کوردستانی

" بۆچی نا فیدراڵی بۆ تورکیا زۆرباشە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


" بۆچی نا فیدراڵی بۆ تورکیا زۆرباشە"
مەودا میدیا-

لە ئێستادا چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا یەکێکە لە پرسە گەرم و هەنوکەییەکان، چاودێرێکی سیاسییش دەڵێت "باسکردنی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا لە لایەن هەندێک لە پارتە تورکییەکانەوە ئەگەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت، هەنگاوێکی ئومێدبەخشە".

دکتۆر فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی سەبارەت بە وروژاندنی پرسی کێشەی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا لە ئیستادا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەگەر ئەو بابەتە بۆ جوڵاندنی سۆزی شەقامی کوردی نەبێت لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لەساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، هەنگاوێکی ئیجابی و جێی ئومێدە، دەبێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکەم شت هەوڵبدەن کۆی سیستەمی حکومڕانی لەو وڵاتەدا بگۆڕن بۆ دیموکراسی، بۆ ئەوەی هەموو نەتەوە و گەلانی تورکیا بە مافەکانیان بگەن. جەختیشیکردەوە، بۆچی نا؟ فیدراڵی بۆ تورکیا زۆرباشە. وەک ئەوەی لە عیراق هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەیانەوێت رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەی لە دەسەڵات دوربخنەوە رەنگە جوڵنادنی پرسی کورد لە ئێستادا بۆ ئەو مەبەستەبێت شکست بە ئەردۆغان بهێنن لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەو وڵاتەدا".

ئاماژەی بەوەشكرد "کورد لە تورکیا چەندین دەیە بەڵکو چەندین سەدەیە تێکۆشان و خەبات دەکات، هەموو شتێکی کردووەتە قوربانی لە پێناو مانەوە و پاراستنی شوناسی کورد لەو وڵاتەدا، دەبێت سیاسەت مەدارانی کورد لە باکوری کوردستان هیچ دەرفەتێک لەدەست نەدەن و هەر دۆخێک کە لەبەرژەوەندی کورد دێتە پێشەوە سوودی لێ وەربگرن بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی دۆزی کورد لەو وڵاتەدا".

باسی لەوەشکرد "بۆ ئەوەی مافی کورد و هەموو نەتەوەکانی دیکە لە تورکیا دەستەبەربکرێت، دەبێت سەرلەنوێ دەستوری ئەو وڵاتە دابڕێژرێتەوە بە جۆرێک کە دان بەتاواوی نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەدا بنرێت و یەکسان بن لە مافدا".

ر. ر 


Qaiwan
Qaiwan