کوردستانی

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات
مەودا میدیا-

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات بە هاوڵاتییان لە هاتنی وەرزی سەرما و بڵاوبوونەوەی پەتا باوەکان و کۆرۆنا بەتایبەت لەو بارەیەوە رایگەیاند، پێویستە هاوڵاتییان لە ئێستا بەدواوە زیاتر خۆیان بپارێزن لە تێکەڵاوی و شوێنی قەرەباڵغ  و زیاتر پابەندبن بە رێنماییە خۆپارێزی و تاکپارێزییەکان، چونکە کەشی سارد هاوکارێکی باشە بۆ گواستنەوەی پەتاکان بەتایبەت کۆرۆنا.

پێشتر بەرداوەم پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئاماژەیان بەوەدەکرد کە کەشی سارد  هاوکارێکی باشە بۆ گواستنەوەی پەتا وەرزییەکان بەتایبەت کۆرۆنا ئێستاش بەرەو وەرزی پایز و گۆڕانی کەشوهەوا لە گەرماوە بۆ ساردی دەچێن، ئەو کەشەش بۆ خێرا گواستنەوەی کۆرۆنا گونجاوە و لەو بارەیەوە دکتۆر رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین زیاتر پابەندبن بە رێکارە خۆپارێزییەکان و دوربکەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بەریەکەوتنی زۆر بەتایبەت لە ئێستا بەدواوە، چونکە کەشوهەوا بەرەو سارد و سەرما دەڕوات و ئەو کەشەش یارمەتی دەرە بۆ گواستنەوەی و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا و پەتاکانی دیکەش لە ناو هاوڵاتییاندا".

سەبارەت بە ڤاکسینیش ئاماژەی بەوەکرد "لە ئێستادا هاوڵاتییان بەڕێژەیەکی بەرچاو روو لە ناوەندەکانی وەرگرتنی ڤاکسین دەکەن،  تا ئێستاش زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە،  رێژەکەش لە بەرزبوونەوەدایە و وەزارەتی تەندروستیش بەردەوام لە هەوڵی دابینکردنی زیاتری ڤاکسین و کردنەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە بنکەکانی لێدانی ڤاکسیندایە، لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن مامۆستایانەوە وتی، زیاتر لە سی هەزار مامۆستا ڤاکسینیان وەرگرتووە و  بەردەوامیشن لە وەرگرتنی".

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی لەبارەی ساختەکردنی کارتی ئەلکترۆنی وەرگرتنی ڤاکسین ئاشکرایکرد "لە ئیستادا وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵی دروستکردنی کارتێکی ئەلکترۆنی تایبەتدایە بۆ ئەو کەسانەی کە ڤاکسین وەردەگرن کە بەهیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت، هاوڵاتییان دەتوانن لە کاتی گەشتی دەرەوەی وڵات بەکاریبهێنن و وەک کارتێکی نێوەدەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

ر. ر



Qaiwan
Qaiwan