کوردستانی

سەرەڕای کەمبارانی جوتیاران دەستیان بە تۆوکردن کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرەڕای کەمبارانی جوتیاران دەستیان بە تۆوکردن کردووە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

هەرچەندە تا ئێستا بارانی پێویست نەباریوە بۆ تۆوکردنی دانەوێڵە، بەڵام جوتیاران دەستیان بە تۆوکردن کردووە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت "500 هەزار تۆن بنەتۆویان بەسەر جوتیاراندا دابەشکردووە بە پێشەکی 100 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک".

وشکەساڵی و کەمبارانی ئەمساڵ وای لە جوتیاران کرد پرۆسەی تۆوکردنی دانەوێڵە دوابخەن بەو هیوایەی بارانی پێویست ببارێت (پەڵە بدات)، بەڵام کات درەنگبووە و جوتیاران بە ئومێدی باران بارین دەستیان  بە تۆوکردن کردووە و حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "وەزارەتی کشتوکاڵ بڕی 500 هەزار تۆن گەنمی بە پێشەکی 100 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک بە جوتیاران داوە و وەک پاڵپشتی پێدانی بنەتۆو".

ئاماژەی بەوەشکرد "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە بڕی سەمادی پێویستیش دابین بکات بۆمان بۆ ئەوەی دواتر بەسەر جوتیاراندا دابەشی بکەین".

قادر کەریم رەشید، جوتیارێکی دەشتی بازیانە و بە مەودا میدیای وت "پشتیوان بە خوا دەست بە تۆوکردن دەکەین و جارێ کاتیش ماوە بۆ باران بارینی پێویست بۆ دەغڵ و دان، لەبەر ئەوە نابێت جوتیاران لە تۆکردن بوەستن و بێ ئومێدببن، لە رابردووشدا ساڵ هەبووە پەڵە دواکەوتووە و تۆویشکراوە و بەرهەمی باشیشی هەبووە".

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan