرە جیاوازەکاندا دابەش ناکات، بەئومێدی ئەوەی بیانکاتە کارتی فشار. تەنانەت چیتر چاوەڕوانی ئەوەش نییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەڕەشە دەرەکییەکان بیپارێزن. لێرە بەدواوە، سیاسەت بەجۆرێکی دیکە دەکرێت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆرمێکی تەواو جیاواز وەردەگرن و لەم فۆرمە تازەیەدا، ئەوەی گرنگە بۆ عەرەبی سعودیە، پەڕینەوەیە لە وێناکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەیدانی جەنگ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کێڵگەی وەبەرهێنان.

 لێرەوە، دەبێت نەک هەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاسایی بکاتەوە، بەڵکو پێکەوەش کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنن و سەقامگیریی و ئاسایشی بۆ بگێڕنەوە، ئیتر ئەو 400 هەزار کەسەی کوژران، دوعای خێریان بۆ دەکەن و ئەو 18 ملیۆنەش کە لەژێر هەڕەشەی مردندان لە برسا، گرفتی ئەو حکومەتە دەبن کە پرۆئێرانییەکان و پرۆسعودییەکان، بەهاوکاریی تاران و ریاز وەکو ناوەندگیر دروستی دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان بەشدار نەبووبن لە کۆی ئەو تراژیدیایەی کە یەمەنی کردووە بە جەنگەڵستان ! ئیتر بەرژەوەندیی ساردی دەوڵەت وایە...

 هەروەها دەبێت پێکەوە کۆتایی بە جەنگی سووریاش بهێنن و نەک هەر بەشار ئەسەد بهێننەوە نێو لووتکەکانی کۆمکاری عەرەبی، بەڵکو هەموو رێگەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ سوریا بگێڕنەوە و دوا فیکەی کۆتایی یارییەکە لێبدەن. ئیتر ئەو 800 هەزار قوربانی و ئەو حەوت ملیۆن ئاوارە سوریە دەبنە گرفتێکی لاوەکی کە دەکرێت هاوکاری بەشار بکەن بۆ ئیدارەدانی. 

 لەم سایکس- پیکۆ نوێیەدا، سعودیە و ئێران پێکەوە چارەسەری دۆخی لوبنان و عیراقیش دەکەن و لەژێر هەژموونی پاکسی ئێرانۆ- سعودیـدا، شانسی هێوربوونەوەیەکی فراوان لەئارادایە. بەمشێوەیە گریمانەی بێدەنگییەکی چەندایەتی و چۆنایەتی میلیشیاکان بە درۆن و مووشەکەکانیشیانەوە لەئارادایە.

 جێبەجێکردنی پاکسی ئێرانۆ- سعودی، دەرگایەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامیش دەکاتەوە تا لەو پەراوێزانە بێتە دەرەوە کە چەندین ساڵە تێیاندا قەتیس ماوە. هەروەها ئەو وێنەیەش بدڕێنێت کە بزووتنەوەی ناڕەزایی لە ساڵی رابردوودا بۆی دروستکرد. هەروەک چۆن شانسی ئەوەشی دەداتێ فشارەکانی رۆژئاوای لەسەر کەمببێتەوە و زیاتر وەک ئەکتەری سەقامگیری و ئاسایش خۆی بخاتە سەر شانۆکان، نەک وەک تێکدەر و نەفرەتلێکراو. کۆماری ئیسلامی تەواو هوشیارە بەوەی رێککەوتن لەگەڵ سعودیە، واتە رێککەوتن لەگەڵ میسر، ئوردن، وڵاتانی کەندا و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەوە چەند عەرەبی سعودیە و چەند چین پێویستیان بەم رێککەوتنە هەیە، هێندەش کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستی پێیەتی.

 بەکورتی؛ ئێمەی رۆژهەڵاتی، ئیتر سەر بە هەر دەوڵەت و نەتەوە و گرووپێک بین، لە ساتەوەختێکی یەکجار گرنگدا دەژین کە تیایدا پارادیگمەکان دەگۆڕێن و لە رێگەی پاکسی ئێرانۆ- سعودیەوە، چیتر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 20 ساڵی داهاتوو، هەمان ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی 20 ساڵی رابردوو نابێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: دەوڵەت و کۆمەڵگە و نەتەوە و گرووپە جیاوازەکان، چۆن و چەند و تاکوێ لەم گۆڕانکارییە مەزنە تێدەگەن و دەتوانن خۆیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی، ئامادەبکەن؟

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan