کوردستانی

بزووتنەوەی گۆڕان هەواڵێک رەتدەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەی گۆڕان هەواڵێک رەتدەکاتەوە
مەودا میدیا-

دوای شکستی گۆران لە هەڵبژاردنەکان و دەستلەکارکێشانەوەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە، ئێستا چاوی هەمووان لەسەر ئەو بزووتنەوەیەیە داخۆ هەنگاوی داهاتوی چی دەبێت، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەندێک پێگەی هەواڵی باس لەوە دەکرا سبەینێ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، بەڵام وتەبێژی بزووتنەوەکە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، سبەینێ جڤاتی گشتی کۆنابێتەوە دیاریشنییە کە کەی کۆدەبێتەوە.

جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی بزووتنەوەکەیان دەکەن، ئەمڕۆژانەش پرسی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت پرسێکی گەرمە و جێی بایەخی میدیاکانە، کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە چاوێکی زۆری لەسەردەبێت ئەگەر ئەنجامبدرێت هەربۆیە ئەمڕۆ باس لەوە دەکرا کە سبەینێ شەممە جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و پرسی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەی چەند ئۆرگانێکی دیکە تاوتوێ دەکات، سەبارەت بەو پرسە دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو هەواڵەی کە باس لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی دەکات لە سبەینێ شەممە راست نییە".

لای خۆشیەوە سەبارەت بەو پرسە خه‌لیل سه‌ركانی، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "جارێ زووە بۆ ئەوەی بڕیار لە کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بدەین، چونکە تەنها چەند رۆژێکی کەم بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، وتیشی، ئەوپرسە دەبیت بە راوێژ و گفتوگۆ یەکلابکرێتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عیراق کە لە 10ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشودا خاوەنی پێنج کورسی پەرلەمانی عیراق بوو، بەو هۆیەشەوە خانەی راپەڕاندنی بزووتەنوەی گۆڕان دەستیلەکارکێشایەوە.

ر. ر



Qaiwan
Qaiwan