د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

تورکیای نوێی سەرۆک ئەردۆغان

ساتەوەختی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی دنیای عەرەبی، لە کۆتایی ساڵی 2010 دا، لە هەمان کاتدا ساتەوەختی پێداچوونەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیای سەرۆک ئەردۆغانە. لەم داڕشتنەوەیەدا، تورکیای داد و گەشەپێدان پێیوابوو کە ئەو مۆدێلە تایبەت و تاقانەیەی کە دروستیکردووە، دەکرێت بگوێزرێتەوە بۆ تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ فۆڕمەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەیان لەسەر بینابکرێتەوە، دروست وەک سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کاتێک کە ئیمام خومەینی دەیویست رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر هەمان مۆدێلی کۆماری ئیسلامیی ئێران بینابکاتەوە.
 
دوازدە ساڵ دواتر، هەر وەک چۆن ئیمام خومەینی سەرکەوتوو نەبوو لە گواستنەوەی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتانی دیکە، ئاواش سەرۆک ئەردۆغان تێگەیشت کە نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو لە بیناکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مۆدێلی داد و گەشەپێدان، بەڵکو ئەم سیاسەتە وایکرد کە تورکیا لە دەوڵەتێکی گەورە و خاوەن پێگەی تایبەت لەنێو سیستمی جیهانیدا گوزەربکات بۆ دەوڵەتێکی پەراوێزخراو و تەنانەت سەرۆک ئەردۆغانیش لە کەسایەتییەکی کۆکەرەوەی جیهانیەوە ببێتە (پێرسۆنا نۆن گراتا\ Persona non grata) بە لاتینی و بە عەرەبیش دەبێتە (شخصًا غیر مرغوب فیه).
 
لەنێوان چرکەساتی سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە ئەمەریکادا و چرکەساتی جەنگی ڤلادیمیر پۆتین لە ئۆکراینا، تورکیای سەرۆک ئەردۆغان سەرقاڵی چوونە دەرەوەیە لەو وەهمانەی کە لە دوازدە ساڵی رابردوودا بۆ خۆی دروستکردبوو. پرۆسێسی چوونە دەرەوە لە وەهم، بە گەڕانەوەیەکی بەهێز و چڕ و کارا بۆ عەقڵی ساردی دەوڵەت و بۆ کولتووری پەیوەندییە کلاسیکییەکانی تورکیا بە جیهانەوە. ئەم پارادایمە نوێیە چەند دەرکەوتەی گرنگی هەیە و دەکرێت لە رێگەیانەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە سروشتی زەمەنی نوێی تورکیای سەرۆک ئەردۆغان تێبگەین.
 
کۆتایی تورکیای برایانی مسوڵمان
شۆڕشەکانی تونس و میسر لە کۆتایی 2010 و سەرەتای 2011 دا دەستپێکی پەیوەندییەکی بەهێز و دینامیکیی نێوان تورکیا و رێکخراوی برایانی مسوڵمان بوو. تورکیا لە یەککاتدا لە وەهمی ئەوەدا دەژیا کە لەهەر یەکێک لەم دوو وڵاتەدا، برایانی مسوڵمان دێن و مۆدێلی تورکی کۆپی دەکەن و دنیای خۆیانی لەسەر دروستدەکەنەوە و پاشان تۆڕێک لە پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماسی و تەنانەت ئەمنی و سەربازیشی لەگەڵدا دروستدەکەن و پێکەوە دەبنە پۆلێکی تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەپێناو ئەم وەهمەدا، تورکیا لەسەر ئاستی دەوڵەت باجی گەورەی دا، بۆ نموونە سیستمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەک هەر میسر و تونس دا تێکچوو، بەڵکو گرفتی گەورەشی بۆ خۆی دروستکرد لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەدا کە رێکخراوی برایانی مسوڵمان بە هەڕەشە لەسەر خۆیانی دەزانن و نموونەی ئەو گرفتانەش زۆرن و رەنگە لێرەدا نەتوانین ریزیان بکەین.

پێداچوونەوەی ئەم وەهمە و بیناکردنەوەی پارادایمێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن خودی سەرۆک ئەردۆغانەوە، بە پەراوێزخستنی رێکخراوی برایانی مسوڵمان دەستپێدەکات و لێرە بەدواوە برایانی مسوڵمان نابنە چەقی ئەو پەیوەندییانەی کە سەرۆک ئەردۆغان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستنەوە.

گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل
لە 12 ساڵی رابردوودا و بەناوی کۆمەڵێک درووشمی ئایدۆلۆژی و عاتیفییەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە خراپترین دۆخیاندا بوون. راستە هەرگیز لە یەکتری نەپچڕاون، بەڵام ئەوەش راستە کە کێشەی فەلەستین لە چاپە حەماسییەکەیدا، زاڵببوو بەسەر حیکایەتە سیاسییەکانی سەرۆک ئەردۆغاندا کە بەلایەوە زۆر گرنگبوو خۆی وەک سەلاحەدینی نوێی دنیای عەرەب و رزگارکەری قودس بخاتە سەر شانۆکان.

لەم پارادایمە نوێیەدا، تورکیا نەک هەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاساییدەکاتەوە، بەڵکو بە لووتکەی پرۆتۆکۆڵەوە خودی سەرۆک ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکی ئیسرائیل دەکات و خێزانەکەشی بە حیجابەکەیەوە پێشوازی لە خانمی یەکەمی ئیسرائیل دەکات و پێکەوە لەسەر خوانی ئێوارە کۆدەبنەوە. ئەمە یەکێکە لەو ئاماژە هەر گرنگانەی کە دەمانبەنەوە سەر تێزی گۆڕینی سیاسەتی سەرۆک ئەردۆغان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرە بەدواوە و لە حیکایەتەکانی سەرۆکدا، ئیسرائیل وەک دووژمن و حەماس وەک هاوپەیمان پێناسە ناکرێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری تورکیا دەخرێنە پێش ئایدۆلۆژیا و پرسی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی تورکیا دەخرێتە پێش پرسە عاتیفییەکانەوە.

یەکێتیی ئەوروپا وەک قوڵایی
 لە 10 ساڵی رابردوودا کەم وڵاتی ئەوروپایی ماوە کە گرفتی لەگەڵ تورکیای سەرۆک ئەردۆغاندا نەبووبێت، هەر لە یۆنانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە ئەڵمانیا و فەرەنسا. ئەم گرفتانە لەیەک کاتدا ئابووری، سیاسی، کولتووری و تەنانەت ئەمنیش بوون. تورکیا بە کارتی ئاو و کۆچبەران هەمیشە گوشاری خستووەتە سەر ئەوروپا و وڵاتانی ئەورپاییش بە کارتی دیپلۆماسی و ئابووری گوشاریان خستووەتە سەر تورکیا. لەنێو هەلومەرجێکی 10 ساڵەی وادا، دۆڕاوی یەکەم تورکیا بوو!
 
وشیار بەم دۆڕانە و دەرەنجامە سەختەکانی لەسەر وڵاتەکەی، سەرۆک ئەردۆغان دەخوازێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت و دوورکەوێتەوە لە گوتاری بەریەککەوتن و لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەوروپادا بکاتەوە. لاپەڕەیەک کە هاوئاهەنگبێ لەگەڵ ئەو مێژووەی کە لە سەد ساڵی رابردوودا تورکیا و ئەوروپا پێکەوە دروستیانکردووە.
راستە ئێستا تورکیا ئەندام نییە لە یەکێتیی ئەوروپادا، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە یەکێتیی ئەوروپا، نەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قووڵایی ئابووری و سیاسی و ئاسایش و تەنانەت لە چەند ئاستێکیشدا کولتووری تورکیان و هەر دەستکاریکردنێکی ئەم هاوکێشەیە هەمیشە بە زیانی تورکیا کۆتایی دێت.
 
تورکیا و ناتۆ
یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانم کە دیپلۆماتێکی ئەوروپاییە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دنیای توێژینەوەدا هەیە، دوو ساڵ لەمەوێش باسی کۆبوونەوەیەکی ناتۆی بۆ کردم کە خۆی بەشداربووە تێیدا. لەم کۆبوونەوەیەدا بەریەککەوتنێکی تووند لەنێوان ژەنەراڵە تورکەکان و ژەنەراڵە ئەمەریکی و ئەوروپییەکاندا روویداوە، بەڕادەیەک کە بە تورکەکانیان وتووە: لێرە بەدواوە دەکرێت بیر لەوە بکەینەوە کە تاوەکو چەند پێگەتان لەنێو ناتۆدا هەیە و ئایا هەر بەڕاستی ئێوە خاینەکانی نێو ناتۆ نین؟
جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراینادا دەریخست کە ئەم گوتارەی ناتۆ لەگەڵ تورکیادا نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو دەکرێت باجەکەی زۆر گران و قورسبێت. لەم چرکەساتەدا، تورکیا و ناتۆش تێگەیشتن لەوەی کە چەند پێویستیان بەیەکترە و چەند گرنگە پەیوەندییەکانیان سەرلەنوێ داڕێژنەوە.

بەهێزکردنەوەی پێگەی تورکیا لەنێو ناتۆدا و داننان بە رۆڵە مێژووییەکەیدا، هەلومەرجی دوورکەوتنەوەی تورکیا لە رووسیا ئامادەدەکات، بەمەرجێک ناتۆ وەک ستراتیژ مامەڵە بکات و ئەو هەستە لای سەرۆک ئەردۆغان دروستنەکات کە تەنیا لەسەر ئاستی تەکنیکی و بۆ ئێستا و ئێرە سیستمی مامەڵەکان گۆڕاون.
 
کێشەی کورد لە تورکیای نوێدا

ئەگەر بڕیاربێ تورکیای نوێی سەرۆک ئەردۆغان بکرێتە بەشێکی گرنگ لە چارەسەری گرفتەکان لە جیهاندا و دووربکەوێتەوە لەوەی کە خۆی بەشێکبێ لە گرفتەکان، پێموایە دەکرێت ئومێدی ئەوە بکرێت کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد لە تورکیادا بە لۆژیکی سیاسەت نەک ئاسایش دەستپێبکاتەوە.

لە رێگەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کورددا، سەرۆک ئەردۆغان دەتوانێت پەیامی دڵنیاکەرەوە بۆ وڵاتانی سیستمی جیهانی بنێرێت کە تورکیا وەک وڵاتێکی رێزلێگیر و و مامەڵە لەگەڵداکراودا دەتوانێت گرفتەکانی بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیانە چارەسەر بکات. پەیامێکی لەم شێوەیە دەستکاری گرنگی ئامادەیی وێنەی تورکیا لە جیهاندا دەکات.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، پەیوەندیی ستراتیژیی تورکیا بە هەرێمی کوردستانەوە، دەکرێت وەک سەرمایەیەکی رەمزی مۆبیلیزە بکرێت بۆ مامەڵەی ئاشتیخوازانە لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیادا.

*بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عیراق


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan