کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لەمەودوا پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لەمەودوا پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان
مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.

نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرپەرشتیار و فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا ئامادەیبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی دووبارە پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی قوڵی خۆی دەربڕی بۆ شەھیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی ئەو سنوورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان، لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە چەندین جار ھۆشداریمان داوە بە حکومەتی عیراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سوود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە "ئێمە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین کە ئەمەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپارد کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاو کراوەتر بن لە بەرانبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن و وەک ھەمیشە گیانفیدابن لەپێناو ژیانی خەڵک و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan