کوردستانی

مەسرور بارزانی: ئەگەر پارەمان هەبێت قەرەبووی مووچە نەدراوەکانیش دەکەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی: ئەگەر پارەمان هەبێت قەرەبووی مووچە نەدراوەکانیش دەکەینەوە
مەودا میدیا-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کوالێتیی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک کوالێتیی نەوتی برێنت نییە، کوالێتیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە برێنت نزمترە، ئاماژەی بەوەشکرد مووچەمان هەبێت قەرەبووی مووچە نەدراوەکانیش دەکەینەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ 41 خوێندکاری نۆ زانکۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دەرهێنانی نەوت دوو بابەتی سەرەکییە، یەکێکیان ئەوەیە، ئەو کۆمپانیایانەی هاتوون لێرە وەبەرهێنانیان کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت، بابەتەکەی دیکەش فرۆشتنی نەوتە، کە ئەوانیش هەندێک کۆمپانیای دیکەن گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەو نەوتەی دەردێت دواتر دەیبەن و دەیفرۆشن و داهاتەکەشی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "زۆرجار دەبیستین هەندێک داتا و ژمارە دەخرێنەڕوو، کە دوورن لە راستیەوە، هەر یەکێک دێت و دەڵێت ئەوەندە بەرمیلە نەوتە دەردێت، نرخی نەوت بەوەندەیە و داهاتی هەرێمی کوردستان ئەوەندە دەکات، لە راستیدا ئەمە وانییە. جارێ ئەو کۆمپانیایانەی نەوت دەردەهێنن تێچووی دەرهێنانیان هەیە، هەر کۆمپانیایەک دێت لێرە وەبەرهێنان دەکات، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە بە مروری زەمەن چۆن ئەو سەرمایەی خۆی کە وەبەرهێنانی تێدا کردووە چۆن بۆی بگەڕێتەوە، تێچووی دەرهێنانی نەوتەکەشی دەکەوێتە سەر، بەشێک لەو پارەیە دەبێت بۆ ئەو کۆمپانیایانە بگەڕێتەوە ئەوانەی کە نەوتەکە دەکڕن، ئەوانیش بە هەمان شێوە رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە بە چ نرخێک دەبێت نەوتەکە بکڕن".

لە درێژەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا مەسرور بارزانی وتی "کوالێتیی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک کوالێتیی نەوتی برێنت نییە، کوالێتیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە برێنت نزمترە".

لەبارەی لێبڕینی مووچەوە وتیشی "زۆربەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ئەو حکومەتە سیاسییە، ئەگینا ئەو کەسانەی ئەو بابەتە دەوروژێنن و بە هەڵە خەڵک تێدەگەیێنن، دێن و دەڵێن ئەم حکومەتە تەنیا بۆ هەڵبژاردن لێبڕینی مووچەی نەهێشتووە، جارێ ئەمە لێبڕین نییەو من هەرگیز نەمگوتووە مووچە دەبڕین، ئەمەش بڕیارێکی کەسی نەبووە، بەڵکو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بووە، ئینجا ئێستا یەکێک لەبەر هەڵبژاردن نایەوێت بەرگەی بەرپرسیاریێتی بگرێت، من لە بەرپرسیاریێتی ناترسم بە تاقی تەنیاش بم بەرگەی بەرپرسیاریێتیەکە دەگرم. ئێمە گوتوومانە بودجەی بەردەست چەندە، زۆربەی زۆری بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێنینەوە. ئەگەر حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی نەنارد و بەشەکەی خۆمان بەشی نەکرد، لەکوێ بێنین؟".

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد "ئەو بەڕێزانەی ئەو پرسیارانە فڕێدەدەنە ناو کۆمەڵگە کە حکومەت تەنیا بۆ هەڵبژاردن مووچە دەدات، ئەمە راست نییە و تەنیا بۆ هەڵبژاردن نییە، مووچەمان هەبێت قەرەبووی مووچە نەدراوەکانیش دەکەینەوە، ئەگەر هەمانبێت.. ئەگەر نەمانبێت من بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم ئەوەی بەردەستە ئەولەویەت بۆ هاووڵاتییە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan