کوردستانی

مەسرور بارزانی: دوای هەڵبژاردن قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی: دوای هەڵبژاردن قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات
مەودا میدیا-

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەیامێكی بڵاوكردەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەدا رایگەیاند "پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامداوە و وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەردوولاش هاوڕابوون‌ لە سەر گرنگیی لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون كردن بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف و لەكاتێكی دیاریكراودا، بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە كاتی پڕۆسەی دەنگداندا روویاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات، هیوادارم هەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی هاوڵاتییانی كوردستان بە دەست دەهێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەكدەنگی و پێكەوە، كاربكەن لە پێناو داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و پەرەپێدانی كولتووری دیموكراسی و ڕێزگرتن لە پرنسیپەكانی هاوبەشیی و هاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدرالی لە عیراقدا".

وتی "خوازیارم نوێنەرانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پشت لە ململانێ ناوخۆییەكان بكەن و هەموویان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، كار بكەن بۆ ئەوەی، پێگەی هەرێمی كوردستان، لە عیراقی فیدرالدا بەهێز ببێت و مافە دەستورییەكانی كوردستانییان دەستەبەر بكرێن".

س.ر

Qaiwan
Qaiwan